ئەمریكا و توركیا سەبارەت بە پێكدادانەكانی نێوان كورد و چەكدارەكانی سەر بە توركیا كۆبوونەوە
2 ڕۆژ لەمەوپێش
هاوڵاتی
- رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە ئەنقەرە کۆبوونەوە.
- تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە، شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییەی نێوان ه*ە*س*ە*د*ە و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا لە باکووری سووریا بووە.
- لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە بەرژەوەندیی هاوبەش و پشتگیریی لە سوورییەکان لە قۆناخی راگوزەری سیاسیی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان و بەرپرسیار کراوە.
ماتیو میڵەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئەمریكا ڕایگەیاند سەرۆککۆماری تورکیا و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە، شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییەی نێوان هەسەدە و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا لە باکووری سووریا بووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە ئەنقەرە کۆبوونەوە و بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە لەسەر داهاتووی سووریا و هاوئاهەنگیی واشنتن و ئەنقەرە لە قۆناخی داهاتووی ئەو وڵاتە بووە.
لەبارەی کۆبوونەوەکە، ماتیو میڵەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە بەرژەوەندیی هاوبەش و پشتگیریی لە سوورییەکان لە قۆناخی راگوزەری سیاسیی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان و بەرپرسیار کراوە".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاند: "هەردوولا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پێویستە رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگیرێت و خەڵکی سڤیل بپارێزرێن، بەتایبەتی کەمینەکانی سووریا. بلینکن دڵنیایی داوە لە درێژەدان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە سووریا".
بەگوێرەی میدیای تورکیا، ئەردۆغان بە بلینکنی راگەیاندووە، ئەنقەرە رێکاری خۆپارێزی لە سووریا دەگرێتەبەر لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی لە دژی "هێزە تیرۆستییەکان" بە تایبەتی لە دژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و بەڵێنیشیداوە تورکیا رێگەنەدات هیچ لاوازییەک لە شەڕی دژ بە داعش بەدیبکرێت؛ لە هەمان کاتیشدا رێگە نادات پەکەکە و گرووپەکانی نزیکی، دەرفەتی ئەو دۆخە نوێیەی لە سووریا هاتووەتە پێش، بقۆزنەوە.