ئەنجوومەنی سەربازیی منبج سەبارەت بە شەڕەكانیان لەگەڵ گرووپەكانی سەر بە توركیا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە
2 ڕۆژ لەمەوپێش
هاوڵاتی
- هێزەکانیان هێرشی گرووپە چەکدارەکانیان دژی پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرین تێکشکاندووە.
- گرووپە چەکدارەکان بە پشتیوانی 20 درۆنی تورکیا زیاتر لە 160 جار هێرشیانکردە سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق لە باشووری رۆژهەڵاتی منبج.
- لە سێ رۆژی شەڕدا 142 چەکداری گرووپە چەکدارەکان لە بەنداوی تشرین، 68 چەکدار لە پردی قەرەقۆزاق و 13 بەرپرسی گرووپەکان لە هەردوو شەڕەکەدا کوژراون.
ئەنجوومەنی سەربازیی منبج ڕایگەیاند دوای سێ رۆژ شەڕکردنی بەردەوام پلانی کۆنترۆڵکردنی پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی (تشرین)مان تێكشكاند.
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوی کردەوە رایگەیاند، هێزەکانیان هێرشی گرووپە چەکدارەکانیان دژی پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرین تێکشکاندووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: لە سێ رۆژی رابردوودا گرووپە چەکدارەکان بە پشتیوانی 20 درۆنی تورکیا زیاتر لە 160 جار هێرشیانکردە سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق لە باشووری رۆژهەڵاتی منبج، بەهۆیەوە شەڕی سەخت لەنێوان هێزەکانمان و چەکدارەکاندا ڕوویدا.
ئەنجوومەنی سەربازیی منبج کە سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدەیە) دەڵێت: لە ئەنجامی بۆردوومانی درۆنەکاندا بۆ بەنداوی تشرین، "زیانێکی زۆر بەر بەنداوەکە کەوتووە".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە شەڕڤانەکانیان بە "شێوازێکی نوێ شەڕیان لە دژی گرووپە چەکدارەکان کرد؛ بۆسەیان بۆ دانان و گورزی قورسیان لێدان".
وتيشى: لە ئەنجامی بەرخودانی هێزەکانمان، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق لەلایەن چەکدارەکانەوە پووچەڵ کرایەوە.
ئاماژەی بەوەکردووە، لە سێ رۆژی شەڕدا 142 چەکداری گرووپە چەکدارەکان لە بەنداوی تشرین، 68 چەکدار لە پردی قەرەقۆزاق و 13 بەرپرسی گرووپەکان لە هەردوو شەڕەکەدا کوژراون.
لەبارەی زیانی هێزەکانیانەوە ئەنجوومەنی سەربازیی منبج رایگەیاند، لە سێ رۆژی شەڕەکەدا هەشت شەڕڤانی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج گیانیان لەدەستداوە و 13ـی دیکەش بریندار بوون.