یەکێتی نیشتمانی بەرەو کوێ دەڕوات! (٣)

مەحموود مەمەدئاغا

یەک هەفتە لەمەوپێش



مەحموود مەمەدئاغا

کاتێک گوێمان لە ناوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەبێت، لە یەکەم کاردانەوەدا حیزبێکی شۆڕشگێڕی پێشکەوتنخوازی سۆسیال دیموکراتی کوردستانیی و نەتەوەییمان بیر دەخاتەوە. ئەو حیزبەی من و بنەماڵەکەم و سەدان و هەزاران خەباتکاری دیکەی کوردستان زەحمەت و ڕەنجی بۆ کێشا و لەپێناویدا ماڵ و ژیان و تەنانەت گیانی ئازیزیشیان کردە قوربانی. من کە هەوڵمداوە لە زنجیرەیەک کورتە وتاردا ڕا و سەرنجەکانی خۆم لەمەڕ یەکێتی دەربڕم، خاوەنی بنەماڵەیەکی نیشتمان پەروەر و یەکێتی خۆشەویستم و تەنانەت لەو پێناوەدا قوربانیی زۆرمان داوە. بێگومان کەس شەهید " حاجی داوی" برام، کە لە ڕێگای ئامانجە بەرز و پیرۆزەکانی گەل و یەکێتیدا گیانی ئازیزی بەخت کرد، لەبیر نەچۆتەوە. کێشەی من لەگەڵ سەدان و هەزاران چالاکوان و کادێر و ئەندام و پێشمەرگەی نێو ڕیزەکانی یەکێتی نییە. کێشەی من لەڕاستیدا بەلاڕێداچوون و ئەو ڕێگا چەواشە و نەشیاوەیە کە تاقمێک بەرپرسی ئێستای ناو سەرکردایەتی یەکێتی گرتوویانەتەبەر و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیان لە حیزبێکی شۆڕشگێڕ و کوردپەروەر و نوێخوازەوە بەرەو ئاقارێکی تەمومژاوی و تاریک و تەژی لە دواکەوتوویی و سەرلێشێواوی پاڵناوە و دڵسۆزترین و کارامەترین کادێرەکانی حیزبیان دوور خستووەتەوە. ئەمەش و کۆمەڵێک هۆکاری هاوچەشن، یەکێتییان لە حیزبێکی بەرینی جەماوەریی و ڕەوتێکی زیندووی کۆمەڵایەتییەوە تا ئاستی بازنەیەکی تەسک و تەنگەبەری تاقمێک دەسەڵاتداری ناکارامە دابەزاندووە. کەواتە بێهۆ نییە کە لە بەشەکانی پێشووی ئەم زنجیرە کورتە وتارانەدا باسم لە بچووکتربوونەوەی یەکێتی کرد و وتم کە بەهاری ئەو حیزبە ڕوو لە کۆتاییە و گیرۆدەی پاییزێکی سارد و سڕ و تەمومژاوییە.

لە بەشەکانی پێشووتردا ئاماژەم بەو خەسارەگەورەیە  کرد کە بە کۆچی دوایی نەمر مام جەلال لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان کەوت و وتم کە بۆ قەرەبووکردنەوەی و لەم قۆناغە هەستیارە نوێیەیدا پێویستی بە جێگرەوەیەک هەبوو. کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی هەنگاو و دەرفەتێکی باشی لە پێناو گەیشتن بە خەون و رۆئیاکانیدا خولقاند. لێرەدا یەکێک لە دیارترین و خۆشەویستترین کارێزماکانی یەکێتی نوێ، کەسایەتی دیار و بەوەج و پاک و پاراو، واتە کاک لاهور تاڵەبانی و هاوبیرەکانی، هیوا و هومێدی درێژەدان و لەسەرپێ ڕاگرتنی یەکێتییەکەی مام جەلالی دووبارە ڕوواندەوە و تین و تەوژمێکی نوێی بە ڕیزەکانی حیزب بەخشی. مەخابن کە زۆری نەخایاند و بەرچاوتەنگی و ئیرەیی ناڕەسەنی تاقمێکی قازانجپەرست ئەو هەلەی لە کیس یەکێتی دا. لێرە بەدواوە بوو کە پیلانگێڕیی و تێرۆری کەسایەتی و سڕینەوەی جیاوازبیران تەشەنەی سەند و ئەو حیزبە لە زۆرینەی بەها بەنرخەکانی خۆی، بێبەریی کرد. لەڕاستیدا کاک لاهور تاڵەبانی و کادێرە لەمیژینە و دیارەکان، نەک تەنیا تەهدید نەبوون، بەڵکوو لە دەرفەتە دەگەمەنەکانی نۆژەنکردنەوە و بووژانەوەی حیزب بوون کە تاقمی دەستڕۆیشتوو نەیاتوانی تەحەمووڵیان بکەن و لە پێناو چەند کورسییەکی نەزۆرکی دەسەڵاتیاندا، پەراوێزیان خستن. 

دەستەواژەی جەماوەریبوونی حیزب تەنیا لە دروشمی قەبە و بریقەداری سەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان و لافیتەی سەردیوار و بەردەرگاکاندا کورت ناکرێتەوە. جەماوەریبوون بەو مانایەیە کە ناوەرۆک و دروشم و کردەوەت یەک بێت، لە وەعدە و بەڵێنی درۆیینە کە ناتوانی بیانکەیت خۆت بپارێزیت، گاڵتە بە هەست و شعوری خەڵکی ناوخۆ و دەرەوەت نەکەیت، لە سەر بنەما دیموکڕاتیکە حیزبییەکانت و بەرنامە و پێڕەوی ناوخۆ و تاکتیک و ستراتێژییەکانت ڕژد بیت، وەفاداری خوێنی شەهیدان و بنەماڵەکانیان بیت، بەرنامە و پلانی شەفاف و ڕوونت بۆ ئارامیی و ئاوەدانی کۆمەڵگاکەت هەبێت و خوێندنەوەیەکی ورد و پروفێشیۆناڵت بۆ ئاڵوگۆڕ و ڕووداوەکان هەبێت و حیزبی سەرجەم چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان بیت و نەبیتە کانگای گەندەڵی و هەموو هەوڵێکت بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆت و دەستوپێوەندەکانت نەبێت، پێویستە هەر هەنگاوێکت پارێزەری بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵک و خاکی کوردستاندا بێت. ئەمانەی ئاماژەم پێدان، سەرەتاییترین تایبەتمەندییەکانی حیزبێکی جەماوەریی و نەتەوەییە. ئەمانەن کە یەکێتی نیشتمانی شار و شاخ، ئێستا و کۆن، لەیەکتری جیا دەکاتەوە. یەکێتی نیشتمانی ساڵانی پێشوو، سەرەڕای سەرجەم کەموکوڕی و هەڵەکانی، دیسانیش پربوو لە تایبەتمەندیی جوان و مرۆیی کە بەداخەوە ئێستاکە تێیدا بەدی ناکرێت.

کاتێک دەڵێین حیزب پێویستە لە هەردۆخێکدا بێت، وەفاداری گەلەکەی بێت، بەو واتایە دێت کە لە دۆخە هەستیارەکاندا پشت لە خەڵکەکەی نەکات و لە گیروگرفت و شەڕ و کێشە و دانووستانەکاندا تەنیا و تەنیا قازانجی خەڵکی خۆی لەبەرچاو بێت و ئەگەر پێویست بێت، لەو پێناوەدا خۆی و هەموو شتێکی فیدا بکات، نەک بۆ مەسڵەحەتی حیزبی و تاکەکەسی و کێبەرکێی نێوان لایەنەکان، خەڵک و خاکەکەی هەرزانفرۆش بکات.

تەنیا بە چاوخشاندنێک بەسەر جۆری مامەڵە و دانوستان و دیپلۆماسییە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی ئەم یەک دوو ساڵەی ڕابردووی یەکێتی نیشتمانیدا بە ڕوونی دەردەکەوێت کە ئەو حیزبە نەک تەنیا جارێک، بەڵکوو بە چەندین جار بەرژەوەندیی و هێما و پیرۆزییە نەتەوەییەکانی خۆی خستووەتە سەرووی بەرژەوەندیی گەلەکەی. ئەو حیزبە ڕێکەوتنی لەگەڵ وڵات و لایەن و دەستە و گروپی میلیشیای دژە کوردی خستووەتە پێش ڕێکەوتنەوە لەگەڵ لایەنە نەتەوەیی و کوردییەکان، کە ئەمەش خەساری زۆر گەورەی لە خەڵکی کوردستان، نەک هەر بەتەنیا لە باشووری کوردستان، بەڵکوو لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش داوە، کە بێگومان جێگای پەسندی گەلی خۆمان  و تەنانەت بەشێکی بەرچاوی نێو ڕیزەکانی خودی یەکێتیش نییە. ئەمەش بووتە هۆکاری ناڕەزایەتیی قووڵ لە نێو خەڵک و جەماوەری ناوەوە و دەرەوەی یەکێتی. لەوانەیە لەمڕۆدا خەڵک بە هۆی قەیرانە ئابووریی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانەوە دەرفەتی گونجاویان بۆ دوابڕیاری کۆتایی دەستنەکەوتبێت، بەڵام گومان لەوەدا نییە کە بە ئاڵوگۆڕی زیاتری بارودۆخەکە، مەجالی ئەمەش دەخوڵقێت. لە ئەگەری خراپتربوونی هەلومەرجەکەدا، ئەگەری ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان و ڕاپەڕینێکی سەراسەریی زیاتر دەبێت و لە دۆخی پێچەوانەشدا، واتە لە ئەگەری باشبوونی وەزعی ئابووریدا، خەڵک بێمنەت دەبن لە وەعدە و وەعیدەکانی ئەو حیزبە و بەرەبەرە لێی دوور دەکەونەوە. خەڵکی کوردستان سەلماندوویانە کە ملکەچی حیزب و خەڵکی خۆسەپێن و تاکڕەو و درۆزن نابن و شیاوی ژیانێکی شایستە و مرۆیی و پڕ لە ئاوەدانیی و بەختەوەرین. بۆ وەدیهاتنی خەون و ئاواتەکانیشیان درێژە بە خەباتی خۆیان پێدەدەن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار