بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا جۆلانی-یان قەبووڵ کرد؟

شێرکۆ کرمانج

یەک هەفتە لەمەوپێش



شێرکۆ کرمانج

ھاوڕێیەک لێی پرسیم، ئەوەی لە سووریا ڕوویدا، پیلانی تورکیا بوو، چۆن  ئەمریکا و ئیسرائیل قەبووڵیان کرد؟

منیش بۆم نووسی، من ناتوانم وەک تۆ بڵێم پیلانی ئەمریکا و ئیسرائیل بوو، چونکە بەڵگەم بەدەستەوە نییە، بەڵام گریمان وابوو، کە دەشکرێت وابێت. ئەوکات بۆ وەڵامی پرسیارەکەت دەڵێم، ھۆکار یان دافعی ئەمریکا و ئیسرائیل پچڕاندنی ھیلالی شیعی بوو، واتە دابڕاندنی ئێران لە حیزبوڵا و ڕێگریکردن لە زیندووبوونەوەی حیزبوڵا پاش ئەوەی کە لە چەند مانگی ڕابردوودا کۆزەرکوت کرا لەلایەن ئیسرائیل. ئیسرائیل ئەوە سێ جارە حیزبوڵا دەکوتێ، لە ھەشتاکان، لە نەوەتەکان، دواجار لە ٢٠٠٦ و ئەوەی ئێستاش. بەڵام ھەموو جارێک دوای لێدان، بە چەند ساڵێک لە جاران بەھێزتر دەبۆوە، دیارە بە یارمەتی ئێران و لە ڕێگەی سووریای ئەسەدەوە.

بۆیە ئیسرائیل بیری لە ستراتیجێک کردەوە کە دەستی ئێران لە باشووری لوبنان ببڕێت، بۆ ئەم کارە پێویستیان بە حکومەتێکی سوننیی مەزھەب بوو لە سووریا، ئەگەر مەیل بە ئیسلامیش بێت ئەوا خۆ باشتر، چونکە سوننە ئیسلامگەراکان دانویان لەگەڵ ئێرانییە شیعەگەراکان ناکوڵێ. بۆیە ھەیئەی تەحریری شام ئەو بژاردە گونجاوە بوو کە لە دیمەشق باڵا دەست بێت. ئێستا ئێران لانیکەم لە ڕێگای زەوییەوە بە ھیچ شێوەیەک ناگات بە حیزبوڵا، لە ڕێگای دەریاشەوە دەکەوێتە بن ڕەحمی ھێزی ئاسمانیی و دەریایی ئیسرائیل. بەکورتی، بە باڵادەستبوونی حکومەتێکی سوننی ئیسلامگەرا، ھیلالی شیعەگەرا پچڕێندرا.

من پێش ڕووخانی ئەسەد داوام لە ڕۆژاڤا، ھەسەدە، کرد کە ئەوان ھیلالی شیعە بپچڕێنن، واتە کۆنتڕۆڵی سنووری سووریا-عێراق بکەن لە ئەلبوکەمال-ەوە تا ئەلتەنەف. ھەسەدە ئەو کارەیان نەکرد، یان دەتوانم بڵێم کە زۆر زەحمەت بوو نەیانتوانی بیکەن، یان پشتیوانی ئەمریکا و ئیسرائیل-یان نەبوو بۆیە نەیان کرد.

ھەیئەی تەحریر شام ئەوەی کرد، بۆیە ئیسرائیل و ئەمریکا خۆشیشیان نەوێ بەڵام قەبووڵیانە، لانیکەم لە نزیکمەودا، چونکە خەمی گەورەیان لەم قۆناغە پەڕوباڵکردن و فسکردنەوەی ئێران-ە. خۆ ئەگەر ھەیئەی تەحریر و جۆلانی سەرکێشی بکەن، بە دەردی ھەنییە، یان نەسروڵا، یان سڵێمانی، یان ئێرانی دەبەن.

ھەر چۆنێک بێت، وانەکە ئەوەیە، ئەوەی لە گەمە جیۆپۆلەتیکییەکان نەگات و ھەنگاوی پێشوەختە نەهاوێت، لە یارییە نێودەوڵەتییەکان زوو دەردەھاویشترێت، بەتایبەتی ئەگەر دەوڵەتی نەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار