سوریای دوای ئەسەد
عەبدوڵڵا کۆمەڵە
7 ڕۆژ لەمەوپێش
ئامادەکردنی: عەبدوڵڵا کۆمەڵە
لە سەروبەندی خۆشحاڵی خەڵکی سوریا بە ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد کە زیاتر لە نیو سەدە بە ئاگرو ئاسن حوکمی ئەو ووڵاتەی دەکرد، هەیئەی تەحریری شام کە سەرکردایەتی شەڕی ڕووخاندنی ئەو ڕژێمەی کرد، جەخت دەکاتە سەر پاراستنی یەکڕیزی دەوڵەت و فراوانکردنی کۆنترۆڵی خۆی لە سەرانسەری وڵاتدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هێزە تاکە پارتی چەکدار نییە لە گۆڕەپانەکەدا، ئەمە جگە لە بنکەی سەربازی هێزە بیانییەکان.
چەندین گروپی چەکداری لە سوریا پێکهاتوون کە ئامانجیان ڕوخاندنی ڕژێمی ئەسەد بووە لەماوەی ١٣ ساڵی شەڕی ناوخۆدا، بەڵام ئەم هێزانە بۆ ئەم کارە یەک دەست نین و خاوەنی چەندین ئەجێندای جیاوازن و بەسەر وڵاتە دژبەیەکەکانی ناوچەکەدا دابەش بوون.
ڕاستە (هەتەشە) وەک ئەنجومەنێکی سەبازی یەکگرتو توانیتی بەسەرکەوتویی سەرکردایەتی هەڵمەتی ڕوخاندنی ڕژێمەکەی ئەسەد لە ئەستۆ بگرێ، بەڵام هەتا ئێستا پێکهاتەکانی ناو ئەم ئەنجومەنە نەیان توانیوە بەیەک دیدگای سیاسی یەکگرتوەوە بەرنامە ڕێژی بۆ سوریای دوای ئەسەد بکەن، کە ئەمەش دوورنیە لە داهاتویەکی نزیکدا وەکو بۆمبێکی تەوقیتکراو بەڕوی خۆیاندا بتەقێتەوە و ئەو وڵاتە بەرەو کارەساتی گەورەتر پەلکێش بکات.
هەرچەندە دەستەی تحرير الشام خۆی وەک باشترین بەدیل بۆ جێگرتنەوەی دەسەڵاتەکانی ئەسەد نیشان دەدات، بەڵام سەرکردەکانی باش ئاگاداری ئەو ئاستەنگانەن کە بۆ پاراستنی یەکڕیزی دەوڵەت لە پێشیاندایە.
هەیئەی تەحریر شام(هەتەشە)
پاش سەرهەڵدانی قەیرانی سوریا لە ساڵی 2011، چەندین گرووپی چەکدار سەریان هەڵدا کە هەندێکیان هەڵوەشانەوە و هەندێکی تریشیان تێکەڵ بە گروپەکانی تر بوون. لە سەرووی ئەم گروپانەدا هەیئەی تەحریری شام دێت کە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بە چوار قۆناغدا تێپەڕیوە:
- قۆناغی یەکەم (٢٠١٢ – ٢٠١٣)
ئەم ڕێکخراوە لە سەرەتای دامەزراندنیدا بەناوی (جەبهەی نوسرە)ەوە خۆی ڕاگەیاند و لە ڕوی داراییەوە دەوڵەتی ئیسلامی داعش پشتیوانی لێ دەکرد.
- قۆناغی دووەم (٢٠١٣ - ٢٠١٦)
لەم قۆناغەدا ڕێکخراوەکە لە داعش جیابوەوەو، سەرکردەکەیان(أبو محمد جۆلانی) چوە ژێر ڕکێفی ڕێکخراوی تیرۆریستی القاعیدەوە.
- قۆناغی سێیەم (٢٠١٦ - ٢٠١٧)
لەم قۆناغەدا ئەم ڕێکخراوە گۆڕانکاری بنچینەیی لە ئاراستەکەیدا ڕویدا، بەتایبەتی کاتێک جیابوونەوەی خۆی لە القاعیدە ڕاگەیاند و چالاکیەکانی خۆی تایبەت کرد بە ناو سنووری دیاریکراوی سوریاوە.
کە لەم قۆناغەدا گروپەکە بە جەبهەی فەتحولشام خۆی ناساند و ستراتیژێکی پەیڕەو کرد کە بریتی بوولە تێکشکاندنی گروپەکانی تر لە ئیدلب، بۆ ئەوەی نفوزی خۆی لەو ناوچەیە بپارێزێت و توانی زۆربەی ناوچەکانی ئەو شارە بپارێزێت.
قۆناغی چوارەم (٢٠١٧ تا ئێستا)
لە ساڵی 2017 ەوە گروپەکە لەگەڵ چەندین گرووپی نوێ تێکەڵ بووە و بە ناوی ئێستای خۆی ناسراوە و چالاکیەکانی زیاتر لەسەر کۆنترۆڵ و حوکمڕانی خۆجێیی بوو.
هەیئەی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانی ئێستا کۆنترۆڵی زۆربەی ئەو ناوچانە دەکەن کە لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئەسەددا بوون و بەم دواییانە توانیویانە کۆنترۆڵی پارێزگاکانی تەرطوس و لازقیەش بکەن لە کەناراوەکانی سوریا، هەروەکو کۆنترۆڵی پارێزگای دێرەزریشیان لەلای ڕۆژهەڵاتەوە کرد.
سوپای سوریای ئازاد
لەوەتەی شەڕ لە سوریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکردووە، ژمارەیەک لە ئەفسەرانی سوپای سوریا بەمەبەستی ڕوخاندنی ڕژێمەکەی ئەسەد لە ڕیزەکانی سوپا جیا بوونەوە و (سوپای سوریای ئازاد)یان دروست کرد، کە ئەو هێزە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا بەهێز بوون و ئەمریکیەکان هاوکاریان دەکردن.
هەروەها چەن گروپێکی دیکەش لە باشووری سوریا پێکهاتوون، بەتایبەتی لە دەرعا کە یەکێکە لەو ناوچانەی کە لە ساڵی 2011 ەوە دژی ئەسەد ڕاپەڕیوە. ئەم گروپانە لە ساڵی 2018 پاش رێککەوتنی "ئاشتبوونەوە" بە ڕابەرایەتی ڕوسیا لە باشوور کاریگەرییان لە دەستدا و ناچار بوون بەرەو باکوور بڕۆن. لەگەڵ حەیات تەحریر شام بەشدارییان کرد لە چوونە ناو دیمەشقی پایتەخت لە 8 ی کانوونی یەکەم. بەڵام توانیبویان ژمارەیەک پێگەی خۆیان له باشوور بهێڵنەوە و له دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد له دەرعا پێگەکانی سوپای سوریایان گرتە دەست.
هیچ هەماهەنگییەکی ڕوون لە نێوان ئەم گروپە جیابووەوانەی سوپای سوریا نییە، بەڵام بە گشتی بەشدارییان کردووە لە شەڕی "بەربەستی دەستدرێژی" بە سەرکردایەتی حەیات تەحریر شام.
گروپی(دروز)ەکان لە سوەیدا
لە شاری سوەیدا کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی دروزن، گروپێک بەناوی "پیاوانی شکۆمەند" درستبوون کە دوای لاوازبوونی ڕژێم لەو شارە دەستیان بەسەر پێگەکانی سوپای سوریادا گرت. ئەم گروپە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد نەبوو، بەڵام گەنجانی سوەیدا ڕەتیان کردەوە بچنە ڕیزی سوپای سوریاوە و پاش هێرشە خوێناوییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی داعش لە ساڵی 2018 پاراستنی شارەکە و دەوروبەریان گرتە ئەستۆ.
سوپای نیشتمانی سووریا
ئەم دەستەیە لەچەند گروپێکی ناهەماهەنگ دروستبوون، کە پێکهاتبوون لەو سەربازانەی لە سوپای سوریا هەڵاتبوون و وەک بەشێک لە "ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات" کە تورکیا پشتگیریان دەکات لە دژی ناوچەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان و لە ساڵی ٢٠١٧ وە چالاکیەکانی خۆیان دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەنجام دەدەن و لە شەڕدان لەگەڵیاندا..
هێزەکانی سوریای دیموکرات
ئەم ڕێکخراوە بەشێوەیەکی سەرەکی لە ناوچە کوردییەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا چالاکە و لە ساڵی 2015 بە پاڵپشتی واشنتن دامەزراوە کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی دامەزراندووە. هێزەکانی سوریای دیموکرات کە کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری ناوچە کوردنشینەکانی هاوسنووری تورکیایان کردووە، بەشداری شەڕی ڕووخاندنی ئەسەدیان نەکردووە. هەروەک چۆن هاوپەیمانی هەیئەی تەحریر شامیش نییە و داوای سوریایەکی عەلمانی دەکات کە ئۆتۆنۆمی بە کوردەکان ببەخشێت.
هێز و بنکە سەربازییە بیانییەکان
دوای دروستبوونی ڕووداوەکانی سوریا، ڕوسیا دوو بنکەی سەربازی گەورەی لە تەرتوس و حەمیم لە کەناراوەکانی سوریا" کردەوە، کە دەروازەیەکی ستراتیژی بۆ مۆسکۆ دابین دەکەن لە ناوچەی ئاوە گەرمەکاندا."
وتەبێژی کرملین دمیتری بێسکۆڤ گوتی: ڕوسیا پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا دەبەستێت سەبارەت بە بوونی سەربازیی مۆسکۆ و نوێنەرایەتی دیپلۆماسی ئەو ووڵاتە دوای ڕووخانی ئەسەد، هەروەها وتی: ئێمە لەگەڵ ئەو کەسانە پەیوەندیمان هەیە کە کۆنترۆڵی بارودۆخی سوریا دەکەن، چونکە لەوێ بنکەی سەربازی و نێردراوی دیپلۆماسیمان هەیە.
سەبارەت بە ئەمەریکا نزیکەی هەزار سەربازی لە 22 بنکەی سەربازی لە ڕۆژهەڵات و باکوری سوریا بڵاو کراونەتەوە کە زۆربەیان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی کوردەکانن. بڵاوەپێکردنی ئەم هێزانە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕ لە دژی داعش.
داهاتووی سوریا وەک وڵاتێک لە مەترسیدایە
بە پێی شیکردنەوەی سەنتەری کارنیگی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم پێشهاتانە، سوریا ڕووبەڕووی چەندین بەربەست دەبێتەوە لەوانە ناکۆکی بەرژەوەندییەکانی نێوان هێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، دابەشبوونی تایەفەگەری و دەستێوەردانی دەرەکی. شیکردنەوەکە پێشبینی ئەوە دەکات کە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد بەم خێراییە ئەم ئاستەنگانە خراپتر دەکات. شیکردنەوەی سەنتەرەکە مەزەندە دەکات ئەو هێزانەی کە لە شەڕەکەدا سەرکەوتووبوون بەریەک دەکەون و ئەمەش بەدیهێنانی ئاواتەکانی سوریا بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی چوارچێوەیەکی نیشتمانی گشتگیر و یەکگرتوو زەحمەت دەکات.
لە نێو ئەو سیناریۆیانەی کە بۆ داهاتووی سوریا پێشنیاری دەکرێن، لەوانەیە ململانێی دەسەڵات لە نێوان لایەنە جیاوازەکانی ئەو وڵاتەدا ڕووبدات یان تاکە هێزێک دەسەڵات بگرێتە دەست کە لەوانەیە لەلایەن دەستەی تەحریر شامەوە سەرکردایەتی بکرێت. هەرچۆنێک بێت. سوریا لاواز و نوقمی ململانێی ناوخۆیی دەمێنێتەوە و دەبێتە گۆڕەپانێکی کراوە بۆ دەستێوەردانی دەرەکی؛ کە دەبێتە ڕێگر لە هەوڵەکانی چاکسازی و سەقامگیرکردنی وڵاتەکە.