ساڵانی گرنگی نێوان ١٩١٨ و ١٩٢٠ لە کتێبی دوکتۆر سەباحی غالیب دا

ئەنوەر سوڵتانی
3 مانگ لەمەوپێش
ئەنوەر سوڵتانی
د.سەباحی غالیب، "مێژووی کورد و کوردستان – دۆزی کورد لە کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانییەوە تا کۆتایی پەیمانی سیڤەر ١٩١٨-١٩٢٠، توێژینەوەیەکی بەڵگەنامەیی"، بەرگی یەکەم، بەشی یەکەم و دووەم، ناشر: نووسەر، چاپی هەولێر ٢٠٢٢ ISBN: 978-3-932574-43-6
ئێمەی کورد مێژووی ڕەخنەگرانەی کوردستانمان بەپێنووسی خۆمان دەگمەن هەبێ- مێژوویەک کە چاک و خراپی ڕووداوەکانی بێلایەنانە هەڵسەنگاندبێت و ڕوونی کردبێتەوە. دیارە بەرهەمی مامۆستایانی وەک ئەمین زەکی و ڕەفیق حیلمی و چەند کەسێکی دیکە لەدەرەوەی ئەو بۆچوونەن، بەڵام هەواڵەکانی ئەو کەسانە بەگشتی لەسەر ساڵانێکی دیاریکراو و سەردەمێکی تایبەت ڕاگەیەنراوە و شوێنی مێژوویەکی گشتی و هەمەلایەنەی کوردستان هێشتا هەر بەتاڵ ماوەتەوە. لەم ساڵانەی دواییدا کتێبی فارسیی "تاریخ کردستان (١٣٣٠ تا ١٣٤٤ ی کۆچی)" نووسینی کەسایەتییەکی وون بەناوی 'مەلا محەمەد ڕەزا کوڕی سۆفی سەلیم'یش لە تاران بڵاو بۆتەوە کە سەرچاوەیەکی جێگەی باوەڕە بۆ ڕووداوەکانی ساڵانی شەڕی یەکەمی جیهانی لە شاری سنە و دەوروبەری. نووسەر کە مەلایەکی ئاسایی کۆمەڵگای ناوچەکەیە، لە کتێبەکەدا کێشەی شەڕ و گرانی و قاتوقڕی و هاتنی سپای ڕووس و بریتانیا و عوسمانی بۆ شارەکە و چۆنیەتی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ خەڵک و تاڵان و بڕۆی عەمبار و سامانی شار و کوشتنی نەیارانی خۆیان و هەژاری و برسیەتیی خەڵک و دەوری ئەرێ یی و نەرێ یی خەڵکانی ناوداری سنە و خێڵەکانی دەوروبەریمان بە زمانێکی ساکار بۆ دەگێڕێتەوە و ڕەخنە لە کاروبار و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڕووس و سپای بێدەسەڵاتی ئێران لە ناوچەکە، وەک دوو دیاردەی تەواوکەری زوڵم و زۆری بێگانان دەگرێ کە جێگەی خۆیەتی بکرێتە کوردی.[1]
بە حیسابی دەگمەن بوونی ئەو شێوە کارە بێلایەنانە لە مەڕ مێژووی کوردستان، دەرچوونی کتێبی "مێژووی کورد و کوردستان"ی دوکتۆر سەباحی غالیب دەبێ وەک هەواڵێکی خۆش سەیر بکرێت. نووسەر لە دوو بەرگ کتێبی پڕلاپەڕەی بەڵگەنامەیی خۆیدا خولیای دۆزینەوەی وەڵامی یەک پرسیاری کۆنکرێتە: ئایا لە ماوەی چەند ساڵی چارەنووس سازی دوای شەڕی یەکەمی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چۆن بوو گەلانی ژێر چەپۆکەی عوسمانی لە بەشی ئەوروپا و ئاسیادا توانییان ئازادیی خۆیان مسۆگەر بکەن و ببن بە خانی خانان، بەڵام گەلی کورد وەک تۆزی بانان مایەوە و بە ماندوویی لە قەراغ جادەی ئاواتە لەمێژینەکانی خۆی ڕۆنیشت، وەک دەشبینین تا ئەمڕۆ هەڵنەستاوەتەوە؟ ئایا کێشەی جیئۆپۆلیتیکی کوردستان بوو بە هۆکار، یا وریایی دوژمنانی ئێمە بەرگری سەرکەوتنمان بوو، یا ئێمە خۆمان و ڕێبەرەکانمان بووین فریوی دروشمی دوژمنەکانمان خوارد و نەمانتوانی بووکی ئەو سەربەخۆییەی تا بەردەرگای ماڵمان هاتبوو بانگهێشتنی ناوماڵ بکەین؟ نووسەر لەعەینی ئەوەدا کە بە هێنانەوەی بەڵگە، بەشداریکردنی بێدرێغی کۆمەڵانی گەلی کورد لە شەڕی یەکەم و لایەنگریکردنی ئێرە وئەوێیان لە ئینگلیز و ئاڵمانیا و زیاد لە هەموان فیداکاریی بێسنووریان بۆ سوڵتانەکانی عوسمانی و تەنانەت ئیتیحادییە تورکەکانی ئەتاتورک، پیشاندەدات، تا لاپەڕەکانی دوایی کتێبەکە لە هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی کورد بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی دەگەڕێت و دەقی پەیمانە نێونەتەوەییەکان دەپشکنێ بۆ ئەوەی بزانێ بۆچی ئەو شتە ڕوویدا و سەری کورد لەو کێشە و هەرایەی دوای شەڕی یەکەمدا بێ کڵاو مایەوە. ئەوە ناوەرۆکی سەرەکیی هەردوو بەرگ و ١٣ بەشی پڕ لاپەڕەی کتێبەکەیە کە بەداخەوە یا ئێستا سەرنجی پێویستی نەدراوەتێ.
هەروەها، بەشێک لەکتێبەکە تەرخان کراوە بۆ هەڵسەنگاندنی ژیان و کردەوە و هەڵوێست و ڕادەی توانای ڕێبەرانی کورد و پاڵەوانانی ئەو ڕۆژانەی گۆڕەپانی سیاسەت و هاوکاری نەکردنیان لەگەڵ یەکتر، نەناسینی دۆست و دوژمنی لاوەکی و تێنەگەیشتنیان لە سیاسەت و دۆخی هەرێمی و جیهانی و ڕادەی نزمی پابەندییان بە بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانی نەتەوەیی کوردەوە، هەر هەمووشی بەگوێرەی سەدان دۆکیومنتی خۆیی و بیانی و لەوانە بەڵگەنامەکانی ئەمریکا، هیند، ئێران، تورکیا، عیراق و چەند وەزارەتخانەی بریتانی وەک وەزارەتی کاروباری دەرەوە و وەزارەتی دیفاع و موستەعمەرات و باڵوێزخانەکانیان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم دێڕانەی خوارەوە لە درێژەی بابەتێکدان کە لە مانگی شەشی ساڵی ٢٠٢٢ دا بۆ هەڵسەنگاندنی کتێبەکە نووسیم و تێیدا لاپەڕەکانی تاقە یەک بەشی کتێبەکەم خستە بەرچاوی خوێنەر.[2] لێرەدا، چەند بەشی دیکەی کتێبەکە شیکراوەتەوە کە بریتین لە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کوردستانەوە لە سەردەمی کۆنفەرانسی ئاشتی لە پاریس و بەسترانی پەیمانی سیڤەر، دەوری سیاسەتگێڕانی ئەودەمی جیهان وەک بریتانیا و فڕەنسا و ئیتالیا و ڕێبەرانی کۆن و نوێی خاکی عوسمانی، هەروەها ڕێبەرانی کورد و نرخاندنی هەڵسوکەوتی هەندێکیان لەو پەیوەندییانەدا، کە شەریف پاشای خەندان، سمایل ئاغای سمکۆ، سەید تەهای شەمزینی، مەحموودخانی دزڵی و ... پاڵەوانانی ئەو ساڵانەی گۆڕەپانی سیاسەت لە هەردوودیوی سنووری عوسمانی و ئێران چەند بەشێکیەتی. ئەو هەڵسەنگاندنە لە لایەن کەسێکەوە کراوە کە تا مۆخی ئێسقان کوردە و ستایشی ڕێبەرانی دڵسۆز و لێزانی دەکا، بەڵام خۆشەویستیی وڵات و کەسایەتییەکانی نەبۆتە بەرهەڵست لەبەردەم توێژینەوەیەکی بێلایەن و دوور لە خۆشەویستی و ڕق و کین. بە پێچەوانە، بە سەدان بەڵگەی گرنگی دەوڵەتان دەیسەلمێنێ کە بارودۆخی جیهانی و ناوچەیی کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانی بۆ سەربەخۆیی کوردستان لەبار بوو و جگە لە دەسەڵاتداریەتی تورکە ئیتیحادییەکان هیچ ناحەزێکی دیکەی لەبەردەمدا نەبوو. لەو ڕوانگەیەوە دۆخی ناوخۆی کوردستان و ناکۆکیی ناوماڵی کورد و لاوازی و نەشارەزایی سەردارە کوردەکان و یەکنەگرتنیان بە هۆکارێک لە هۆکارەکانی وەدینەهاتنی ئەو خەونە لەمێژینەیەی کورد دەزانێت و بۆ ئەو بۆچوونەش سەدان بەڵگە دێنێتەوە.
بابەتەکانی ئەم ڕانانەی ئێستا، لەسەر سێ خاڵی دیاریکراو چەق دەبەستن کە بریتین لە پێداچوونەوەی هەڵوێستەکانی نووسەر سەبارەت بە:
- کورد و کۆنفەرانسی ئاشتیی پاریس و پەیمانی سیڤەر و بارودۆخی جیهانی و ناوچەیی و کوردستان دوای شەڕی یەکەمی جیهانی،
- هەڵسوکەوتی سەردار و سیاسەتمەدارانی کورد لە پەیوەندیی کۆنفەرانس و پەیمانەکەدا، و
- ئەنجام وەرگرتنەکانی نووسەر.
کورد و کۆنفەرانسی ئاشتیی پاریس و پەیمانی سیڤەر
بە گوێرەی لاپەڕەکانی کتێبەکە، "لە ١٨ ی شوباتی ١٩١٩ شاندی بریتانیا لە کۆنفەرانسی ئاشتیی پاریس یادداشتێک سەبارەت بە سیاسەتی بریتانیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەشی کۆنفەرانسەکە دەکا. لە بەندی ٤٩ ی بەشی ئێس دا پەیوەندیی نێوان خوارووی کوردستان و میسۆپوتامیا بەمشێوەیە دیاری دەکات: "دانیشتوانی خوارووی کوردستان جیاوازن لە خەڵکی میسۆپوتامیا، بۆیە دەبێ ڕێگا بدرێن کە خۆیان یەکیەتییەکی سیاسی پێکبهێنن. دەشبێ لە ڕووی
جوگرافیا و ئابوورییەوە پەیوەندیان پێکەوە هەبێ. سەرچاوە سەرەکییەکانی ڕووباری دیجلە لە باشووری کوردستان هەڵدەقوڵێن و بە خاکی میسۆپوتامیادا تێدەپەرن... لەبەر ئەوە حکوومەتی بریتانیا پێشنیازی ئەوە دەکا کە ئەگەر هەر دەوڵەتێک ئینتدابی میسۆپوتامیای پێبدرێ، دەبێ چاوەدێرییەکە فراوانتر بکرێ تا دانیشتووانی باشووری کوردستانیش بگرێتەوە. پێویستیشە هاوکارییەکی نزیک لەنێوان ئەو دوو دەوڵەتە واتە دەوڵەتی میسۆپوتامیا (دەوڵەتی عەرەبی) و دەوڵەتی خوارووی کوردستاندا هەبێ."
وەک بەشێک هەر لەو بەڵگەنامەیە، "سنووری باشووری کوردستان و هێڵی جیاکەرەوەی دانیشتوانی کورد و عەرەب لە خانەقینەوە تا کۆتایی سنووری باکووری ویلایەتی مووسڵ کێشراوە و جگە لە ناو شاری مووسڵ، هەمووی بە باشووری کوردستان و نیشتمانی کورد ناو هێنراون. ئەو تێگەیشتنە تەواو وەک دامەزراندنی دەوڵەتێکی فیدڕال وابووە لەنێوان دەوڵەتێکی کوردی لە باشووری کوردستان و دەوڵەتێکی عەرەبی لە میسۆپوتامیا؛ یا دەشیا وەک دوو دەوڵەتی سەربەخۆ پێکبهاتنایە. لەو کاتەدا هیچ دەوڵەتێکی هاوپەیمان بەرامبەر بە بەرنامەی بریتانیا نەوەستاوە. بەڵام دیارە ئەو هەڵوێستە و زۆری دیکەش بە پێی هاوکێشەی هێز و ڕووداوەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە..... سەبارەت بە دامەزرانی حکوومەتی کوردستان، لە ١٧ ی تشرینی دووەمی ١٩١٨ تا ١٨ی حوزەیرانی ١٩١٩، نوێنەری بریتانیا لە بەغدا نووسیویەتی "ئێمە فەرمانمان دا بە بناغەدانانی دەوڵەتی سەربەخۆی باشووری کوردستان بە چاودێریی بریتانیا". تەنانەت دوای ڕووخانی حوکمدارێتی کوردستانیش، بریتانیا خۆی پێبەند کردبوو بە بەرقەراریی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانەوە. هەر ئەو لێکدانەوە و هەڵوێستانە بوون کە تەواوی بەندەکانی پەیمانەکە سەبارەت بە کوردستان، لە لەندەن و سان ڕیمۆ لە نیوەی یەکەمی ١٩٢٠ دا لە لایەن وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی کاروباری هندستان و شاندی بریتانیا لە کۆنفەرانسی ئاشتیی پاریسی پێ داڕێژران؛ هەموو ئەوانەش ڕەنگدانەوەی یادداشتەکەی ١٨ی شوباتی ١٩١٩ بوو کە شاندی بریتانیا لە پاریس پێشکەشی کردبوو." (لل ٩١٧ و ١٨)
نووسەر لە درێژەدا دەچێتە سەر باسی هۆکار و کێشەی قانوونی لە پەیمانی سیڤەر و دەنووسێ: "دەبێ ئەوە بزانین کە تەواوی پەیمانی سیڤەر لەبەر ڕووناکایی بەندی ٢٢ ی میساقی کۆمەڵەی گەلاندا داڕێژراوە. لەو بەندەدا زۆر بە لێڵی باس لە ئازادی و سەربەخۆیی نەتەوە ژێردەستەکان کراوە، هیچ هێمایەکی ڕوون نییە کە چ گەل و نەتەوەیەک دەگرێتەوە. ئەوەندە دەلێ کە "ئەو خەڵکانەی تا ئەو کاتە نەیانتوانیوە لەسەر پێی خۆیان بوەستن و نەگەیشتوونەتە هەلومەرجی جیهانی هاوچەرخ، دەبێ بتوانن حەز و گەشەکردنی خۆیان بسەلمێنن کە دەیانەوێ پیرۆزی و پشتیوانیی شارسانییەت بەدەست بێنن و ئاسایش بە شێوەیەکی دروست و شیاو دابمەزرێنن بۆ ئەوەی پشتگیرییەکەیان بخەمڵێ و بچێتە چوارچێوەی ئەم قانوونەوە." ئەو خەڵکانە (گەلانە)ی لەو بەندەدا باسکراون، سیستەمی ئینتداب نایانگرێتەوە و ناکەونە ژێر فەرمانڕەوایەتی یەکێک لە دەوڵەتە زلهێزەکانی ئەوروپاوە، بۆیە لە پەیمانەکەدا هیچ هەلومەرجێک نییە ڕێگا بدرێ گەلانی وەکوو کورد و ئەرمەن لە لایەن وڵاتێکی هاوپەیمانانەوە ئینتیداب بکرێن و حکوومەتیان بۆ پێک بهێنرێ تا بەرگری لە سەربەخۆیی تەواویان بکرێ." (ل ٩٢٦ و ٧)
لە لاپەڕەکانی دیکەی ئەم بەشەدا دەخوێنینەوە: "پێشکەوتنی کەمالییەکان کارێکی وایکرد بایەخێکی بۆ بەردەوامیی گفتوگۆی ئاشتی لەپاریس نەهێڵێتەوە و سەرەتایەکیش بێ بۆ ئەوەی ئەنجامی گفتوگۆکان، کە بە پەیمانی سیڤەر کۆتایی هات، بتوانرێ بە هاسانی تێک بشکێنرێ...کاریگەریی بزووتنەوەکەی مستەفا کەمال بووە هۆکارێکی کۆنکرێتی بۆ سەرنەگرتن و جێبەجێ نەکردنی پەیمانی سیڤەر." لە پەیوەندی هەر ئەو باسەشدا چەند دێڕ لە یادداشتەکانی ڕەفیق حیلمی ڕادەگوێزێ کە نووسیویەتی: "پەیمانی سیڤەر هەنگاوێکی گەورە بوو کە بەرەو ئیستقلال و سەربەخۆیی کورد هاوێژرا بەڵام داخەکەم کورد لەم هەلە هیچی دەست نەکەوت... ئەم کارە پێویستی بە چاوکراوەیی و گورجی و ڕاپەڕینێکی ئازایانە هەبوو، پیاوی ڕاست و فامیدە و زرنگ و سیاسیی نیشتمانپەروەری پێدەویست... ئەوانەی خەواڵوو بوون و زوو چاویان نەکردەوە، پێیان نەکرا خۆیان لە شەڕ و خراپە بپارێزن، کاتێ چاویان کردەوە کە ئیتر بۆ خەواڵوو و کەمتەرخەمان لە زنجیری دیلی زیاتر، شتێک نەمابوو... یەکێ لەو قەومە خەواڵوو و کەمتەرخەم و چارەڕەشانە، داخەکەم قەومی کورد بوو!" لە کۆتاییدا بۆچوونەکانی ڕەفیق حیلمی بەمشێوەیە دەنرخێنێ و دەڵێ: "ڕەفیق حیلمی کاریگەرێتی هەلومەرجی تایبەتیی ناوخۆی کوردی بەرامبەر بە هۆکاری بابەتی، بە گرنگتر و سەرەکیتر تەماشا کردووە، هەڵبەت هەر واشە.... هەر نەتەوەیەک ویستی گشت بیانووی دواکەوتن و نەبوونە دەوڵەت بخاتە ئەستۆی دوژمنانی، ئەوا ئەو نەتەوەیە ناتوانێ بەرەو ئاسوودەیی و سەرفرازی هەنگاوێک هەڵبێنێ و لە ژێردەستی و چەوسانەوە ڕزگاری بێ." (لل٩١٧ تا ٢٣)
د. سەباح سەبارەت بە پەیمانی سیڤەر دەنووسێ: "کۆسپەکانی بەردەم جێبەجێنەکردنی پەیمانی سیڤەر زۆر بوون، هەندێکیان لە خودی زمانی داڕشتن و ئەدەبیاتەکەیدا بوون، هەروەها هەلومەرجەکان و پەیوەندیی بەند بە بەند و بەش بە بەشی پەیمانەکە بەیەکەوە ... هەندێکیشیان پەیوەندیان بە گۆڕانکاریی ناوخۆیی وڵاتە پەیوەندیدارەکانەوە بوو... سێ بەندی ٦٢، ٦٣ و ٦٤ی بەشی سییەمیش کە لە پەیوەندی مەسەلەی کورددا بوو، لە ١٣ ی نیسانی ١٩١٩ دا لە دیوانی وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا بە سەرۆکایەتی لۆرد کرزن، وەزیری دەرەوە دارێژرابوون. سێ بەندەکە گەلێک ئاڵۆزی و هەلومەرجیان تێدابوو کە بە بێ جێبەجێ کردنی ئەو ئاڵۆزییانە و کردنەوەی گرێکوێرە زمانەوانی و قانوونییەکان هەرگیز نەدەکرا کاریان پێبکرێ. دیارە لە ئەنجامدا ئەو کۆت و پێوەندە قانوونییانە دەرەقەتی واقیع نەهاتن و نەیانهێشت تاکە گرێیەکی بەندەکانی پەیمانەکە بۆ بەرژەوەندیی کورد بکرێتەوە هەر بۆیەش سەرەتا پەیمانی سیڤەر بە پەیمانێکی نێودەوڵەتیی دیکە واتە لۆزان و لە کەشوهەوایەکی جیاوازی سیاسیدا بەتاڵ کرایەوە.... نەبوونی خاوەن و بەرپرسیاری کورد یەکێک بوو لە کۆسپە ستراتیژییەکانی بەردەم جێبەجێ نەکرانی پەیمانی سیڤەر." (لل٩٢٤ تا ٣٦) نووسەر لە کۆتاییدا باس لە خۆ بەدەستەوەدانی هاوپەیمانان و سەرکەوتنی تورکە ئیتیحادییەکان دەکات و هەڵوێستی دەوڵەتانی فەڕەنسا، ئیتالیا، یۆنان و یەکیەتی سۆڤیەتی نوێباو لە تەسلیم بوون بە خواستی تورکەکان و ناچاربوونی بریتانیا بەو خواستانە دەردەخات کە بۆ هەموار کردنەوەی پەیمانی سیڤەر وداڕشتنەوەی سیاسەتێکی نوێ بەرامبەر بە تورک و پەیمانی سیڤەر لەئارادا بوون.(لل٩٣٧ تا ٤٦).
لە کۆتایی ئەم بەشەدا نووسەر دەچێتە سەر باسی بەرپرسیایەتیی کورد لە سیڤەردا و بۆچوونێکی وەزاڕەتی جەنگی بریتانیا دێنێتەوە کە سەبارەت بە هەڵوێستی کورد سەبارەت بە پەیمانی سیڤەر نووسیویەتی: "هەڵوێستی کورد گوماناوییەو باوەڕی پێناکرێ، ئاشکراشە کە وڵاتانی هاوپەیمان لەو هەلومەرجەدا نین کە بە هێزی سەربازی بچنە مەیدانەوە و لە دژی تورکیا شەڕێکی دیکە بکەن، بۆیە پێویستە کوردەکان خۆیان لە مەیداندا بن و لەوبارەیەوە هەوڵبدەن." نووسەر بە هێنانەوەی ئەو هەواڵە ئەنجامی ئەوە وەردەگرێ کە "هەرچەندە هۆکارە بابەتییەکان لەبار و لە بەرژەوەندیی کوردیشدا بووبن، بەلام هۆکاری ناوخۆیی قورسایی هەرە سەرەکی دروست کرد. کەوابوو،.... چارەنووسی کورد و سیاسەتکردن بەرلە هەموو شتێک خوێندنەوەی دەوروبەر و دوورترە، کە کورد بە تایبەتی بەرپرسیاران و سیاسەتمەدارانی هەرگیز خاوەنی ئەو بەهرانە نەبوون!"(ل ٩٤٩)
کەسایەتییە کوردەکانی ناو گۆڕەپانی سیاسەت لەو ساڵانەدا
١. شەریف پاشای خەندان
شەریف پاشا سەر بە بنەماڵەی خەندانی شاری سلێمانی و کوڕی سەعیدپاشای وەزیری دەرەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو. لە ئەستەموڵ لەدایکبووە، لە مەکتەبی سوڵتانیدا پەروەردە کراوە و پێگەیشتووە... هیچ پەیوەندییەکی دیکەی بە سلێمانی و میللەتەکەیەوە نەبووە، زمانی کوردی فێر نەبووە، لەسەر باوەڕی لیبڕاڵ و سیستەمی ڕۆژئاوایی ڕاهێنراوە....بۆتە باڵوێزی عوسمانی لە ستۆکهۆڵم. لە ئەوروپا پەیوەندی بە کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقییەوە بەستووە. لە ساڵی ١٩١٤ دا تورکە لاوەکان دەمار توندێکی تورک دەنێرنە پاریس بۆ ئەوەی شەریف پاشا بکووژێ، بەڵام بە موعجیزە ڕزگاری دەبێ. لە ١٩١١ دا کە یادداشتەکانی بڵاو دەکاتەوە هیچ هێمایەک بەوە ناکا کە بە کاروباری کوردایەتییەوە خەریک بووبێ یا لە ڕێکخراوێکی کوردیدا کاری کردبێ، لە جیاتی ئەوە، وەک ڕووناکبیرێکی عوسمانی بیری لە چارەسەرێک بۆ کێشەکانی دەوڵەتی عوسمانی کردۆتەوە کە ئەوکات بەخێرایی بەرەو ڕووخان هەنگاوی دەنا." لە ساڵانی ١٩١٥ و ١٦ دا لایکەم ٩ نامە بۆ کاربەدەستانی بریتانیا دەنووسێ ، کە هیچ پەیوەندێکیان بە کوردەوە نییە. ... (لل٦٢٢ تا ٣٧). وەک نوێنەری تورک بەشداری کۆنفەرانسی ئاشتی لە پاریس بووە و هاوکات نوێنەرایەتی کوردیشی کردووە. لەدواییدا پێ بەپێی ڕووداوەکان هەڵوێستی سیاسییانەی گۆڕیوە و خۆی وا وێنا کردووە کە بە نوێنەرایەتیی کورد لە پاریس لە چالاکیدا بووە.... ئەڕنۆڵد تۆینبی هیچ تایبەتمەندییەکی سیاسی و کارامەیی و کارگێڕی ناداتە پاڵ شەریف پاشا و دەڵێ "شەریف پاشا پتر شارەزایی لە پاریس هەبووە تا کوردستان...لەوە دەچێ شەریف پاشا هەرگیز لە کوردستان نەژیابێ و هیچ پەیوەندییەکی بە کەسایەتی و سەرۆک خێڵەکانەوە نەبێ و هەر لە دوورەوە کورد بێ!"(لل ٦٥٣ و ٥٩) ...... شەریف پاشا بۆ گەیشتن بە هەندێک ئامانج و دەستکەوتە تایبەتییەکانی خۆی و شتێکیش بۆ کورد، لە گەلێ لاوە لە هەوڵدا بووە و بە زۆر پرۆژەوە خەریک بووە... ویستوویەتی لەگەڵ ئێرانیشدا پەیوەندی دابمەزرێنێ و کوردستانی عوسمانی ببەستێتەوە بەو دەوڵەتەوە... بەڵام دەبوایە ئاگاداربێ کە بەپێی بەرنامەی هاوپەیمانەکان، ئێران لە نەخشەی باس و لێکدانەوەی کۆنفەرانسی ئاشتیی پاریسدا نەبووە. هەروەها ئەوەش ئاشکرا بوو کە شەیف پاشا پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی یا سیاسیی لەگەڵ کوردانی ئێران نەبووە، ئەوە نەبێ کە دەنگۆیەکی وا هەبوو کە بۆ کارکردن لە پێناوی سەربەخۆیی کوردستان پەیوەندییەکی بە سمکۆوە کردبێ." (ل ٧٤١)
٢. سمایل ئاغای سمکۆ
نووسەر بۆ ئاوڕدانەوە لە بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەتا گەلێک ڕووداوی وەک کۆدیتای ڕەزاخان و بزووتنەوەی جەنگەڵ و ڕاپەڕینی شێخ محەمەدی خیابانی لە تەورێز و شۆڕشی سووری لاهووتیی کرماشانی و دەوری خاڵۆقوربانی هەرسینی لە پەیوەندی میرزا کوچک خانی جەنگەڵی و سمکۆدا شیدەکاتەوە ئەو زانیارییانەی نووسەر هەمووی بەگوێرەی بەڵگەنامە فەرمییەکانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتانی جیاجیای جیهانە وتەنانەت نەک هەر بۆ کوردی ڕۆژهەڵات، بەڵکوو بۆ ئێرانییە غەیرە کوردەکانیش تازە و جێگەی سوود وەرگرتنی زۆرن[3]. بە گوێرەی بەڵگەکان، وەختێک دەوڵەتی عوسمانی جیهادی ڕاگەیاند و چووە جەنگی جیهانییەوە، هەستی موسوڵمانانی کوردی بە توندی بۆ لای خۆی ڕاکێشا؛ هۆشیاریی کۆمەڵایەتیی کورد هەر ئەوەندە بوو کە دەبێ لەگەڵ برا موسوڵمانە تورکەکاندا بن، نەک بیر کردنەوە بێت بۆ ڕزگاریی کوردی چەوساوە و ئازاردراو.... بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی کوردستانی ئێران، بریتانیا بە گومانەوە سەیری مەسەلەکەی دەکرد.بۆیە لە سەرنجەکانی وەزارەتی دەرەوەدا بە ئاشکرا دەنووسێ، "ئێمە کارێک ناکەین کە چەند ناوچەیەک لە ئێران جیا ببنەوە. بەڵام ئەگەر کوردەکان بەبەردەوامی سوور بن لەسەر ویست و ئارەزووی خۆیان بۆ ئەوەی یەکبگرن، ئەوا ناتوانرێ تا سەر لە یەکدی جیا بکرێنەوە. سنووری تورکیا و ئێران دەسکردە، لەسەر داخوازی مێژووی ئەو دوو دەوڵەتە دروست بووە و لەسەر بناغەی پەیوەندیی نەتەوەیی دانەمەزراوە." باری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستانی ئێرانیشدا ئەگەر لە دۆخی کوردستانی عوسمانی سەختتر و بەڕەڵڵاتر نەبووبێ، ئەوا بە ئەندازەی ئەوێ لە بۆشایی بێ پێشەوایەتی، نەبوونی ڕێکخستن و بێ بەرنامەیی و هۆشیاری سیاسی جەماوەریدا دەیناڵاند...
سمایل ئاغای شکاک و سەید تەهای نەهری دوای شەڕی یەکەمی جیهانی بەپیر بانگی جیهادی خەلیفە و سوڵتانەوە چوون. دەوڵەتی عوسمانی لەگەڵ ئەو دوو کەسایەتییەدا توانیبووی زوربەی هەرەزۆری سەرخێڵانی دیکەی کورد بە درێژایی سنوورەکانی هەردوو بەشی کوردستان تا خێڵەکانی دەوروبەری مەهاباد و سەقزیش بۆ پشتیوانیکردنیان لە دەوڵەتی عوسمانی کەمەندکێش بکات.... یەک لە گەورەترین تایبەتمەندییەکانی سمکۆ گەڕان بوو بەدوای ناوبانگدا. بۆیە هیچ سڵی لە سەرچڵی و یاریکردن بە ئاگر نەدەکردەوە. ئەو جۆری بیرکردنەوەیە لە پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەدا ڕەنگی دابووەوە. جارێک لەگەڵ ڕووسیادا، جارێک لەگەڵ ئێران و سێیەم جاریش لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانیدا بوو، دواتریش لەگەڵ بریتانیا و کەماڵییەکاندا بناوانی هەڵبەستبوو.... دۆستایەتی سمکۆ لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانیدا هەمووی هاوکاری و یارمەتی گیانی و فیداکاری بوو، بەجۆرێک کە سمکۆ بوو بە جەنگاوەر و بەرگریکارێکی سەرسەخت لە دەوڵەتی عوسمانی؛ هەربۆیەش لە دژی رووسیا شەڕدەکا و بە هێزێکی ٣٠٠٠ کەسییەوە دەچێتە بەرەکانی شەڕ و بۆ یارمەتی عوسمانییەکان ئەوەندەی بۆیکرا لە دژی ڕووسەکانی دۆستی دوێنیی خۆی شەڕی کرد ... سمکۆ لە ٢٣ ی مارتی ١٩١٨ دا بە مەبەستی ئاشتی، ماڕ شەمعون [ڕێبەری ئایینی-سیاسیی ئاسۆرییەکان]ی بۆ دێی 'کۆنە شار'ی لای سەڵماس داوەت کرد. سمکۆ بە هاوکاریی لەشکری تورک پەلاماری ئاسۆرییەکانیدا و کارێکی پێکردن لە کارەسات کەمتر نەبوو. کوشتنی ماڕ شمعون لەسەر بەڕەی سمکۆ، هەتا بڵێی بە پێچەوانەی نەریتی خێڵەکی بوو... هیچ پاساوێکی ئیسلامیش ڕێگای بەوجۆرە کوشتنە نەدەدا. سمکۆ لە وتووێژ لەگەڵ مستەفا پاشای یاموڵکیدا باسی کوشتنی ماڕشەمعون دەکات و دەڵێ: "ڕۆژێ ماڕشەمعون بە هاوڕێیەتی هێزێکی گەورە (ی ئاسۆری و ئەرمەنی) هاتن بۆ بینینی من. ئامانجیان ئەوەە بوو بە یارمەتی کورد لە ئێراندا پێشڕەوی بکەن. ... دەسەڵاتدارانی ئێرانی لە پلانەکەی ماڕشەمعون ئاگادار کرابوون، نوێنەرێکی تایبەتیان ناردە لای من کە هاوبەشیی پلانەکەی ماڕشەمعون نەکەم، لە هەمان کاتدا لە پاداشتی کوشتنی ماڕشەمعوندا خەڵاتێکم بدەنێ. بۆ گەلێک هۆ پێشنیارەکەی ئێرانییەکانم قەبووڵ کرد. دواتر ئێرانییەکان بێ حورمەتییان بە من کرد و لە ناوچەکەشدا گەلێک کاری دڕندانەیان ئەنجامدا.... وردە وردە پەیوەندی دۆستایەتیمان لەگەڵ ئێرانییەکاندا کۆتاییهات." دوکتۆر قاسملو پێی وایە "کوشتنی ماڕ شەمعون بووە هۆی لاوازیی سمکۆ"، ئەوە سەرنجێکی بەجێیە چونکە ماڕ شەمعون لای وڵاتانی ئەوروپایی جێگا و ڕێگایەکی گرنگی هەبوو (لل. ٧٥٢ تا ٧٩٨)
دوای شەڕی یەکەم، سمکۆ لە پشتیوانیی دەوڵەتی ئەستەموڵ و خەلیفەوە سەنگەری بۆ بزووتنەوەی کەماڵییە شۆڤینییەکانی تورک گواستەوە، کاریگەریی کەماڵییەکان لەسەر چالاکییەکانی سمکۆ هەمەلایەنە بوو.... وادیار بوو سمکۆ هەرگیز نەیتوانیبێ لە هێز وتوانای خۆی و ئێران تێبگا. هاوکات ناکار بوو زەمینەیەک لەگەڵ خەڵکی ئێران بەگشتی ساز بکا، بۆیە ئینگلیزەکان وایاندەزانی کە هیچ هەستێکی دۆستایەتی لەناو ئێراندا بەرانبەر بە لایەنگرانی سمکۆ و مستەفا کەماڵ پاشا نەبووە.(لل ٧٦٠ تا٦٥)
لە تەمووزی ١٩٢٢ دا هێزێکی تێکەڵاوی ٨٠٠٠ کەسیی ئێران لەگەڵ هێزێکی تێکەلاوی خێڵە کوردەکان لە دژی سمکۆ دەکەونە شەڕەوە،... سمکۆ زۆر بە خراپی دەشکێ وکۆمەڵە چەکدارێکی کەمی لەگەڵدا دەمێننەوە. لەکاتی هێرشکردنە سەر سمکۆ، هاوکارییەکی تەواو بەهێز لە نێوان ئێرانییەکان و تورکدا هەبوو بەجۆرێک کە مولحەقی سەربازیی تورکیا لەگەڵ هێزەکانی ئێرانیدا بوو، سمکۆش بەخۆی و هێزەکەیەوە دەکشێتەەوە ناو تورکیا..... تورکەکان چەکی دەکەن و لە سنوورەکانی دوور دەخەنەوە. خانووەکەی و قەڵای چەهریق لە لایەن سوپای ئێرانەوە خاپوور دەکرێن. دوای ماوەیەک لە تورکیاوە بەرەو ڕەواندوز دەڕوات.(لل٨٢٣ و ٢٤)
ڕەفیق حیلمی پیاوێکی ڕاستگۆ، کوردێکی دلسۆز، ڕووناکبیرێکی گەورە و ئاگادار لە کاروباری سمکۆ، وای لێکدەداتەوە کە سمکۆ پیاوێکی دڵڕەق و سامناک بووە؛ ئەو توندڕەوییە وایکردبوو کە خەڵکی ئازەربایجان لە هەر چوارلاوە دەستیان کرد بە هەڵاتن، دانیشتوانی سابڵاخ و سەردەشت و دەوروبەریان لە ترسان وردە وردە زێدی خۆیان بەجێهێشت..... بەڵام لەولاشەوە بەرانبەر بە کەماڵییەکان خۆش باوەڕ بوو و بە ناردنی چەک و جبەخانەی تورکەکان تەفرەی خواردبوو. ئەوەی ڕاستیبێ، لە کەسایەتی و توانای سمکۆدا، سەرداری و فەرمانڕەوایەتیی نەتەوەیی و دەوڵەتمەداری نەبوو. (ل٨٢٣) دوای ئەوەی تورکەکان لە شەڕێکدا دە هەزار لیرەی ئاڵتوونی لێدەگرن، باری بژیوی و گوزەرانی زۆر خراپ دەبێ و وای لێدێ لە خەڵکی کورد تووڕە دەبێ و دەڵێ "من لەداخی ئەم کوردە سەگبابانەیە خۆم دەخەمە باوەشی تورکەوە. ئەوان ئێستا لەم کوێرە دێیەدا وەک قازی کوێر بەجێیان هێشتووم و خۆم تێناگەیەنن و بێکەس کەوتووم.(ل ٨٢٦)
مەیجەر نۆئێل بۆ ئەوەی کورد شتێک بە شتێک بکا، هەموو هەوڵێکی داوە، دەجێتە لای سمکۆ، زۆر بە پەرۆشەوە هەوڵدەدا هاوپەیمانییەتی لە نێوان شێخ مەحموود و سمکۆ و سەیید تاهادا لە دژی تورک دروست بکا و پێکەوە کارێک بکەن.... سەرنەکەوتنی سەردانەکەی سمکۆ بۆ سلێمانی بەگشتی تێکشکان بوو بۆ کورد. لە ڕۆژنامەیەکی چاپی ئەستەموڵدا چاوپێکەوتنێک لە نێوان سمکۆ و والیی واندا بڵاو دەکرێتەوە. لەوێدا سمکۆ وا باسدەکا کە بریتانیا ئامادەیە پشتگیری لێبکا، بەڵام ئەو هەرگیز نایەوێ وەک سەیید تاها خەیانەت بکا و ببێ بە پیاوی ئینگلیزەکان، لە جیاتی، ئەوە دەیەوێ هاوکاریی تورک بکا بۆ دەستخستنەوەی ویلایەتی مووسڵ! (لل٨٢٩ تا ٨٣٦)
٣. سەیید تاهای نەهری (شەمزینی)
سەیید تاهای نەهری کوڕی شێخ محەمەد سدیق، نەوەی شێخ عوبەیدیللای شەمزینی و ژنبرای سمکۆ، یەكێکی دیکە بوو لە ناودارانی کورد کە لەو سەردەمەدا هەوڵیدەدا سەرۆکایەتی کورد یا بەشێک لە کوردستان بۆ خۆی مسۆگەر بکا.... بۆخۆی دەنگۆی بڵاو دەکردەوە کە بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی پەیمانی هاوکاری لەگەڵ ڕووسدا بەستووە. وەکی دیکە ڕووسەکان دەیانویست بەکاری بێنن و لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندا بیهێڵنەوە. بەڵام وەختێک زانییان کە لەگەڵ ئاڵمانەکانیشدا نێوانی بەستووە، باوەڕیان پێی نەما. ئەو گەمەیەی سەیید تاها لە نێوان ڕووس و ئاڵماندا زۆر لەسەر خۆی و خانەوادەکەی کەوت... بۆ ماوەیەکی زۆر لای تورک و لای ڕووس خرایە زیندانەوە. لەشکری لە سەید عەبدولقادری مامی ساز کرد، کە بە شەڕ کێشەکانی لە گەڵیدا چارەسەر بکا بەڵام نوێنەرانی تورکە لاوەکان وەستاندیان. پەیوەندی ناخۆشی نێوان ئەو مام و برازایە وای لێهات تەنانەت لەسەر هیچ شتێکی کۆمەڵایەتیش ڕێکنەدەکەوتن، لە سیاسەتیشدا هەرکام بەلای خۆیدا ڕایدەکێشا و لەسەر سەرکردایەتی کورد نەدەگەیشتنە ئەنجامێکی ژیربیرانە وپەسند کراو. ئەوان و گەلێک سەرداری دیکەی کورد هەریەکە و بەڕێگە و ئاراستەیەکدا، سەربەخۆ لە یەکدی، هەنگاویان دەنا. هەڵبەت ئەو دەروون لاوازییەی ناو بنەماڵە و خێڵەکان گەیشتبووە ململانی لەسەر سەرکردایەتیی کوردیش. سەیید تاها پێیوابوو دەتوانێ میراتی باپیری [شێخ عوبەیدیللا] بۆ بەرژەوەندیی خۆی بێنێتەوە مەیدان و مامەڵەی پێوە بکا. کەچی هێندە هێزی مەعنەوی و کەرەسەی ماددی لەبندەست نەبوو بتوانێ لە کاروباری سیاسیەتی ڕۆژدا لە حەقی ڕووس و ئاڵمان بێ. بەهەمان شێوە لە پەرێزی ئێران و عوسمانیشدا لاواز بوو، .... لە کۆنفەرانسی ئاشتیی پاریس و ئامانجی جەنگی یەکەم ئەوەی تێدا نەبوو کە ئێران دابەش بکری.... سەیید تاها لە کۆتایی کاردا، لەگەڵ ئەو هەڕەشە و تووڕەبوونانەی بۆ وەدەستهێنانی مەلیکیەتی کوردستانی گەورە بەکاری دەهێنا، هاتە سەر ئەوەی بە قایمقامی ڕەواندوز لە لایەن ئینگلیزەکانەوە ڕازی بێت! (لل ٥٤٩ تا ٥٦٦ و ٧٧٩ تا ٧٨٥)
بەدوای ئەو شەڕەدا سەیید تاهای ژنبرا و برادەر و هاوکار و هاوبیری دوێنێی سمکۆ بە تەواوەتی پشتی تێکرد... ڕاستەوخۆ بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ بووە میوانی فەرماندەی هێزەکانی ئێران لە ورمێ و لەلایەن کاربەدەستانەوە بە ڕەسمی پێشوازیی لێکرا و لێخۆشبوونی تەواوی بۆ دەرچوو..... پاش ماوەیەک بە فڕۆکە گەیشتە بەغدا... لەوێ چاوی بە نوێنەری باڵای بریتانیا کەوت، پێشنیاری کرد کە دەتوانێ هێز کۆبکاتەوە و ئوزدەمیر لە ڕەواندوز دەرپەرێنێ. بۆ هاوکاریی لەشکر سازیی سەیید تاها وەزاڕەتی موستەعمەراتی بریتانیا بڕیاریدا ٤ هەزار پاوەنی بۆ تەرخان بکا. (لل٨٢١تا ٨٢٦)
٤. ەحمودخانی دزڵی
مەحمود خانی دزڵی پیاوێکی ناودار و بە دەسەڵاتی هەورامانی تەخت بوو لە کوردستانی ئێران، لە هەورامانی لهۆنیشدا قەدردار و قسە ڕۆیشتوو بوو، هەمیشە دەیتوانی کۆمەلێک چەکداری هەورامی کۆبکاتەوە.... لە سەرەتادا هەولیداوە خۆی لە ئینگلیز نزیک بکاتەوە. لە تەمووزی ١٩١٨ دا چووە کرماشان بۆ دیتنی کۆنسوولی بریتانیا لەوشارە. پێیڕاگەیاند کە لەگەڵ جافرسوڵتان و نەسروڵڵا بەگ و فەرەیدوون بەگی هەوراماندا هاوپەیمانن و بە هەموویان دەتوانن ٤ هەزار چەکدار کۆبکەنەوە و دەتوانێ لە خزمەت تەختی ئینگلیزدا خزمەت پێشکەش بکا.... دواجار هاتە سەر مەبەستی سەرەکی لە سەردانەکەی و داوای لێکرد بریتانیا ڕازیبێ بەوەی ئەو چەند دێیەی لە دیوی عوسمانی داگیری کردبوون، لەسەری تاپۆ بکرێ؛ لە بەرانبەردا بەڵێنی پێدا سنوورەکان لە تورک پارێزی و نەهێڵێ بازرگانی لەگەڵ دوژمندا بکرێ، هەروەختێکیش بریتانیا گەیشتە ناوچەکە، ئەم لە بەرژەوەندیی ئەواندا شەڕ بکا. ... پەیوەندیی مەحمود خان و کۆنسولی بریتانیا زۆر ناخایەنێ و کاتێ کە شتێکی دەست ناکەوێ، بادەداتەوە سەر خەیاڵە کۆنەکەی و وەک زوربەی سەردارانی کورد لەو قۆناغەدا خزمەتکردنی تورک و بزووتنەوەی کەماڵییەکان یەکێک لە مەبەستەکانیان بووە چونکە بە نوێنەر و فەرمانڕەوای موسوڵمانان تەماشایان کردوون، هەر ئەوەندەش لە ئیسلام تێگەیشتبوون کە هەر تورکەکان نوێنەرایەتی موسوڵمانان بکەن. ئەو سەردارانەی کورد هەرگیز ئەوەیان نەزانیوە کە کورد و کوردستان دوو دیاردەی خودایین، بە مانایەکی دیکە، دژایەتیی کورد و کوردستان خۆی لەخۆیدا دژایەتیی خودایە لەڕێگەی دوژمنایەتیی دوو دیاردەی خودایی وەک کورد و کوردستان. هەر مەحموودخانی دزڵی لە نامەیەکدا بۆ سمکۆ دەنووسێ: " وەک شاخ بەهێز ڕاوەستاوی، تێکۆشانی ئێوە بە ناوی ئیسلامەوە گەورەترین بەختەوەری بە من دەبەخشێ، هەڵبەت بیستووتە کە من چۆن لە دژی سوپای ڕووسیا شەڕم کرد و ژیانی خۆم خستە مەترسییەوە، هەروەها ئاگادارن کە من لەگەڵ جەنابی شێخ مەحموود و لە پێناوی ئایینەکەماندا ئینگلیزمان لە سلێمانی و هەڵەبجە و لە ناو کورد دەرپەڕاند. نامەیەکم بۆ مستەفا کەماڵ پاشا نووسیوە، بیخوێنەوە و لە ماناکەی تێبگە..." لە نامەکەیدا بۆ مستەفا کەماڵ، مەحمودخان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە خۆی لە بەردەم مستەفا کەماڵ کز و بێدەسەڵات ڕادەوەستێ، و هێندە خۆی دەباتە خوارەوە کە باوەڕ ناکرێ هیچ گەورەپیاوێکی بە هیممەت لە کایەی سیاسەتدا خۆی بخاتە ئەو ئاستە نزمە. ئەوە سەرەتای نامەکەیەتی: "ئەی یارمەتیدەری ئیسلام، هەرە گەورەم، سەردارم! هاواری ئەم خزمەتکارەیە کە خۆی دەخاتە ژێر پێتەوە و ئەو ئەرزە ماچ دەکا کە ئێوە بەسەریدا دەڕۆن.... ئەگەر ئێوە چەک و تەقەمەنی و فڕؤکەم بدەنێ، بە یارمەتی خودا ئینگلیز لە کوردستان ناهێڵم." (لل٧٦٦ تا ٧٧٠).
٥. ئەمەرخانی شکاک
ئەمەرخان یەکێک لە سەرانی خێڵی شکاک و دۆستی نزیکی سمکۆ، دوای شکستی سمکۆ، دەبێتە هاوکارێکی بەهێزی دەوڵەتی ئێران بۆ پشتیوانیی هێزەکانی حکوومەتی تاران لە دژی بزووتنەوەی کوردەکانی کرماشان. ئەمەر خان بە خۆی و ٢٠٠ کەس لە خێڵەکەیەوە دەچن بۆ کرماشان بۆ شەڕکردن لەگەڵ کوردەکانی ئەو دەڤەرە. بەوشێوەیە دەردەکەوێ بزووتنەوەی چەکداریی خێڵەکی لە بنەڕەتدا ڕەنگدانەوەی ویستی خەڵکی چەوساوەی گشتی کورد نەبووە، مەسەلەکە هەمیشە مەسەلەی خێڵ بووە. (ل ٨٣٩)
٦ و ٧ خاڵۆ قوربان و ئەبولقاسمی لاهووتی
لەو قۆناغەی مێژووی کورددا [ساڵانی دوای شەڕی یەکەمی جیهانی]، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووکەسی بەڕەگەز کورد بە نێوی خاڵۆ قوربانی هەرسینی و ئەبولقاسمی لاهووتی کرماشانی چاو نەترسانە لە مەیدانی سیاسەت و سەربازیدا بوون. ئەوان زۆریان خزمەتی بیگانان کرد بەڵام شتێکیان بۆ کورد پێنەبوو. ئەوان بە حیسابێک وا بیریان دەکردەوە کە پشتیوانی زەحمەتکێش و چەوساوەن؛ ئەگەر واشبووبێ ئەدی بۆ کارێکیان بۆ زەحمەتکێش و چەوساوەی کورد نەکرد؟ (ل ٨٧٠)
ئەنجامی کار
نووسەر، لە دوازدە لاپەڕەی کۆتایی کتێبەکەدا هەوڵدەدات، وەڵامی هەمان ئەو پرسیارە بداتەوە کە هەموو بەشەکانی کتێبەکەی بۆ تەرخانکردبوو: بۆچی کورد نەیتوانی لە گێژاوی شەڕی یەکەمی جیهانی و ڕووداوەکانی دوای ئەو بە تایبەت ساڵانی ١٩١٨ تا ٢٠ دا، سەرکەوتووانە بێتە دەرێ و حکوومەتی نەتەوەیی خۆی دابمەزرێنێ؟ ئەوەش چۆنیەتی وەڵامدانەوەیەتی بە کورتی و پوختی:
"لە بەستنی پەیمان و بەڵێنی سیاسیدا هیچ شتێکی پیرۆز و نەگۆڕ نییە، ئەوەی ئەوانە ڕادەگرێ یا گۆڕانکارییان بەسەردا دێنێ یا بێ ناوەرۆکیان دەکات، عەقڵی سیاسی، هێزی سەربازی و بەرژەوەندیی ئابووریی لایەنە پەیوەندیدارەکانە..... دابەشبوونی سەردارانی کورد و ڕێکخستنە کوردییەکان، هەروەها سەرهەڵدانی ڕکابەرێتییەکی سەخت و نابەرپرسیارانە لە ناو خۆیاندا، دۆزی کوردیان بێ بایەخ کردبوو. هاوکات نەبوونی پێگەی فراوانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ڕێکخستنە کوردییەکانی ئەستەموڵ و قاهیرە لە ناو خەڵک و لە کوردستاندا، گرفتێکی دیکە بوو بۆ نەچوونە پێشەوەی مەسەلەی کورد. هۆکارێکی دیکە ئەوە بوو لە ناو کوردستاندا کەسایەتییەک نەبوو تواناکانی کورد کۆبکاتەوە، بۆیە هەر سەرۆک خێڵێک بە ئارەزووی خۆی هەڵوێستێکی دەنواند... بەشێکی کورد پشتیوانییان لە کەماڵییەکان دەکرد و بەشەکەی دیکەی هاوکاریی حکوومەتی ئەستەموڵیان دەکرد، هەندێکی کەمیش بێ ئەوەی کاریگەری و دەسەڵاتێکیان هەبێ، لەگەڵ هێڵی بریتانیادا بوون. سەردارانی کورد وانەی چۆنیەتی سەرکردایەتی نەتەوەیی و کارامەیی و ڕێکخستن فێر نەببوون. ... هۆکارێکی سەرەکیی دیکە دواکەوتنی سەرهەڵدانی هەستی نەتەوەیی کورد بوو بە بەراورد بەو هەستەی لای تورک و عەرەب هەبوو. گیانی نەتەوەپەروەری و تورکایەتی نزیکەی نیوسەدە لە پێش بیر و هەستی نەتەوەیی کورد پەیدا ببوو. بیری نەتەوەیی و کارکردن بۆ سەرفرازی و گەیشتن بە دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان زۆری مابوو.... مستەفا کەماڵ بۆ ئامانجەکانی خۆی ئیسلام و کوردی بەکار دەهێنا بە بێ ئەوەی لە هیچ قۆناغێکی ژیانیدا بیری ئیسلامی یا نیشانەیەکی ئیسلامیەتی تێدا بووبێ ... لەناو میللەتە موسوڵمانەکاندا تەنیا کورد نەیتوانیوە بۆ بەرژەوەندیی خۆی کەڵک لە ئیسلام وەربگرێ و لە دیوە دنیاییەکەی ئیسلام تێبگا.... شێوەی پێکهاتەی خێڵەکی و پەرش وبڵاوی لە ناوکورددا بە جۆرێک بوو کە خاوەنی بەرنامەی سەربەخۆیی نەتەوەیی و بیری دامەزرانی دەوڵەت نەبوو... سەردارانی کورد گەرەلاوژەیەکیان لەناو خۆیان و لە ناو کورددا دروست کردبوو ...بنەماڵەکانی ئەو سەردەمەی کورد، شێخ مەحمود و بنەماڵەی بەرزنجەیی، لە ناو خۆیاندا دووبەرەکیان هەبوو، لە بنەماڵەی نەهرییەکاندا دوژمنایەتییەکی تەواو لە نێوان سەیید عەبدولقادر و سەیید تاهای برازایدا هەبوو. بنەماڵەی بەدرخانییەکانیش هەریەکەی بەئاراستەیەکدا دەڕۆیشتن، ئەمین عالی بەدرخان لەلایەک، شامیل بەدرخان و سوڕەییا بەدرخان و هی دیکەیان بەلایەکدا، بابانەکانیش لەوان بێ فەڕتر بوون. دووبەرەکیی ناو کۆمەڵەی پێشکەوتنی کوردستان لە نێوان سەیید عەبدولقادر و ئەمین عالی بەدرخان مەترسییەکی گەورەبوو لەسەر دۆزی کورد کە گشت جەمسەرەکانی ئەو ڕێکخستنەی لە یەکدی ترازاند و دوو سەرداری کوردی لەیەکدی کرد. لە دواییشدا ئەمین عالی بەدرخان لەگەل شەریف پاشا دا پێکهەڵپڕژان و دووەمیان لە سەرۆکایەتی شاندی کورد لە پاریس دەرکرا، ئەویش خۆی خستە باوەشی سوڵتانی عوسمانییەوە.... هەڵبەت کەشوهەوایەکی ئاوا، نەدەبووە زەمینەی یەکڕیزیی خەڵک و پێکهێنانی دەوڵەت – نەتەوە بۆ کورد." (لل.٩٥٥ تا ٩٧٧)
[هێڵی ژێر ڕستەکان من کێشاومن. ئەنوەر]
٧/١٢/٢٠٢٤
[1] بڕوانە، ملا محمد رضا ابن صوفی سلیم، "تاریخ کردستان (١٣٣٠- ١٣٤٤ ق)"، تصحیح دل آرا مردوخی، چاپ کتابخانە موزە و مرکز اسناد مجلس شورای اسلامی، تهران ١٣٩٠. ISBN: 978-600-220-178-2
[2] بڕوانە: ئەنوەر سوڵتانی، " چۆن دەستی کورد چەند جار بە زاغی عوسمانیدا چوو- کولاندنەوەی چەند برین"،سایتی خەندان، مانگی شەشی ٢٠٢٢
[3] بۆ نموونە، من کە کتێبێکم سەبارەت بە لاهووتی کرماشانی نووسیوە، لێیان بێ هەواڵ بووم و بۆ چاپی دواتری دەبێ کەڵکیان لێوەربگرم.
