زياتر له 2000 ئەفسەر و سەربازی سوریا لە عێراقن
2 ڕۆژ لەمەوپێش
هاوڵاتی
- لەنێو ئەو سەربازانە کەسانی پلەداری وەکو عەمید هەن.
- زۆربەی سەربازەکان دەیانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
- بەڵام بەهۆی داخستنی سنوور و نەبوونی فڕۆکە، پرۆسەی گەڕانەوەیان دواکەوتووە.
عیماد دلێمی قایمقامی قەزای رووتبەى سەر بە پارێزگای ئەنبار ئاشكرای كرد 2150 سەربازی سورى، کە پلەداری گەورەشیان تێدایە لە کەمپێکی پارێزگای ئەنبار نیشتەجێکراون.
عیماد دلێمی بە ڕۆژنامەووسانی ڕاگەیاند، لەنێو ئەو سەربازانە کەسانی پلەداری وەکو عەمید هەن، هەروەها بەشێکیان کارمەندی گومرگی سوریان.
باس لەوە دەکات، سەربازەکان لە کەمپێک دا لە نزیک فڕۆکەخانەی سەربازیی مورەسەنات نیشتەجێکراون، کە 70 کم لە رۆژئاوای رووتبە و چوارڕیانی ترێبیل و تەنەف دوورە و کەمپەکە کارەبای نییە و ئاویشی وەک پێویست نییە.
بەوتەی قایمقامی رووتبە، زۆربەی سەربازەکان دەیانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، بەتایبەتی دوای دەرچوونی بڕیاری لێخۆشبوونیان؛ بەڵام بەهۆی داخستنی سنوور و نەبوونی فڕۆکە، پرۆسەی گەڕانەوەیان دواکەوتووە.
قەزای رووتبە گەورەترین قەزای عێراقە لە رووی رووبەرەوە، 300 کیلۆمەتر لە روومادی سەنتەری پارێزگاری ئەنبارەوە دوورە و لەگەڵ ئوردن، سووریا و سعودیە هاوسنوورە.
عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر لە 600 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا هەیە.