هێزی نەرمی کوردستان لە کاتەدرائیەی قەمبورەکەی نۆتردامدا
محمد خۆشناو
6 ڕۆژ لەمەوپێش
محمد خۆشناو
لەکاتێکدا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە ژانی لەدیکبوونێکی تردا دەڕوات، لەدایکبوونێک چیتر شوێنی دیکتاتۆری ستەمکار و وڵاتی ئیقلیمی پەلهاوێژ و حزب و لایەنی چەپی تووند و تووندڕەوی ڕادیکالی ئیسلامی لێنابێتەوە و هەموو ئەوانە دەبێت خۆیان بگۆڕن و لەگەڵ دۆخەکە خۆیان بگونجێنن. جیهان لە گۆڕاندایە و هاوپەیمانێتیکردنیش گۆڕاوە، پڕنسیپەکانی هاوڵاتیبوون «المواطنة » و حیوار و ئاشتی و یەکترقبوڵکردن و لێکتێگەیشتن و جەنگی هێزی نەرم جێگایان دەگرێتەوە، هێزی نەرم هەرتەنها گۆرانی و مۆسیقا و هونەر و ڕاگەیاندن و تەعلیم و گەشتوگوزا و توانای ئەلکترۆنی و خێرایی ئەنتەرنێت نیە، بەڵکو کاریگەرترین هێزی نەرم بریتییە لە پەیوەندی و کاری دبلۆماسیی کە هونەر و زانستە و پێویستی بە کەسانی کارامە و لێهاتوو هەیە بەکاریبهێنن، ماوەیەک لەمەوبەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداریکرد لە کردنەوەی سەرلەنوێ نۆژەنکردنەوەی کڵێسەی نۆتردام لە فەڕەنسا لەتەک «40» سەرکردەی وڵات و حکومەت و پادشا و میرەکانی تر، لەنێویاندا دیداری لەگەڵ « دۆناڵد ترەمپ » سەرۆکی هەڵبژێردراوی وڵاتەیەکگرتووەکان و «ئیلۆن ماسک»ی ملیاردێری بەناوبانگی خاوەن سەکۆیو (X) توویتەری پێشوو و کۆمپانیای «تیسلا»ی ئۆتۆمۆبێل هەبوو، ئەو پیاوەی کە هەوادارانی سەرسامن بە روحی پێشەنگایەتیی و ئامانج و بۆچونە مشتوومڕاویەکانی سەبارەت بە پرسە کۆمەڵایەتیەکان، ئەم بەشداری و دیدارانەی بەڕێزیان ڕووداوێکی گرنگ بوو لەتەک هەموو ئەو سەرۆکانەی کە خاوەن دەوڵەتن و سەرکردەیەک کە بێدەوڵەتە و وەک ئەوان بەشدارە، مێژوویش بوو هەروەک یەکێک لە مێژوونوسانی فەڕەنسا لە چواچێوەی ستایشی بەشداربوواندا دەڵێت: (نۆتردام گەورەترە لەوەی هەر تەنها شوێنەوارێکی فەڕەنسی بێت، نۆتردام هێمایەکی جیهانیە کە لە جیهانێکی هەمیشە گۆڕاودا دڵنیایی دەبەخشێت)، کڵێسەی نۆتردام کە تەمەنەکەی (860) ساڵە و زۆبەمان ئەو ناوەمان لەمیانی ڕۆمانی « قەمبورەکەی نۆتردام »ی گەورە ئەدیبی ناوداری فەڕەنسا « ڤیگتۆر هۆگۆ »وە ناسی، کە کرایە فیلم و باس لە چیڕۆکێکی مەزنی خۆشەویستی کەسێکی پێداویستی تایبەتی قەمبوور و « ئەزمیڕالدا»ی شۆخوشەنگ دەکات، کە چیرۆکەکە ڕەنگدانەوەی تامەزرۆیی مرۆڤە بۆ گەرمیی و جوانیی مرۆیی، ئەم سەردان و دیدارانە ڕەنگدانەوەی سەرکەوتوویی و باڵایی دبلۆماسیەتی کوردستانە کە بەوە دەپێورێت کە تاچەند بە لێهاتوویی توانراوە کەناڵی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی بڕیاربەدەست و هێزی هەمەجۆر دروستبکات و بەقازانج و بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بگەڕێنرێتەوە و لەڕێگەی دبلۆماسیەتەوە کاریگەرترین پردی پەیوەندی و ڕێڕەو بۆ مامڵەکردن لەگەڵ ململانێکان بە هەموو ڕەنگەکانیەوە بکرێتەوە. لە ڕێگەی پابەندبوون بە پڕنسیبەکانی ئاشتی و حیوارەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، چونکە گرژی و تووڕەیی و دروستکردنی قەیران هیچ بەدیناهێنێت وەک ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت و دۆخەکەی بە بنبەست گەیاندووە. ئەمڕۆ کوردستان لەهەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانە کە خاوەن توانایەکی لە قبوڵکردن و کاریزما و پشوودرێژی و عەقلانی و حیکمە هەیە کە لای هەمووان قبوڵکراوە و دەبێت هەموو لایەنەکان پاڵپشتی بکەن تا کەشتیەکە بە ئارامی و پێداگری بگەینێتە کەناری ئارام. سیاسەت فێریکردووین کە لەنێوان وڵاتان و هێز و لایەنەکاندا دوژمنایەتی هەمیشەیی و دۆستایەتی هەمیشەیی بوونی نییە، بەڵکو بەرژەوەندی هاوبەش هەیە کە بەهەوڵ و تەقەلای دبلۆماسی ئیدارە دەدرێن. پێویستە لەو دۆخە هەستیار و ناخۆشەی پێیدا دەڕۆین، هەريمی کوردستان یەک میکانیزمی بڕیار بە ڕاوێژ و لێکتێگەیشتنی هەموو لایەک هەبێت، کە من پێموایە کاری دبلۆماسیی بنچینەکەیەتی، هەروەک پڕۆفیسۆر« جۆزیف نای» لە زانکۆی هارڤارد کە یەکەمین جار ئەوبوو لە ساڵی1990 دەستەواژەی هێزی نەرمی بەکارهێنا و دەڵێت: هێزی نەرم ڕێگایەکی سەرکەوتووە بۆ جیهانی سیاسەتی نێودەوڵەتی.