سیدنایا، بۆ ئێمە تازە نییە!
سوارە نەجمەدین
6 ڕۆژ لەمەوپێش
سوارە نەجمەدین
ئەگەر بنووسرێتەوە! بەشی هەرزۆری مێژووی ئێمە لە زیندانەکاندایە، ئێمە ئاشناى کونجە تاریکەکانى زیندانین لە چاڵ و ئەشکەوتەکانەوە تا دەگات بە باڵەخانە توکمەکان:
مێژووى باشوور لە ئەبوغرێب و هەیئەى کەرکوک و ئەمنەسورەکە...
مێژووى باکور لە زیندانى ئیمراڵى و ئاماد و ... تا سیاچاڵەکان
مێژووى رۆژهەڵات لە زیندانى ئەوین و تا چاڵە پەنهانەكان
مێژووى رۆژئاوا لە سیدنایاى تێكشكاوەوە تا چاڵە تاریکەکانى ڕەقە و شام.
***
ئەوەى لە سیدنایا ڕوودەدات، شتێک نییە بە ئێمە ئاشنا نەبێت، ناکرێت تووشی شۆکمان بکات، ئاخر لە ئەبوغرێب و چاڵە قوڵەکانى عەرعەر و بیابانە کاکیبەکاکییەکانى خواروو، هەزاران چیرۆکى کارەساتبارتر هەیە.
لە سێدارەدان و کوشتن و سەربڕین، پشتئتوکردن، دداندەرهێنان بە پلایس، چاوهەڵکۆڵین، شوشەتێبڕین، پیسایی دەرخواردان، لەبرسا کوشتن، بڕینەوە و دووکەرت کردن، تا دەگات بە دەستدرێژى نامووس. کورد لە هەموو میللەتێک زیاتر ناموسی بەلاوە گرنگە، بۆیە هەمیشە بە ناموس هەڕەشەى لێ کراوە، خوشک و دایک و هاوسەر و کچى زیندانییەکانیان هێناوە و لە پێش چاویان دەستدرێژیان کردۆتە سەر.
دنیا، بینى دواى ڕووخانى حیزبی بەعس لە عێراق و لە سوریا، چ کارەساتێک لە بەندینخانەکانیاندا ڕوویداوە، هێشتا دەسەڵاتى تورکیا و ئێران لەناو نەچوون، کەچى ئێران خاوەنى یەکێک لە مەترسیدارترین زیندانەکانی جیهانە، (زیندانى ئەوین) هەمیشە ناوى لە پاڵ زیندانەکانى (گوانتانامۆ، ئەلکاتراز، کەمپیی ٢٢ کۆریا) دێت. تورکیاى سەر بە ئەوروپا، لە زۆرى ژمارەى زیندانخانە و دەستگیرکردنى ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان ململانێی چین دەکات کە خاوەنى گەوەرترین ژمارەى دانیشتووانە.
ئەو ڕۆژەى ئێران و تورکیا بە شۆڕش دەڕووخێن، ئەوکات تێدەگەین سیدنایا و ئەبوغرێب چ هۆتێلێکى پێنج ئەستێرەبوون.
بیرم نییە لە کوێدا خوێندوومەتەوە، ئیسماعیل بێشکچى کاتێک بە بیانوى هاتنە دەرەوەى لە زیندان دەچێتە لاى یەڵماز گۆناى، پێى دەڵێت (یاتاخەکانت بۆ هێناوەتەوە؟ خۆ تۆ ماوەیەکى تر ئەچیتەوە زیندان).
ئێمە لەوەتەى هەین، بە بێ دادگایی زیندان دەکرێت، بە بێ بڕیار لە سێدارە دەدرێین، سەدانى ڕۆڵەى ئەم گەلە کەس نازانێت ئیسکەکانى لەکوێن، سەدان گەنجى جوانى ئێمە بوون بە خۆراکى مار و مێروو، تەنها ئەوەندەی کوردین، بەسە بۆ ئەوەى لەناومان بەرن.
کوردستان بۆ خۆى زیندانێکى گەورەیە، بە چوار دیواربەندى تورکیا و سوریا و عێراق و ئێران دەورە دراوە، هەر یەک لەم وڵاتانە بۆ کورد لە بەرزترین و دڕکاویترین دیوارى زیندانەکانى جیهان توندترن، سەدبارە باشتر بوو کوردستان دەورى بە ئاوى ئۆقیانووس بگیرایە وەک لەم وشکانییانە. نیشتیمانەکەمان دوورگەیەکى ئاویى بووایە هەزارجار باشتر بوو لەوەی وەک ئێستا لەناو دوورەگەیەکى وشکانیدا بین!