خالد شوانی: ناسنامه‌ و به‌ڵگه‌نامه‌ی فه‌رمی بۆ ئه‌و منداڵانه‌ دروستده‌كرێت كە یاوەری دایكیانن لە زیندانەكان

24 كاتژمێر لەمەوپێش



هاوڵاتی

- له‌ میانی كۆبونه‌وه‌كه‌دا، دیارترین ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م كاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی چاكسازی و ڕێگاكانی باشتركردنی بارودۆخی مرۆیی تێیدا تاوتوێكران.

- گفتوگۆ له‌سه‌ر پرسی ئه‌و منداڵانه‌ كرا كه‌ له‌گه‌ڵ دایكیان له‌ زیندانه‌كانن.

- خالد شوانی بڕیاریدا به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ناوخۆ پێدانی ناسنامه‌ و به‌ڵگه‌نامه‌ی كه‌سی بۆ ئه‌و منداڵانه‌ ده‌ربكرێت كه‌ له‌گه‌ڵ دایكیاندا له‌ زیندانه‌كانن.

 

 خالد شوانی وه‌زیری دادی عێراق ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ بڕیاری نوێی سه‌باره‌ت به‌ منداڵانی یاوه‌ری دایكه‌ زیندانیكراوه‌كانیان ده‌ركرد و به‌پێی بڕیاره‌كه‌ش، ناسنامه‌ و به‌ڵگه‌نامه‌ی فه‌رمی بۆ ئه‌و منداڵانه‌ دروستده‌كرێت.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی داد، خالد شوانی سه‌رپه‌رشتی كۆبونه‌وه‌یه‌كی كرد كه‌ جێگری ئه‌مینداری باڵای وه‌زاره‌تی داد و  زیاد ته‌میمی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی چاكسازیه‌كانی عێراق و سه‌رجه‌م كارمه‌ندانی كارگێڕی و چاكسازی ژنان له‌ كه‌رتی ژنان له‌ به‌شی چاكسازی و چاكسازی نه‌وجه‌وانانی عێراق ئاماده‌ی بون.

له‌ میانی كۆبونه‌وه‌كه‌دا، دیارترین ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م كاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی چاكسازی و ڕێگاكانی باشتركردنی بارودۆخی مرۆیی تێیدا تاوتوێكران.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر پرسی ئه‌و منداڵانه‌ كرا كه‌ له‌گه‌ڵ دایكیان له‌ زیندانه‌كانن، به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری گونجاو جگه‌ له‌ خێراكردنی ڕێوشوێنه‌كانی كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغی.

خالد شوانی جه‌ختی له‌ په‌ره‌پێدانی ژێرخانی زیندانه‌كان بۆ ژنان به‌تایبه‌تی و زیندانه‌كانی دیكه‌ به‌ گشتی كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند،  پێویسته‌ پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان بۆ زیندانییه‌كان دابینبكرێت، جگه‌ له‌ هه‌مو ئامێره‌كان بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی چاكسازی.

له‌ چوارچێوه‌ی باشتركردنی بارودۆخی یاسایی زیندانیانی ژن، خالد شوانی بڕیاریدا به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ناوخۆ پێدانی ناسنامه‌ و به‌ڵگه‌نامه‌ی كه‌سی بۆ ئه‌و منداڵانه‌ ده‌ربكرێت كه‌ له‌گه‌ڵ دایكیاندا له‌ زیندانه‌كانن، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ به‌شداربێت له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی مافه‌كانیان به‌پێی پێوه‌ره‌كانی مافی مرۆڤ.

وه‌زیری داد ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، ئه‌م هه‌وڵانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای به‌دواداچون و خواستی سه‌رۆك وه‌زیرانن بۆ باشتركردنی بارودۆخی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی زیندانه‌كان به‌پێی ئه‌م ستانداردانه‌ و په‌رۆشی وه‌زاره‌تی دادیشی بۆ باشتركردنی واقیعی كاره‌كانی دامه‌زراوه‌ چاكسازییه‌كان دوپاتكرده‌وه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار