پرسی ڕۆژ ئاوا پرسی هەموومانە
سلێمان مستەفا حەسەن
4 ڕۆژ لەمەوپێش
سلێمان مستەفا حەسەن
ئاشکرایە برایانمان لە ڕۆژ ئاوای کوردستان نمونەیەکی جوانی خۆبەڕێوەبەرییان پێشکەش کردوە، گەل بەگشتی و شەڕڤانان بەتایبەتی بوونەتە قەڵای بەرگری و تێکشکاندنى تاریک پەرستان، دەوری ژن و گرتنەخۆی تەواوی پێکهاتەکان و بەرخودانی شەرڤانان خاڵی زێرین و پرشنگداری ئەزموونی رۆژئاوان، بەمەش هەبوونی خۆیان و دۆزەکەیان کردۆتە راستییەکی نکۆڵی لێنەکراو، لە ئێستادا دوای ڕوخانی رژێمی سوریا و پێشرەوی گروپە توندڕەوەکان و دەژایەتی دەوڵەتانی ناوچەکە بەتایبەتی تورکیا، ئەزموونی ڕۆژئاوا و گەلەکەی رووبەڕووی مەترسی گەورە کردۆتەوە، ئێستا کاتی بەدەنگەوە چوون و پشتگیری کردارەکیە، ئەرکی کوردان و ئازادیخوازانە پشتیوانی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان بن و بۆ ئەمەش پێویستە:
یەکەم: یەکێتیی و پارتی و تەوای هێزە کوردستانیەکانی باشور هاوکار و هەماهەنگی برایانیان بن لە رۆژئاوا و بە ئەرکی نیشتیمانی خۆیان هەستن لە تۆخکردنەوەی یەکێتیی رێزەکانی حزبەکوردیەکانی رۆژئاوا و دەستی یارمەتیان بۆ درێژبکەن دوور لە هەر بەرژەوەندیەکی حزبی و کۆمیتەی هەماهەنگی دروستبکەن بۆ راییکردنی ئەرکی کوردانە و نیشتیمانیان.
دووەم: رۆژگاری ئەمرۆ و باردۆخی نوێی ناوچەکە وا دەخوازێت( پ ک ک ) بە سیاسەتی خۆیدا دابچێتەوە بەرامبەر رۆژئاوای کوردستان، چونکە ئەو دەرفەتە زێرینە دووبارە نابێتەوە، دەبێت (پ ک ک ) هەڵسەنگاندن بۆ پێشهاتەکان بکات و وەکالەتنامە بداتە دەم پارتی و بەهانە نەداتە دووژمنان بۆ لەناوبردنی ئەم ئەزموونە.
سێیەم: نووسەر و سیاسی و یاساناسەکان لە چوارچێوەی پلاتفۆرمێکدا هاوکار و هەماهەنگبن لەگەڵ برایانمان لە ڕۆژئاوا بۆ هاوکاری و راوێژ و دروستکردنی کۆدەنگی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە.
چوارەم: کاتی ئەوە هاتووە ڕەوەندی کوردی لە وڵاتانی جیهان بە ئەرکی خۆیان هەستن، وەک ڕەوەندی کوردستانی گەورە، بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەوان هیچ ڕێگڕێکیان نییە، ئەزموونی رۆژئاواش ئەزمونێکی خوازراوە لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە، بۆیە کاتی هیمەت و کۆمەک و لۆبیکردنە ئەمەش بەهۆی رێکخستنێکی تۆکمەوە دەبێت لەژێرناوی "پرسی رۆژئاوا پرسی هەمووانە".
پێنجەم: وەک ئەزمونێکی تازە لەرێگای تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە هەموو هێزو تواناکان یەکبخرێن بۆ پشتیوانی رۆژئاوای کوردستان و بانگەوازی ئەندازیارانی کۆمپیوتەر و شارەزایانی ئایتی و شارەزایانی بەرێوەبردنی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بکرێت تا ڕێگای زانستی بگیرێتەبەر بۆ بە جیهانیکردنی ئەزموونەکە. سەرجەم هەوڵەکانمان یەکبخەین و بۆ جارێکیش بێت سود لە تەکنۆلۆژیای نوێ وەربگرین، چونکە لەناو جیهانی سۆشیاڵ میدیادا نە سنور هەیە نە جەندرمە و پاسدار نە جەیش و جاش نە زیندان و یاسای دژ بەکورد، تا رێگامان لێبگرێت.
شەشەم: هاوکاری ڕۆژئاوابین لە بڕیاردان لەوەی ئایا بەرەو سوریا بگەڕێنەوە؟ یان حکومەتی خۆسەری فیدراڵی رابگەیەنن و دەستی دانوستان درێژ بکەن بۆ سوریا لەرێگای نێوەندگیری نێودەوڵەتییەوە یان هەر بژاردەیەکی تر، چونکە لە هەموو حاڵەتەکان پرسی پارچەیەکی تری نیشتیمان لەچوارچێوەی دەستوریدا چارەسەربکرێت سەرکەوتنێکی مەزنە بۆ گەلەکەمان لە هەر چوار پارچە.
حەوتەم: پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری حکومەتی عێراق و هاوپەیمانان پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان بێت لەڕووی ڕاگەیاندنی کەمپینی هاوکاری و کردنەوەی سنورەوە بەڕوویاندا.
لەو رۆژەوەی ڕژێمی ئەسەد ڕووخاوە هاوکاری و هەماهەنگی یەکجار زۆر بەدیدەکرێت لە لایەن تەواوی چین و توێژەکانی کوردستانەوە، بەڵام رێکخراو و ئامانجدار نین، کاتی ئەوە هاتوە دوور لە بیری تەسکی حزبایەتی بە ئەرکی مرۆڤانە و کوردانەی خۆمان هەستین و کۆمیتەی کار و کردار دروست بکەین.