نوێنەرێكی نەتەوە یەکگرتوەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران تاوتوێی بارودۆخی عێراقيان كرد
4 كاتژمێر لەمەوپێش
هاوڵاتی
- بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان و سەرۆکی ڕێکخراوی یونامی بە سەردانێكی ڕانەگەیەندراو گەیشتە تاران.
- لەلایەن محەمە جەواد زەریف جێگری سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بۆ كاروباری ستراتیجی پێشوازی لێكرا و کۆبونەوە و گفتوگۆیان ئەنجامدا.
- لە دیدارەكەدا بارودۆخی عێراق و پێشهاته ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان له نێویاندا پرسی فەڵەستین و پێشهاتەكانی ئەمدواییەی سوریا و كاریگەرییەكانی سەر بارودۆخی ناوچەكە تاوتوێكران.
محەمەد حەسەن، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق بە سەردانێكی ڕانەگەیەندراو لە تارانی پایتەختی ئێرانە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی عێراق و پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەكات، لەوانەش پرسی فەڵەستین و سوریا.
میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانكردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان و سەرۆکی ڕێکخراوی یونامی (نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق) بە سەردانێكی ڕانەگەیەندراو گەیشتە تاران و لەلایەن محەمە جەواد زەریف جێگری سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بۆ كاروباری ستراتیجی پێشوازی لێكرا و کۆبونەوە و گفتوگۆیان ئەنجامدا و بڕیارە بەرپرسانی دیكەی ئەو وڵاتە ببینێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە دیدارەكەدا نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عێراق، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دۆخی عێراق و چالاکییە سەرەکییەکانی یونامی لەو وڵاتە پێشکەشکرد، هەروەها بارودۆخی عێراق و پێشهاته ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان له نێویاندا پرسی فەڵەستین و پێشهاتەكانی ئەمدواییەی سوریا و كاریگەرییەكانی سەر بارودۆخی ناوچەكە تاوتوێكران.
بەگوێرەی میدیاكانی ئێران، لەو دیدارەدا محەمەد جەواد زەریف جەختی لە گرنگی گەشەپێدان و سەقامگیری، هەروەها پێشکەوتن و ئاسایشی عێراق كردەوە و ڕۆڵی دەستپێشخەرییە ناوچەییەکان و هاوکاری نەتەوە یەکگرتوەکانی لەو بوارەدا بە گرنگ زانی، هاوكات جەختی لە درێژەدان و بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و یونامی کردەوە.