ئەمریكا: لە پڕۆسەی ئینتقالی لە سوریا بەردەوام دەبين
2 ڕۆژ لەمەوپێش
هاوڵاتی
- بەخێرایی هەوڵماندا کۆدەنگی لە نێوان وڵاتانی دراوسێی سوریا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست بکەین.
- دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی هێزە نوێیەکان بەتایبەتی ههیئهی تەحریر شام بە ڕونی چاوەڕوانییەکانی جیهان دەبیستن.
ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند وڵاتەكەی لە پڕۆسەی ئینتقالی لە سوریا بەردەوام دەبێت و ڕێگە نادەن سوریا ببێتە زەمینەیەکی بەپیت بۆ تیرۆر.
ئەنتۆنی بلینکن لە لێدوانەکانیدا کە لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا بڵاوکراوەتەوە، ڕایگهیاند، "بەخێرایی هەوڵماندا کۆدەنگی لە نێوان وڵاتانی دراوسێی سوریا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست بکەین سەبارەت بەو ئاڕاستەیەی کە جیهان هیواخوازە سوریا بەو ئاڕاستەیەدا هەنگاو بنێت.
ئاماژهی بهوهشكرد، "دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی هێزە نوێیەکان بەتایبەتی ههیئهی تەحریر شام بە ڕونی چاوەڕوانییەکانی جیهان دەبیستن، ئەگەر بیانەوێت دانپێدانان و پشتیوانیان بخوازن".
پێشتر گەیر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە سوریا، داوای لە سەرکردایەتی نوێ لە سوریا کرد لەگەڵ کۆتایی هاتنی قۆناغی ئینتقالی لە سوریا هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە ڕێکبخات.
پێدەرسن لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆتایی سەردانەکەیدا بۆ دیمەشق کە سێ ڕۆژ دەخایەنێت، ڕایگەیاندوە، "داوا دەکەم هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە لەگەڵ کۆتایی قۆناغی ئینتقالی لە وڵاتەکەدا ڕێکبخرێت، کە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی سێ مانگی داهاتودا کۆتایی پێبێت، كە نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ ئیدارەی نوێ لە دیمەشق پشتڕاستی کردەوە کە پشتگیری لە گواستنەوەی سیاسی دەکات لە ڕێگەی پرۆسەیەکی سیاسی متمانەپێکراو و باوەڕپێکراو بۆ کۆتایی هێنان بە سزاکان".
ئهوهشی وت، "ئێمە شاهیدی سەرەتایەکی نوێین بۆ سوریا، بەو پێیەی سەرەتایەکی نوێ دەگرێتەبەر دەستورێک کە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نوێ پێکدەهێنێت کە مافی هەمو سورییەکان مسۆگەر دەکات".
پێدەرسن جەختی لەسەر پێویستی سوریا بۆ چاکبونەوە و دەرچون لە ساڵانی شەڕ کردەوە و وتی، "دەبێت پاڵپشتی مرۆیی بەپەلە پێشکەش بە سورییەکان بکرێت بە لەبەرچاوگرتنی پێویستییان بۆ ئەمە و دەبێت کۆتایی بەو سزایانەی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپێنراوە کۆتایی پێبێت".