ئیسحان شممەری بۆ هاوڵاتی: گۆڕانكاریەكان عێراقیش دەگرێتەوە

4 مانگ لەمەوپێش
ئامادەكردنی: محمد فاتح حامد
- لەبەر ئەوەی عێراق پەیوەندیەكی چالاكی لەگەڵ ئێراندا هەیە، ئەگەرێكی بەهێزە گۆڕانكاریەكان بەغداش بگرێتەوە.
- ڕەنگە گۆڕانكاریەكانی عێراق چاكسازی سیاسی و گۆڕینی دەسەڵات بگرێتەوە چونكە ئەو حكومەتەی ئێستا سەر بە گرووپە چەكدارەكانە.
ئیسحان شممەری سەرۆكی ناوەندی بیركردنەوەی سیاسی لە عێراق ڕایگەیاند ئەو گۆڕانكاریە هەرێمی و سیاسیانەی لە ناوچەكە ڕوودەدەن عێراقیش دەگرێتەوە.
ئیحسان شممەری تایبەت بە هاوڵاتی ڕاگەیاند: شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران و باڵەكانی لە غەزە و لوبنان و گرووپە عێراقیەكان و پاشان رووخانی رژێمی ئەسەد، بێگومان هۆكارێكی ڕوونن بۆ گۆڕانكاری لەناوچەكە و بووه هۆی هەرەسهێنانی ئێران لەسەر ئاستی هەرێمایەتی.
وتيشى: لەبەر ئەوەی عێراق پەیوەندیەكی چالاكی لەگەڵ ئێراندا هەیە و تائێستاش لە میحوەری سیاسی و چەكداری نەچۆتە دەرەوە، ئەگەرێكی بەهێزە گۆڕانكاریەكان بەغداش بگرێتەوە.
ڕونیشیكردەوە: ڕەنگە گۆڕانكاریەكانی عێراق چاكسازی سیاسی و گۆڕینی دەسەڵات بگرێتەوە چونكە ئەو حكومەتەی ئێستا سەر بە گرووپە چەكدارەكانە، یان دەبێت خۆیان بگەنە ڕێكەوتنێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەكدارەكان، یان حكومەتەكەی سودانی نامێنێت.
