مێژوو چیمان پێ دەڵێت؟
د. ئەحمەد فاتح محەمەد
دوێنێ
د. ئەحمەد فاتح محەمەد
لەم گۆڕانکارییانەی ئەم دواییەی سوریادا کە ئێستا ئەمریکا و ڕۆژئاوا و وڵاتانی هەرێمایەتی سەرقاڵکردووە، بێگومان تورکیا سودمەندی یەکەمە. بەر لە٨ی دیسەمبەر و هەڵهاتنی بەشار ئەسەد، تورکیا زۆر زیرەکانە فشارەکانی تەرجەمەی سەر ئەرزی واقیع کرد؛ هەر بۆیە لەڕێگای هەیئەی تەحریری شامەوە، هێرش و پەلامارەکانی دەستپێکرد. بێگومان ئەمەش بە سودوەرگرتن لەو دۆخەی لە لوبنان و غەزە بەڕێوە دەچوو، چونکە ئێران و ڕووسیا بە جۆرێک دەستیان لە ئەسەد هەڵگرت کە پێشبینی نەکراو بوو.
تورکیا زیرەکانە دەستی وەشاند و هەژموونی خۆی بەسەر دیمەشقدا سەپاند. لە ئێستاشدا وەک داکۆکیکردن لە فەڵەستین ئاوارەکانی غەززە بە پارەی قەتەر لە سنووری نێوان سوریا و تورکیادا نیشتەجێ دەکرێن و کوردی سوریا و تورکیا لە یەکتری دادەبڕن؛ ئەمەش لە ڕێگەی دروستکردنی چەندین کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونەوە، کە تا ماوەیەکی زۆر دەبنە دەسکەلای تورکیا و سنوورەکانی خۆی دەپارێزێت پێیان، دواتریش لە جیهانی ئیسلامیدا خۆی وەک پاڵەوان نیشان دەدات.
کەواتە تا ئێرە، تورکیا سودمەندە لەم دۆخەی هاتووەتە ئاراوە، ئەگەرچی زیاتر لە سێ دەیە ئێران هەژموونی بەسەر سوریادا هەبووە، بەڵام تورکیا ئەو خەونەی هەیە جێگەی ئێران بگرێتەوە لە سوریا. بەڵام ئەم خەونەی تورکیا بەربەستێکی بەهێزی لەبەردەمدایە؛ ئەویش وڵاتانی ئەورووپان، چونکە ئەوان باش لەوە تێگەیشتوون تورکیا دەیەوێت پەلبهاوێت و مێژووی دەوڵەتی عوسمانی دووبارە بکاتەوە و بگاتە سنوورەکانی ئەورووپای سەردەمی عوسمانی.
بەڵام پڕۆژەی تورکی-قەتەری ئەستەمە هەروا بە ئاسانی سەربگرێت، ئەگەرچی هەموویان لە پڕۆژەی گواستنەوەی هێڵی غاز بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا یەک خاڵ کۆیان دەکاتەوە، بەڵام ترسی مێژووش لەسەر فراوانبوونی ئەنگێزەی عوسمانی؛ تا ئێستا لە نۆستالیژیای تورکەکاندایە.
ئەگەرچی وادەردەکەوێت تورکیا و قەتەر براوەی یەکەمن، بەڵام نیشتنەوەی تەپوتۆزی دوای ئەسەد ڕەنگە جیاواز بێت و دەرئەنجامەکان بە جۆرێکی دیکە بکەونەوە.