بارودۆخ زۆر گۆڕاوە، داگیركردنی كۆبانێ بۆ توركیا زۆر زەحمەت بووە

رێككەوتنی ئەنەكەسەو پەیەدە زەحمەتە، ئەنەكەسە دەیەوێت مردوو زیندوو بكاتەوە

سەرتیپ جەوهەر

دوێنێ



كورد تەنها لە 35% رۆژئاوایە، هەر وەفدێك بچێتە دیمەشق دەبێ‌ لەهەموو پێكهاتەكان بێت

كاك مەسعود دەتوانێت رۆڵی گرنگ بگێڕێت لەچارەسەری بەشێك لەكێشەكانی رۆژئاوای كوردستان

سەرتیپ جەوهەر

خەریكە داگیركردنی كۆبانێ‌ بۆ تورك زەحمەتتر بێت لە داگیركارییەكانی دیكە، كورد پێشنیاری كردووە هێزەكانی ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی ئەوروپا لەسنوری كۆبانێ تا پردی قەرەقۆزاق جێگیربكرێن لە بەرامبەردا هێزەكانی سوریای دیموكرات و چەكە قورسەكانیان بەقوڵایی 10 كیلۆمەتر لەكۆبانیی دووربخرێنەوە، تەنها هێزی ئاسایش و پۆلیس لە شارەكە و دەوروبەری بمێنن، بەڵام پێناچێت تائێستا توركیا بەم پێشنیارە رازی بوبێت.

ئەو پێشنیارەی كورد هەمان ئەو پێشنیارەیە كە لەمانگی تەمموزی 2019 بەر لە پەلاماردانی سەرێكانی تا گرێ سپی لەلایەن توركەوە كراو بۆماوەی چەند مانگێك كاری پێكرا. هێزەكانی سوریای دیموكرات بەدرێژایی 120 كیلۆمەتر و قوڵایی 5 تا 32 كیلۆمەتر لەسەرێ كانی تاوەكو گرێ سپی هێزەكانیان كێشایەوە تەنها ئاسایش و پۆلیس مانەوە، بەڵام لە ئۆكتۆبەری هەمان ساڵ (2019) جیمس جیفری نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ سوریا فێڵی لە كورد كرد و ئەو ناوچەیەی رادەستی توركەكان كرد و دۆناڵد ترەمپ نامەردانە هێزەكانی ئەمریكای لەو ناوچەیە كێشایەوە! بەڵام ئەمجارە واقعەكە گۆڕاوە و بەپێی ئەو بارودۆخەی هەیە، پێدەچێت زۆر زەحمەت بێت رێگا بە توركیا بدرێت كۆبانێ داگیربكات، لەبەر ئەم هۆكارانە:

یەكەم: سنوری ئێستای ئیدارەی خۆسەر یەكلایی بۆتەوە و تەواوی رۆژهەڵاتی فوراتە. لەگەڵ رووخانی رژێمی ئەسەد هێزەكانی سوریای دیموكرات لەچەند ناوچەیەك لە ئاوی فورات پەڕینەوە وەك دێرزۆر و تەبقە، بەڵام ئەمریكا ئامۆژگاریكردن بكشێنەوە، چونكە سنوری رۆژهەڵاتی فوراتی وەك ناوچەی فیدراڵی هەرێم دیارییكرد. بۆیە ئێستا ئەگەر توركیا كۆبانێ داگیربكات ئیشی ئەمریكا ئاڵۆز دەبێت، چونكە پرسەكە تەنها بریتیی نییە لە داگیركاریی كۆبانێ، بەڵكو ئەوكاتە ئەمریكا پێویستی بە ڕێككەوتنێكی ئەمنی هەیە لەگەڵ توركیا، ئەمەش بۆ ئەمریكا لەم بارودۆخەدا زەحمەتە لە كاتێكدا هەموو دنیا سەرقاڵی رێكخستنەوەی دۆخی ناوخۆی سوریان.

دووەم: جیاواز لە بارودۆخی 2019 ئەمجارە جگە لە ئەمریكا، هێزەكانی فەرەنسا-ش لە ناوچەكە هەن، هاوكات بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا زۆر ناڕازین لە داگیركاری كۆبانی لەلایەن توركیاوە بە تایبەت ئەڵمانیا بە ئاشكرا ناڕەزایەتی خۆی دەربڕیوە.

دانوستانەكانی قامیشلۆ

هەر دوێنێ لەقامیشلۆ وەفدێكی ئەنەكەسە بە نێوانگری نوێنەری هاوپەیمانان لەگەڵ مەزلوم عەبدی‌ فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات كۆبوونەوە. كۆبوونەوەكە بۆ رێككەوتنێكی نوێی نێوان گروپی ئەنەكەسە و پەیەدە بوو بۆ دوو پرسی سەرەكی:

یەكەم: رێككەوتن لەسەر نەخشەڕێی گەڕانەوەی ئەنەكەسە بۆ ناو پرۆژەی سیاسی رۆژئاوای كوردستان و بەشداری سیاسی و ئیداریی و سەربازییان لە رێڤەبەری خۆسەر.

دووەم: رێككەوتن لەسەر پرۆژە و نەخشەڕێی گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق سەبارەت بە ئایندەی رۆژهەڵاتی فورات و مافەكانی گەلی كورد لە سووریای نوێ‌ و شێوەی دووبارە بنیاتنانەوەی سوریا، هاوكات بەشداریكردنی كورد و پێكهاتەی عەرەب بە وەفدێكی هاوبەش بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دیمەشق.

بەپێی سەرچاوەكان، لە كۆبوونەوەكان هیچ رێككەوتنێك نەبووە، هیچ رەشنوسێكیش نەبووە بۆ گفتوگۆ، بەڵكو هەردولا گفتوگۆی سەرەتاییان كردووە تابتوانن رێككەوتننامەیەكی نوێ‌ دارێژن و رێككەون. ئەنەكەسە داوایانكردووە رێككەوتننامەیەكی نوێ‌ لەنێوان ئەوان و پەیەدەدا بكرێت بە سودوەرگرتن لە هەردوو رێككەوتنی هەولێر یەك و دوو لە ساڵانی(2012-2013)دا و هەروەها رێككەوتنی دهۆك لە ساڵی (2014)دا. وەفدەكەی پەیەدە یان مەزلوم عەبدی رێككەوتننامەیەكی نوێیان پێ باش بووە، بەڵام پێیان راگەیاندوون ئەولەویەت و كاری لەپێشینە و بەپەلە ئەوەیە كە ئەوان بە وەفدێكی هاوبەش بچنە دیمەشق بۆ گفتوگۆ لەسەر مافی گەلی كورد و یەكلاییكردنەوەی سیستمی حوكمڕانی و چارەنوسی ئیدارەی باكوری رۆژهەڵاتی فورات، دواتر دەتوانن لەسەر ئیدارەدانی رۆژئاوای كوردستان بۆ قۆناغی نوێ‌ رێكبكەون.

خستنەڕووی رێككەوتنەكانی هەولێر و دهۆك لە ساڵانی 2012 -2014 دا، وردەكاریی زۆری تێدابوو، بەڵام بە كورتی سێ‌ تەوەری سەرەكی لەخۆدەگرت:

یەكەم: دانانی مەرجەعیەتی بڕیاردان، واتە شەراكەت لە بڕیاردان لە ڕێی ئەنجومەنێك یان دەستەیەكی دیاریكراوەوە.

دووەم: رێككەوتن لەسەر دابەشكردنی جومگەكانی حوكمڕانیی رۆژئاوای كوردستان لە نێوان ئەنەكەسە و پەیەدە.

سێیەم: دروستكردنی هێزی هاوبەشی سەربازیی لە نێوان ئەنەكەسە و پەیەدە (تەڤدەم) و بەشداریكردن لە ئیدارەدانی هێزی سەربازیی.

بەپێی لێكدانەوەی بارودۆخی نوێی سوریا و ناوچەكە و گۆڕانكارییەكانی رۆژئاوای كوردستان، رێككەوتنی نێوان ئەنەكەسە و پەیەدە بەهۆی دەستوەردانی توركیاوە زۆر زەحمەتە، لەبەر ئەم هۆكارانە:

یەكەم: ئەنەكەسە دەیەوێت رێككەوتننامەكانی پێشوو بەدەستكارییەوە زیندوو بكرێتەوە، ئەمەش زۆر زەحمەتە چونكە بارودۆخ زۆر گۆڕاوە و هەوڵدان بۆ زیندووكردنەوەی رێككەوتنەكان وەك زیندووكردنەوەی مردوو وایە.

دووەم: لە 2014 شێوەی حوكمڕانی رۆژئاوای كوردستان رۆشن نەبوو، بەڵام ماوەی نزیكەی 10 ساڵە هێزی سوریای دیموكرات دروستكراوە و هاوپەیمانان وەك هێزێكی سەربازیی یەكگرتووی مەشقپێكراوی رێكخراو، بە ڕەسمیی مامەڵەی لەگەڵ دەكەن. مومكین نییە نە رێڤبەری خۆسەر و نە هاوپەیمانان رازیبن قسە لەسەر دروستكردنی هێزی دیكە یان گێڕانەوەی هێزی دیكە (رۆژ) لەژێر فەرماندەیی حزب و لایەنی دیكەدا بێتە رۆژئاوای كوردستان. لە بیریش نەكەین جیاواز لە 2014 ئێستا مەزلوم عەبدی‌ تەنها رۆڵی فەرماندەی هێزێكی سەربازیی نابینێت، بەڵكو رۆڵی رێبەرێكی سیاسیش دەبینێت، هەروەك چۆن ئێستا لە دیمەشق ئەحمەد شەرع ناوی لەخۆی ناوە فەرماندەی ئیدارەدانی سوریا، بەڵام لە ڕاستیدا وەك رێبەرێكی سیاسی هەڵسوكەوت دەكات.

سێیەم: دەستوەرانی دەرەكی فاكتەرێكی گرنگە بۆ ئەگەری گەیشتنە رێككەوتن. ئەنەكەسە راستەوخۆ لەلایەن پارتییەوە پشتیوانیی دەكرێت، بەڵام كاریگەری توركیا بەسەر ئەو گروپەوە كەمتر نییە لە پارتی، بۆیە ئەگەر پەیەدە نەیەتە ژێرباری داوا و خواستەكانیان كە من پێموایە ئاوێتەی ئەجێندای توركیایە، ئەوا توركیا هەوڵدەدات لەباتی گفتوگۆ لەگەڵ پەیەدە، لەڕێی ئەنقەرەوە ئەنەكەسە بباتە دیمەشق وەك نوێنەری گەلی كورد سەبارەت بە ئایندەی سوریا.

چوارەم: جاران گفتوگۆی نێوان كورد و كورد گرنگ بوو بۆ رۆژئاوای كوردستان، چونكە تەنها شار و ناوچە كوردستانییەكان لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی یەپەگەدا بوون، بەڵام ئێستا ئەو جوگرافیایەی لەژێر كۆنترۆڵی كورددایە نزیكەی لە 65%بۆ 70%ی كورد نین، كورد تەنها 30% بۆ 35% ی پێكدەهێنێت بۆیە ئەگەر بڕیار بێت وەفدێك بچێتە دیمەشق، ناكرێت تەنها لە كورد پێكهاتبێت، بەڵكو پێویستە جگە لە كورد عەرەب و پێكهاتەكانی دیكەشی تێدابێت.

لە نێو ئەو بارودۆخە جەنجاڵەی سوریا و رۆژئاوای كوردستان، پێویستە هەم پەیەدە بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی سیاسی و واقعی نوێدا بكات و هەموو لایەنەكان بەوانەی لە چوارچێوەی ئەنەكەسەدان و بەوانەیشی لەدەرەوەی ئەنەكەسە و تەڤدەم- دان، مافی ئەوەیان هەیە رۆڵی خۆیان لە ئایندەی رۆژئاوای كوردستاندا ببینن. هەروەك چۆن پارتی دیموكراتی كوردستان و كاك مەسعود بارزانیی دەتوانێت رۆڵێكی گرنگ بگێڕێت لە یەكخستنەوەی ناوماڵی كورد و چارەسەركردنی كێشەكانی رۆژئاوای كوردستان؛ هەر لە ئازادكردن و دیاریكردنی چارەنووسی بێسەروشوێنان، هەمیش لە پرسی گەڕاندنەوەی ئاوارەكاندا، كە نزیكەی 250 هەزار كەس دەبن و ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە لە باشوری كوردستان نیشتەجێن.

.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار