نەتەوە یەکگرتوەکان: زیاتر لە 70 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە

20 كاتژمێر لەمەوپێش



هاوڵاتی

-زیاتر لە 200 خێمەی خێزانی لە کەمپەکانی ئیدلب و لادێکانی باکوری حەلەب زیانیان بەرکەوتووە.

- لافاو و بای بەهێز زیاتر لە هەشت هەزار و 800 چادری خێزانی لەناوبردوە.

- لە زستانی ئەمساڵدا بەدەست بارودۆخێکی سەختەوە دەناڵێنن.

 

 

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایگەیاند، نزیکەی 730 هەزار کەس کە لە ناو خێوەتەکان و لە کەمپەکانی سووریادا دەژین، لە زستانی ئەمساڵدا بەدەست بارودۆخێکی سەختەوە دەناڵێنن.

نوسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتوەکان (OCHA) لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، نزیکەی 730 هەزار کەس کە لە ناو خێوەتەکان و لە کەمپەکانی ئاوارەکانی باکوری ڕۆژئاوای سووریا دەژین، لە زستانی ئەمساڵدا بەدەست بارودۆخێکی سەختەوە دەناڵێنن، لەنێویاندا لافاو گرفتی گەورەی دروستكردوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، زیاتر لە 200 خێمەی خێزانی لە کەمپەکانی ئیدلب و لادێکانی باکوری حەلەب زیانیان بەرکەوتوە، بەهۆی لافاوێکەوە کە لە ئەنجامی بارانبارینی بەخوڕدا دروستبوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، "لە سەرەتای ئەمساڵەوە، لافاو و بای بەهێز زیاتر لە هەشت هەزار و 800 چادری خێزانی لەناوبردوە، لەنێویاندا نزیکەی دو هەزار چادر کە بەتەواوی لەناوچون، لە 260 کەمپدا".

ئەوەشی خستەڕو، لە دوای ڕوخانی دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەد لە سووریا، بەهۆی ڕوداو و شەڕەكانی ئەو وڵاتەوە، زیاتر لە 70 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا 10 منداڵ و پێنج ژن هەیە، جگە لە برینداربونی دەیان کەس.

نەتەوە یەكگرتوەكان ڕونیكردوەتەوە، پسپۆڕانی مین لە 26ی ئەم مانگەوە 109 کێڵگەی مینی نوێیان لە ئیدلب، حەلەب، حەما و لازقیە دەستنیشانکردوە، تا ئێستا شارەزایان زیاتر لە 850 پارچە تەقەمەنییان لەناوبردوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار