ستراتیژی ئەمریکا و ئیسلامییە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست!

شه‌ریف عەلی

3 مانگ لەمەوپێش



شه‌ریف عەلی

بەهۆی دزی، گەندەڵیی و سیاسەتی نامرۆڤانەی هێزە [بە دروشمی درۆینە] دیموکرات و سیکۆلارەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، گەر ئەمریکا خۆشی لە پشت دروستکردنی [هەمو] هێزە توندڕەو و میانڕەوەکانی ئیسلامی سیاسییشەوە نەبێت؛ هەر ئەمریکا ناچارە مامەڵەیان لەگەڵ دا بکات.

لە سوریاوە، بۆ تورکیا، لەوێشەوە بە هێڵێک کە دەگات بە ئەفغانستان و پاکستان؛ هێزگەلی ئیسلامیی سیاسیی باڵادەست بونیان هەیە. ئەیڵێمەوە: گەر ئەمریکا هەر هەموشیانی دروست نەکربێ، هەر ناچارە مامەڵەیان لەگەڵ بکات. چونکە هێزە [بە ناو!] دیموکرات یان سیکۆلارەکانی پێش ئەمان، هێندە لێوانلێو بون لە گەندەڵیی، جەردەیی و تاڵانیی، ڕەشەکوژیی، بێڕەوشتیی و لادانی وڵاتەکانیان لە سیستەمی دامەزراوەیی، بونەتە مایەی ئەوەی کەشێک لەم وڵاتانە هاتۆتە پێشەوە کە ئەمریکا هێزە ئیسلامە سیاسییە توندڕەو و میانڕەوەکان دروست بکا، یاخود مامەڵەیان لەگەڵ بکا و ستراتیژی خۆی بەپێی دەسەڵاتداربونی ئەم هێزانە دابڕێژێت.

ئەمە بۆ باشوری کوردستان جێی تێڕامانی زیاترە. چونکە؛ دزی، بێڕەوشتیی، وەرەسەسەپێنیی، تاڵانیی خاک و سەرچاوە مرۆییەکانی نیشتیمان، خۆسەپاندن و بە حیزبییکردنی هەمو شتێ لە مزگەوتەکانەوە بۆ زانکۆکان و قومارخانە و لەشفرۆشخانەکان، دانانی کەسانی بێڕەوشت، قبوڵ خاس، بێسەنگ و نیشتیمانفرۆش لە زۆرینەی یەکە کارگێڕییەکاندا وایکردوە کە زۆرینەی جەماوەر [بە تەواویی] بێئومدبوون لە پارتیی، یەکێتیی و، گروپەکانی بەناو ئۆپۆزسیۆن.

 بۆیە لە کەشێکی ئاوادا، بەدڵنیاییەوە، دروستبونی هێزی ڕادیکاڵ و توندڕەوی چەکداری ڕوخێنەری ئەم دەسەڵاتە حیزبیانە، ئیسلامیی بێ یان سیکۆلار؛ دەبێتە یەکێک لە ئاواتەکانی زۆرینەی دانیشتوانی باشوری کوردستان. کاتێک بەهۆی دزیی و درۆزنیی و نیشتیمانفرۆشیی ئەم هێزانەوە، جەماوەر ئەو ئاواتە بخوازن؛ بێگومان نە ئەمریکا و نە کۆمەڵگای نێودەوڵەتییش ناتوانن تاهەتایە کۆڵەکەی ڕاگرتنی دەسەڵاتی گروپە تاڵانکارە کوردییەکان بن.

 

 

 

ئا لەم خاڵەدایە، کە زۆرینەی دەسەڵاتدارانی خۆرهەڵاتی ناوڕاست لە ناوخۆدا لەگەڵ میللەتەکانیان، بەردەوام لە ناتەبایی دان، چونکە زۆرینەی دەسەڵاتدارەکانیان تەماعکاری نانیشتیمانین.

 سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی جەماوەر لە باشوری کوردستان ئاواتی هاتنەکایەی هێزێکی ڕادیکاڵ-ڕوخێنەر دەخوازن. بەڵام ئەوەی ئیسلامییە سیاسییەکانی باشوری کوردستان کە [یەکگرتو، کۆمەڵە و حەرەکە]ن، لە زۆرینەی ئیسلامییە سیاسییەکانی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست جیادەکاتەوە، ئەوەیە: ئەمانەی باشور بەهۆی دزی و فەساد وبەشداربونیان لە دەسەڵاتدارێتیی جوت-حیزبی تاڵانکاری هەرێم و بوونی لەشکرێک لە خانەنشینی وەزیر و پەرلەمانتار و گزیر و گرێدراویشیان بە پرۆژە ئیمریالیستییەکانی تورک، فارس و عەرەبەوە، بوونەتە بەشێک لە گروپە گەندەڵەکانی کوردستان. ئەمەشە وایکردوە کە زۆرینەی باشور، وەک چۆن دژی یەکێتیی و پارتیین، بە هەمان ڕادەش دژی یەکگرتوو و کۆمەڵ و حەرەکە بن.

کەوابو، یەکگرتو، کۆمەڵ و حەرەکە، ڕۆحی شۆڕشگێڕبون، یان ڕادیکاڵ بون، یاخود ڕوخێنەر بونیان تێدا نییە و لەتێکن لەو گۆشتە گەنیوەی کە یەکێتیی و پارتیین. بۆیەشە هیچ پلانێکی ڕوخێنەری ئاشکرایان نییە. تەنانەت لە ڕوشیان نایەت پلانی وا بە [زار]یش دەرببڕن؛ چونکە بەشێکبون و بەشێکن لە فەسادییەکە.

پرسیارەکە و لێوربونەوە ستراتیژییەکە ئەمەیە: وەک چۆن بە نزیکەی نیو سەدەی ڕابردوو ستراتیژی ئەمریکا لە کەنداوەوە تا دەریای ناوەڕاست بەهێزکردنی ڕەوتی توندڕەوی شیعە بوو؛ ئایا ستراتیژی ئەمریکا بۆ پەنجا ساڵی ئایندە لەم ناوچەیە بەرانبەر هێزە ئیسلامییەکان چییە؟

 بەو مانایەی ئایا کاتێک ئەمریکا-ئیسرائیل دەستیان داوەتە پوکاندنەوەی بەرەی توندڕەوی شیعە، ئەمریکا چۆن مامەڵە دەکات لەگەڵ ڕەوتە توندڕەوە سونەکان بۆ پەنجا ساڵی داهاتو؟ لەکاتێکا هەر ئەمریکا لەم ساڵانەدا تاڵیبان و تەحریر شامی لە ئەفغانستان و سوریا خستۆتە سەر دەسەڵات و زۆرینەی هێزە دیموکرات و سیکۆلارەکانیش هەر لە ئەفغانستانەوە تا سەر دەریای ناوەڕاست: هێزگەلی گەندەڵ و باندی مافیایین؟

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار