یەکێتی نیشتمانی بەرەو کوێ دەڕوات؟ (٤)

مەحمود مەمەد ئاغا

3 مانگ لەمەوپێش



مەحمود مەمەد ئاغا

هیچ ڕێکخراوێکی سیاسی تەمەندرێژ نابێت ئەگەر بڕوای بە دیموکڕاسی نێوخۆیی و دەرەکیی و بەدیاریکراویش ئازادیی دەربڕینی بیروڕای بێمەرج و بەربەست نەبێت. ڕێکخراوێک کە بە زەبری هێز و چەک و پارە و هەڕەشە و گوشار بەڕێوە دەچێ و  بەشداریی دڵخوازانەی ئەندامان و کۆمەڵێک دامودەزگای هەڵبژێردراو بۆ کارەکانی، داڕێژەری بنەغاکانی نەبن، چارەنووسی لە درێژماوەدا جگە لە شکست و مایەپووچی، جۆرێکیتر نابێت. نموونەی حکومەت و حیزبی لەوجۆرە زۆرن کە بەمشێوەیە بەڕێوە دەچوون و گیرۆدەی چارەنووسی لەمچەشنە بوون. حیزبی بەعسی عێڕاقی و سوریی و ڕژیمەکانی سەدام و ئەسەد و زۆری دیکەش هەن کە هەمووان دەزانین چییان بەسەرهات. نەمر مام جەلال وەک مامۆستایەکی بەئەزموونی گۆڕەپانی خەباتی شاخ و شار، جگە لەوەی کە خۆی بڕوای بە دیمۆکراسی بوو، ئەم ڕاستییەشی دەزانی و هەربۆیە بۆ داکۆکیی و پێداگریی لە ئازادیی ڕادەربڕین، هەموو دەرفەتێکی دەقۆستەوە. ئەوکات یەکێتی نیشتمانی لەگەڵ ئەوەی حیزبێکی سیاسیی جیددیی بوو، ڕەوتێکی بەرین و جەماوەریی و زیندووی ناو کۆمەڵگاش بوو. ڕابردووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پڕە لە گوتاری زیندوو، موناقشە و گۆڕینەوەی بیروڕای ئازادانە، نووسین و وتاری بەپێزی ڕەخنەئامێز لە خودی حیزب و سەرکردایەتی و سیاسەتەکانی و بەگشتی ئەدەبییاتێک کە ئەگەر کۆی بکەیتەوە، لاپەڕەکانی سەدان و هەزاران کتێبی بەنرخ پڕدەکاتەوە. بۆ دەرخستنی جیاوازییەکانی یەکێتی کۆن و نوێ، پێویستیمان بە بەڵگەی زۆر و زەوەند و گەڕانەوە بۆ قووڵایی مێژووی ڕووداوەکان نییە و تەنیا بە چاوخشاندنێک بە هەڵسوکەوتی دەسەڵاتداران و ڕووداوەکانی ئەمدواییانەی نێو ئەو حیزبە، سەرجەم ڕاستییەکانمان بۆ دەردەکەوێت.

کاتێک دەڵێم یەکێتی نیشتمانی حیزب و ڕەوتێکی زیندووی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بوو، مەبەستم چاوپۆشی و شاردنەوەی کەموکورتییەکانی نییە و بێگومان وەک هەر ڕێکخراوێکی دیکە، هەوراز و نشێوی زۆری بڕیوە و لە شوێن و کاتی خۆیدا، هەڵگری ڕەخنە و گازندەی زۆریشە. جیاوازییەکە لێرەدەایە کە ئەوکات، حیزب کەموکورتییەکانی خۆی ئەبینی و هەوڵی چارەسەرکردنی دەدان لەبەر ئەوەی حیزب وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی پیرۆزی نەتەوەیی و نیشتمانی سەیر دەکرا نەک بەچاوی وەسیلەیەک بۆ تێرکردنی حەز و ئاواتە تاکەکەسیی وخێزانیی و تایبەتییەکان.

لە بەرنامە و پەیڕەوی نێوخۆیی ئەو حیزبەدا، دیموکڕاسی و ئازادیی ڕادەربڕین بە ڕاشکاوی گونجێندراوە، بەڵام لە دنیای واقیع و لە کردەوەدا، نە بایەخێکی هەیە و نە هیچ بەرپرسێکیش گوێی پێدەدات. ئەگەر کۆنگرە باڵاترین جێگە و پێگەی بڕیاردانە، کەواتە پەسندکراوەکانی نێو کۆنگرەش، ئەو ئەرک و بڕیارانەن کە بەرپرسایەتییەکەی دەخرێتە ئەستۆی ئەو کەسانەی کۆنگرە  بە مەبەستی جێبەجێکردنیان، هەڵیبژاردوون. واتە سەرجەم ئەو کەسانەی کە ئەندامانی کۆنگرە بۆ سەرکردایەتیی حیزب هەڵیاندەبژێرن، جگە لە بەڕێوەبەر و جێبەجێکارە پەسندکراوەکانی کۆنگرە، شتێکی دیکە نین! دیسانیش ئەو پرسیارە زەق دەبێتەوە کە ئایا سەرکردایەتیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ٥ی یەکێتی نیشتمانی، لەمجۆرەن؟ ئایا دەسەڵاتەکەیان تەنیا و تەنیا لەم ڕێگایە و لەم پێناوەدا بەکار دێنن؟ وڵامەکەی قورس نییە. ئەتوانم بڵێم بەداخەوە وڵامی من و زۆر کەسی دیکە و تەنانەت زۆرینەی کادێر و ئەندام و پێشمەرگەکانی نێوخۆی یەکێتیش بەم پرسیارانە، نەرێنییە. زۆرینەی بڕیار و هەڵسوکەوتی دەسەڵاتدارنی ئێستای نێو یەکێتی، لە هیچ کوێی پەسندکراوەکانی نێو کۆنگرە و بەرنامە و پێڕەو و ستراتێژییەکانی حیزبدا نەهاتووە و جگە لە تاکڕەوی و سەرەڕۆیی و قازانجپەرستی و ناحیزبی و ناسیاسیبوون، مانایەکی دیکە ناگەیەنن. لە کوێی بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی یەکێتیدا هاتووە کە هەر ڕەخنە و گلەیی و گازندەیەکی کادێر و ئەندام و پێشمەرگە و خەڵکە دڵسۆزەکەی یەکێتی، بە زەبروزەنگ و پاکتاوکردن و نانبڕاو کردن و دوورخستنەوە لە حیزب وڵام بدرێتەوە؟ لە کامە وڵات و کۆمەڵگای گەشەسەندوو و پێشکەوتوو بیروڕای جیاواز تاوانە و خەڵکەکەیان بە نانی سەرسفرەی ماڵ و مناڵ و مەترسی بۆ سەر گیانیان، سزا ئەدرێن؟

یەکێتی نیشتمانی لەم ساڵانەی دواییدا و بەدیارییکراوی پاش کۆنگرەی چوار، پێی خستە ڕێگایەکی مەترسیدارەوە! قۆرغکردنی سەرجەم جومگەکانی حیزب لە ڕێگای نایاسایی و ناشەرعییەوە، ڕواڵەت و ناوەرۆکی حیزبی بەتەواوەتی گۆڕی. سەرەتا لە ئەنجامی پیلانگێڕیی و ڕێککەوتنی ژێربەژێری تاقمێکی نێوخۆیی و هێندێک هێزی ناڕەسەنی دەرەکی، پرۆسەی پاکتاوکردنیان دەستپێكرد. یەکەم ئامانجیشیان بۆ نەهێشتنی بەربەستەکانی سەر ڕێگایان، پاڵپێوەنان و دەرکردنی سەرکردە دیارەکان و لەوانەش کاک " لاهور تاڵەبانی" کەسایەتی کارێزماتیکی قۆناغی دوای مام جەلال و دەنگی یەکەمی هەڵبژێردراوی ئەندامانی ناو کۆنگرەی ٤و جیاوازبیران بوو کە لە ٨ی تەمووزدا، جێبەجێیان کرد. زۆر سەرکردەی لەمێژینە و لاهور تاڵەبانی و هاوبیرەکانی، ئەو دەنگ و ڕەنگانە بوون کە وەفاداری پرنسیبە حیزبییەکان و لەوانەش دیموکڕاسی و ئازادیی ڕادەربڕین بوون و هەربۆیە پێویست بوو لە یەکەم دەرفەتدا لە حیزب دووربخرێنەوە. ئەمە پرۆژەیەک بوو کە ئەوکات دەستی پێکرد و ئێستاش هەر درێژەی هەیە. هۆکارەکەشی ڕوونە: کادێر و ئەندام و پێشمەرگە سەربزێو وشیارەکانی ناو یەکێتی کۆتاییان پێنەهاتووە و مادام سەرکردایەتی ناتوانێ بێدەنگ و دەستەمۆیان بکات، لە حیزب دووریان دەخاتەوە.

شێوازێکی نایاسایی و ناشەرعی دیکە کە دەسەڵاتدارانی ئێستای نێو یەکێتی لەسەر درێژە پێدانی سوورن، نانبڕاوکردنی خەڵکە. واتە قوت و نانی سەرسفرەی خەڵکی بەشمەینەت وەک ئامرازێکی گوشار بەکار دێنن. لە دانەمەزراندن و بێکارکردنی گەنجانی خوێندەوارەوە کە ساڵەها بە هەزار ڕەنج و زەحمەت و قەرز و قۆڵەی بنەماڵەکانیان چوونەتە مەکتەب و شەهادەیان بەدەست هێناوە بیگرە تا دەگاتە دەرکردنی خەڵک لە ئیدارە و دامودەزگا حیزبی و حکومەتییەکان و بڕینی موچە و مەعاش و پارەی خانەنشینی و کەمئەندامی و زیندانی سیاسی و ...هتد. ئەمەش شێوازێکی دیکەی دەمکوتکردنی جیاوازبیران و داخستنی درگاکانی دیموکڕاسی حیزبی و کۆمەڵگایە. خەڵکی کوردستان پێویستە چەنێکی دیکە باجی گیرفانپڕکردن و پاوانخوازیی و هەوەسبازیی تاقمێک بدەن؟ کامە ولاتی دادپەروەر و کامە یاسا ئیزن و دەسەڵاتی ئەوەی بە ئێوە بەخشیوە کە جگە لەوەی لەپێناو بەرژەوەندییە بەرتەسکەکانی خۆتاندا، داهات و سەروەت و سامانی گشتی و نەتەوەیی بەفیرۆ دەدەن، بۆ پڕترکردنی گیرفانی پڕی خۆتان، دەست بخەنە گیرفانی بەتاڵی خەڵکەوە؟ من جگە لەوەی کە خۆم قوربانیی ئەو سیاسەتە چەوتەم و موچەی خانەنشینی خۆمیان بڕیوە، بەسەدان کەس دەناسم کە تەنیا سەرچاوەی ژیانی مەمرەومەژییان کۆلکە مەعاشێکە و ئەویش بڕاوە، تەنیا بەتاوانی ئەوەی کە بیرکردنەوەی بەدڵی فڵانە بەرپرسی حیزبی نییە و ڕەخنەی لە فیسارە "پیاوەماقوڵ و خاوەنشکۆ" گرتووە! ئەمە چ ویژدانێکە کە دەرد و ئازار و چەرمەسەرییەکانی خەڵکی کوردستان لەبیر دەکەن و چاوتان لە ئاست بەدبەختی و نەهامەتییەکانیان دادەخەن!

ئێوە ئێستا لەم ڕێگایەوە دەسەڵاتدارن بەڵام بێگومان کورسییە لەق و لەرزۆکەکانتان تەمەندرێژ نابن. دڵنیابن ئەمە تا سەر نییە. بزانن کە چاوی خەڵکی کوردستان بەگشتی و کادێر و ئەندام و پێشمەرگە وشیارەکانی نێوخۆی یەکێتی بەتایبەتی، لەسەرتانە. ڕاستە خەڵکی کورستان بەسەبرە، بەڵام تۆڵەیان بەزەبرە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار