ساڵی نوێ هات و کورد هەر لە سووڕی سڕبووندایە

محمد خۆشناو
3 مانگ لەمەوپێش
محمد خۆشناو
ڕۆژان و مانگ و ساڵان دەڕۆن و لەسەرەتای هەموو ساڵێکدا ڕووداوەکانی ساڵی ڕۆیشتوو باسدەکرێن و شیدەکرێنەوە و هەوڵدەدەین خوێندنەوە بۆ ئەوە بکەین کە ساڵی دادێ چی ڕوودەدات و ئەوەی چاوەڕوانی دەکەین چیە؟ دەتوانین ئەوە بڵێین کە سێ ناوچەی جیهان ئاگر و سوتان بەخۆوە دەبینێت، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (فەڵەستین، ئیسرائیل، لوبنان، سوریا، عێراق، ئێران و یەمەن و دواتریش تورکیا)، ناوچەی دووەم ناوەڕاستی ئەوروپا (ڕوسیا و ئۆکراینا)، ناوچەی سێیەمیش ئەوپەڕی ڕۆژهەلاتی گۆی زەوی (چین و تایوان)ە، هەموو بەرە گڕگرتووەکان چاوڕێی گەیشتنی سەرۆک تڕەمپ دەکەن کە دەبێت چی بکات! ئا لەنێو ئەو تێکچڕژانە و پێشوازی ساڵی نوێدا هێشتا ئێمەی کورد لەنێو سووڕی سڕبووندا دەژین، کە وێڕای چەند بارەکردنەوەی هاواری ئاگادارکردنەوەی دۆست و دڵسۆزانی ئەو گەلە لەدۆخی شەپڕێوی کوردستان کەچی چاوەکانمان ناکەینەوە و سەڕەڕای لەرزینی زەوی لەبن پێیانماندا بەڵام هەر چەقیوین و هەڵناسینەوە. زۆربەی گەل و وڵاتان لە سڕبوون و گۆشەگیری درێژ هەستانەوە و خاڵە لاوازەکانی خۆیان دەستنیشانکرد و دانیان بەوەدا نا؛ کە شتێکی هەڵە هەیە و هەقی ئەوەی هەیە هەڵوەستەیەکی بەخۆداچونەوە لەگەڵ خۆمان بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکان و تەجاوزکردنی ئەو چەقبەستوییەی خۆی فەرز کردووە بەسەر واقعدا بکرێت، کە ئەمە دەرچەی دەربازبوونە بۆ کۆمەڵگە و نیشتیمان و پارێزەری وڵاتانە لە مردنی مەعنەوی. ئەوە سێ دەیەیە دەڵێین: دەبێت کورد لە ساڵی نوێدا چی بکات و چ بەرنامەیەک دادەڕێژێت؟ کەچی هەست بە شتێکی ئەوتۆ ناکەیت تەنها ژمارەیە دێت و دەڕوات!! ئەوەی ئێستا لەو جیهانەدا دەگوزەرێت ئەوەیە کە واقیعی سیاسیی بۆتە بەدیلی ئایدۆلۆژیا و چارەسەری «ناوەندی» لەنێوان وڵاتان بنچینەی پەیوەندیەکانە، هیچ کەس هەموو ئەو شتەی دەیەوێت بەدیناهێنێت و هیچ کەسیش هەموو شتێک لەدەست نادات و ئێمە دەبێت ئیستیعابی یەکتری بکەین. کاتێک سەرۆک «دینگ شیاو پینگ» دوای مردنی «ماو تسی تۆنگ» دەسەڵاتی چنی گرتەدەست، بە هەموو ئەو هەڵانەدا چووەوە کە ماو کردبووی و گەیشتە ئەو بڕوایەش کە بۆئەوەی وڵاتەکەی پێشبخات دەبێت بۆشایی لەگەڵ ڕۆژئاوا کەمبکاتەوە و هەندێک توخمی بازاڕ و سەرمایەداری لە ئابووری سۆشیالیستیدا وەبەرخۆی بکات، «ماو» پێی وابوو (باشترە بە هەژاری بمێنینەوە لەژێر سایەی سۆشیالیزم، لەجیاتی ئەوەی دەوڵەمەند بین لەژێر سایەی سەرمایەداری) بەڵام وەڵامی دینگ ئەوە بوو؛(ڕەنگی پشیلە گرنگ نیە، گرنگ ئەوەیە مشک ڕاو دەکات) مەسەلەکە سەرمایەداری نییە و سۆشیالیزمیش نیە، بەڵکو بەرژەوەندی و پێشکەوتنی چین و گەلەکەیەتی، ئێمەش لەگەڵ یەکتری هەموو شتێکمان بەرانبەر یەکتری تاقیکردەوە و بەخۆماندا نەچوینەوە لەغیابی نەخشە و پلانی ستراتیژی و دیدگای ئایندەییەوە وازمان لە بەرژەوەندی تەسکی حزبی و کەسی نەهێنا کە بۆتە کۆڤید بۆ ئەو گەلە، ئەنجامەکەشی ئەوەیە کە ئێستا دەیبینین بە چ چەقبەستینێکدا دەڕۆین، پێویستە کورد واقیعی سیاسیی بکاتە شێوازێکی نوێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێشە و تەنگوچەڵەمەکانی ناوخۆ و هەروەها لەگەڵ دەرەوەش، بەداخەوە مێژووی نوێی ئێمە مێژووی هەلی لەدەستچوو بوو، ئەو هەلە زێڕینیانەی کە بەدەستی خۆمان لەگۆڕماننان، دەبا لە ساڵی نوێدا لاپەڕەیەکی تر بە ئاشتەوایی و یەکڕیزی و تەوزیفکردنی شیاوی سەرچاوە و ئیمکاناتەکان بکەینەوە و سەرکردەکان متمانەی خەڵک لە ڕێگەی گەڕانەوە و تێکەڵبوونیان بە خەڵک و چاکسازی سیاسییەوە بەدەست بێننەوە، چونکە سیاسەت لە شەقام و شۆستە و بەردەرگەی ماڵی خەڵکەوە دەستپێدەکات و هەر ئەمەشە ئیعتبار بۆ سیاسیەکان دەگەڕێنێتەوە، ئەو خەڵکەی کە لەبەر دۆخی خراپی دارایی لەژێر گوشارێکی تووندی داراییدایە و ناتوانێت ڕووبەڕووی واقیعی تاڵ ببێتەوە، ئەم نیشتیمانە پێویستی بەوە هەیە کە لەنێو زریانەکانی گۆڕانکاری و سەختیی بارودۆخەکاندا بەسەلامەتی بگەیەنرێتە کەناری ئارامی. .
