مەسیحیەكانی سووریا داواى دیالۆگێکی نیشتمانیی گشتگیر دەكەن

5 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
- ئێمە ئەمڕۆ لەبەر دەرگای قۆناخێکی نوێ وەستاوین کە داوامان لێدەکات بە لەخۆبردوویی و ئازایەتی و بەهێزییەوە سووریای داهاتوو بونیات بنێینەوە.
- پابەندبین بە کولتووری دیالۆگ و کرانەوە بەرەو ئەوی دیکە.
- لەم قۆناخەدا وەکو مەسیحی رۆڵێکی گرنگ و جەوهەریمان لەپێشە، ئەویش هاوکاریکردنە لەگەڵ هەمووان بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم نیشتمانە.
پەتریارک و سەرۆکی کەنیسەکانی سووریا داواى كرد دەست بە دیالۆگێکی نیشتمانیی گشتگیر بکرێت کە هەموو چین و پێکهاتەکان لەخۆبگرێت و متمانە و پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتی بەهێز بکات و رەگوڕیشەی ململانێکان چارەسەر بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، پەتریارک و سەرۆکی کەنیسەکانی سووریا راگەیێندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی دخۆی ئێستای وڵاتەکە بڵاوکردەوە و دەڵێن: "ئێمە ئەمڕۆ لەبەر دەرگای قۆناخێکی نوێ وەستاوین کە داوامان لێدەکات بە لەخۆبردوویی و ئازایەتی و بەهێزییەوە سووریای داهاتوو بونیات بنێینەوە و پابەندبین بە کولتووری دیالۆگ و کرانەوە بەرەو ئەوی دیکە، قۆناخێک کە داوا لە هەمووان دەکات دانایی و لەسەرخۆیی و دووربینی بنوێنن و خۆ نەخزێننە نێو ناکۆکی بێهوودە و دووربین لە پۆپۆلیزم و گۆشەگیری."
راگەیێندراوەکە لەلایەن یۆحەنای دەیەم، پەتریارکی ئەنتاکیە و سەرجەم رۆژهەڵات بۆ رۆمی ئۆرتۆدۆکس، ئیغناتیۆس ئەفرامی دووەم، پەتریارکی ئەنتاکیە و سەرجەم رۆژهەڵات بۆ سریانی ئۆرتۆدۆکس و سەرۆکی باڵای کەنیسەی سریانی ئۆرتۆدۆکس لە جیهان هەروەها یوسف عەبسی، پەتریارکی ئەنتاکیە و سەرجەم رۆژهەڵات بۆ رۆمی مەلەکی کاسۆلیک بڵاوکراوەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێن: "لەم قۆناخەدا وەکو مەسیحی رۆڵێکی گرنگ و جەوهەریمان لەپێشە، ئەویش هاوکاریکردنە لەگەڵ هەمووان بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم نیشتمانە."
دەشڵێن: "بەرپرسیارێتیی رووحی، ئەخلاقی و نیشتمانیمان داوامان لێدەکات هەمیشە دەنگی راستی زاڵ بکەین و داکۆکی لە کەرامەتی مرۆڤ بکەین لە هەموو بارودۆخێکدا، بە هێزەوە هەوڵ بدەین بۆ پشتیوانیکردن لە رەوتی دیموکراسی و ئازادی و سەربەخۆیی و ئاشتی کە مافەکان و کەرامەتی هەموو سوورییەکان دەستەبەر بکات."
