لە مەجلیسەکانی نەوشیروان مستەفاوە "٩"
عەبدولڕەزاق شەریف
11 مانگ لەمەوپێش
عەبدولڕەزاق شەریف
نەوشیروان مستەفا، ساڵانێک بوو، خوڵکی بە زوو رازان لەکازیوەدا، چەند سەعاتێک خوێندنەوە، دوایی کەمێکیتر خەوتنەوەی بەیانیانەوە گرتبوو! لە نێوانی رازان و سەرخەوی ئەو سپێدەیە، لەگەڵ شەبەنگی خۆر، لەماڵەکەیدا، روخسەتم وەرگرت، وتم پێی بڵێن کارێکی گرنگم پێیەتی .
چواردەی مانگی پێنجی دووهەزاروشانزە، ئەو رۆژەی وابڕیاربو لە سەعات یانزەدا، لەیەک کاتدا، لە گردی زەرگەتە جڤاتی نیشتیمانی و لەهۆڵی مەکتەبی سیاسی سەرکردایەتی یەکێتی، بە مەبەستی بڕیاردان لەسەر رێککەوتنی نێوان هەردوولا، کۆببنەوە .
بەو بەیانیە، کۆپیەکی رەشنوسی رێککەوتنەکەم خستە بەردەستی ... تیایدا، لای گروپێکی ئەوانەوە، بەقەڵەمێکی شین گۆڕانکاری لەسەر چەند خاڵێکی رێکەوتنەکە (بەسڕینەوە و ئیزافە)وە کرابوو! گرنگترینیان، یەکخستنەوەی فراکسیۆنەکان و یەک لیستی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئایندەی عێراق و هەرێمی کوردستان، هێڵی بەژێردا هێنرابوو، لێی نوسرابوو (دوابخرێت بۆ قۆناغێکیتر) .
دوای دڵنیابوونمان لەوەی کە نیوەشەوی رابردوو ئەو گۆڕانکارییە لەتەرەفێکی ناوخۆی یەکێتییەوە، رویداوە و کراوە، دواجار بۆ جێگرەکانی سکرتێری گشتی و مەکتەبی سیاسی نێردراوە، جارێکیتر کاک نەوشیروان دەستخەتەکەی تەماشاکردەوە و وتی :
- ئەوە خەتی ئەرسەلان بایزە!
وتم: ئەرسەلان لە هەولێرە، کۆسرەت رەسوڵ لەسلێمانی! ئەو گۆڕانکاریانەش لەهەولێر کراوە .
ئەویش تێگەیشت کە مەبەستم چییە! رایسپاردم بەناوی خۆیەوە لەگەڵ چەند کەسێک لە ئەندامەکانی سەرکردایەتی یەکێتی قسە بکەم، تا زیاتر لەوبارەیەوە بزانین کە رویدابوو، وتیشی :
وا ڕێکەوتووین ئەو بیستوپێنج خاڵە، بێ دەستکاریکردن وەک خۆی بڕیاری لێبدرێت! ئێمە کۆبونەوەی خۆمان ئەکەین و چاوەڕێی ئەوان ناکەین .
ئەودەم، قوباد تاڵەبانی جگە لەوەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بوو، هیچ پۆستێکی حیزبی لەناو یەکێتی نەبوو! ئەو بەیانییە بە دەستی پڕی هەمواری رێککەوتنەکە و دەستخەتەکەی ئەرسەلان بایزەوە، بەتایبەتی لە هەولێرەوە گەڕابۆوە سلێمانی، لە شوێنی کۆبوونەوەکە خۆی و لاهوری ئامۆزای لەگەڵ گروپی جیاواز و لە ژوری جیاواز گفتوگۆی خێرا و پەلەیان بۆ (یان هەموار یان دواخستنی کۆبونەوەکە) دەستیپێکردبوو!
لای ئێمەیشەوە لەکاتی خۆیدا، کۆبوونەوە کرا، بڕیاری لێدرا، دوا قسەی پەیامی رێکخەری گشتی بزوتنەوەکەش سەبارەت بەو رێککەوتنە ئەمە بوو :
(وەک بیلبیلەی چاوی خۆتان ئەم رێککەوتنە بپارێزن )
لە کاتی جێهێشتنا، من لە ناوەڕاست و کورسی یەکەمی راڕەوی هۆڵەکەیا دانیشتبووم، ئاماژەیەکی بۆکردم و پێکەوە کۆبونەوەکەمان بەجێهێشت .
لە ژورەکەی سەید عومەر دانیشتین، زانیمان لەژێر کاریگەری قوباد و ماڵی مامجەلالدا، یەکێتی کۆبونەوەکەی خۆیانیان بۆ تاقی ئێوارە دواخستووە. داوایکرد عوسمانی حاجی مەحمود و قادری حاجی عەلی بێنە لای! هەرچەندە لەو سەروەختەیا ئەوان هیچ پلەوپۆستێکی رەسمی ناو بزووتنەوەکەیان نەبوو بەڵام بە قسەی نێوانیاندا من زانیم کەهەردووکیان، بەهەوڵەکانیان کاریگەرییان لەسەر رێککەوتنەکە و نزیککردنەوە و رازیکردنی کۆسرەت رەسوڵ و هاوڕێکانی هەبووە!
لەگەڵ قادری حاجی عەلی بە تەلەفۆن قسەیکرد و عوسمانی حاجی مەحمودیش خۆی هاتە لای .
هەندێک پرسیار و وەڵام لەنێوانمانا دروستبوو! قادری حاجی عەلی پەیوەندی کردەوە و هەمووان دڵنیابووین کە لە رێگەی قوباد تاڵەبانییەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان کارەکەیان تێکداوە و "بەڕەیەکیشیان خستۆتە ناو مزگەوتەوە" .
نیوەڕۆی هەمان رۆژ، (حەمە تۆفیق رەحیم) بە تەلەفۆنی ئیسماعیل ساڵحی سکرتێری رێکخەری گشتی، پەیوەندی پێوەکردم، بەتوڕەییەکی زیاد لە رادەی خۆی؛ داوایکرد لە ماڵەکەی نەوشیروان مستەفا، سەردانیان بکەم، لە قسەکانیشیدا وتی :
تۆ بوویتە هۆی تێکدانی نێوانی ئێمە و ماڵی مامجەلال، هێرۆخان و کوڕەکانی هیچ ئاگایان لەم بەزمە نییە! ئەم نوسراوەت لەکوێ هێناوە؟
وتم: من هیچ قسەیەکم بۆ تۆ پێ نییە، ئەتوانی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا قسەی خۆت بکەیت .
ئەو قسەیەم پێ وت و پەیوەندییەکە پچڕا! دواتر زانیم لە کاردانەوەی قسەکەی منا، تەلەفۆنەکەی داوە بەئەرزا و شکاندوویەتی .
