پەرلەمان بانگهێشتى حەمید شەتری دەکات بۆ ئەوەى بزانێت لەگەڵ جۆلانی باسى چیانکردوە

5 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
- لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا میوانداری بەرپرسی دەزگای هەواڵگری، حەمید شەتری دەکات.
- بۆ ڕوونکردنەوەی وردەکارییەکانی ئەو دیدارەی کە لەگەڵ جۆلانی لە دیمەشق سازیدا.
- میوانداریکردنەکە بە نهێنی دەبێت بۆ پاراستنی زانیاریەکان.
لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق بەنیازە میوانداری حەمید شەتری سەرۆکی دەزگای هەواڵگری بکات بۆ ئەوەی بزانێت چی لە نێوان خۆی و جۆلانیدا ڕوویداوە لە دیدارەکەیدا لە دیمەشق، جەختیش دەکاتەوە کە میوانداریکردنەکە بە نهێنی دەبێت بۆ پاراستنی زانیاریەکان.
رۆژى پێنج شەممە حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراق، سەردانی دیمەشقی سوریایکرد، لەلایەن ئەبو محەمەد جۆلانی بەرپرسی یەکەمی دەسەڵاتی سوریا، لە کۆشکی سەرۆکایەتی وڵاتەکە بە دەمانچەوە پێشوازیلێکرا، دەرکەوتنی دەمانچە لە پشتی شەرع و لە ژێر چاکەتەکەی، کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سوریا و عێراق بەدوای خۆیدا هێنا.
یاسر ئەسکەندەر پەرلەمانتارو ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا میوانداری بەرپرسی دەزگای هەواڵگری، حەمید شەتری دەکات بۆ ڕوونکردنەوەی وردەکارییەکانی ئەو دیدارەی کە لەگەڵ جۆلانی لە دیمەشق سازیدا.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشى "لیژنەکە بڕیاریداوە کە میوانداریکردنەکە بە نهێنی و ڕانەگەیەندراو بێت بەمەبەستی پاراستنی نهێنی ئەو زانیاریانەی کە لەلایەن سەرۆکی دەزگای هەواڵگریەوە ڕونکردنەوەى لەسەر دەدرێت".
رۆژی 8ـی کانوونى یەکەمى 2024، دەسەڵاتى بەشار ئەسەد لە سووریا رووخا و ئەسەد بەرەو رووسیا هەڵات، لەئێستادا حکومەتێکى کاتى بۆ قۆناخى راگوزەر پێکهێنراوە.
