پەیامەکەی ئیمڕاڵی؛ لەنێوان ڕاستینەی دۆخەکە و شیکارییەکاندا
حەسەن جودی
7 ڕۆژ لەمەوپێش
حەسەن جودی
لە رۆژی ٢٨ی مانگ دیدار و کۆبوونەوەی نێوان شاندی دەمپارتی (بەڕێزان پەروین بوڵدان و سڕی سورەیا ئوندەر) و ڕ. ئۆجەلان بۆ ماوەی نزیک بە سێ کاتژمێر بەڕێوەچوو، رۆژی ٢٩ی مانگیش بە راگەیاندراوێکی کورت و پووخت کرۆکی دیدار و کۆبوونەوەکە راگەیەندرا. دیارە ئەوەی راگەیەندراوە تەنیا کرۆک و ناوەرۆکەکەیەتی.
ئەم کۆبوونەوە و دیدارە گرنگییەکی خۆی هەیە، هەم لەئاستی کوردستان و تورکیا، هەمیش لە ئاستی ناوچەکە و جیهان. بێگومان وەک هەموو جار، گەلێک شرۆڤە و شیکاریی جیاوازی بۆ کراوە و دەکرێت، هەر کەس و لایەنە بەگوێرەی ئەقڵییەت و ئاستی تێگەیشتنی خۆی، بەگوێرەی بەرژەوەندی خۆی ئەو شرۆڤە و شیکاریانە دەکات. بەڵام کرۆکی دیدار و کۆبوونەوەکە زۆر ڕوون و ئاشکران، ئەوەی راستینەی دەوڵەت-نەتەوەی تورکیا و فاشیزمی تورکی بناسێت، ئەوەی پارادایم و فیکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجەلان و بزووتنەوە ئازادیخوازەکەی بناسێت و راست لێی تێگەیشتبێت، ئەوەی واقیعی ئەمڕۆی جیهان و خۆرهەڵاتی ناوین تێبگات و ڕاست شیبکاتەوە، ئەوا تێگەیشتن لە کرۆکی دیدار و کۆبوونەوەکە ئەوەندە ئاڵۆز و شاراوە نییە.
ڕێبەر ئۆجەلان لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە، بەو باوەڕییە گەیشتووە کە تێکۆشانی گەریلایی، ئەرکی بنچینەیی خۆی لە ژیانەوەی گەلی کورد و بەدیهێنانی هێز و ڕەخساندنی دەرفەتی چارەسەری پرسی کورد بەڕێگەی ئاشتی و سیاسی دا بینیوە، ئیدی لە دەرەوەی بەرگری ڕەوا، ئەرکێکی دیکەی نییە. بۆیە لە دوای پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩وە، ئەم باوەڕیی و بیرکردنەوەیەی خۆی بە ئاستی پارادایمێکی نوێ و ستراتیژێکی نوێی تێکۆشان گەیاند. سەرجەم بەرگرینامەکانی، نەخشەڕێگای چارەسەری دیموکراتی، هەموو نامە و دیدارەکانی لەگەڵ پارێزەران و خانەوادەکەی و شاندەکانی هەدەپە و ئێستاش دەمپارتی، لەچوارچێوەی ئەو پارادایم و ستراتیژە نوێیەی تێکۆشاندان. ئەوەی بخوازێت بە ڕوونی لە پەیامەکە و ڕووداو و پێشهاتەکانی لەمەودواش بگات و لە خۆی ئاڵۆز نەکات، ئەوا دەبێت هەر سێ راستینە و واقیعەکەی لەسەرەوە باسم کرد تێبگات، ئینجا زۆر بەڕوونی دەتوانێت شیکاریی پەیامەکە بکات.
ناوەڕۆکی راگەیاندراوەکەی شاندەکە وەهایە؛ دەستتێوەردانی دەرەکی بۆ خۆرهەڵاتی ناوین، بە تورکیاشەوە هەیە، "سیناریۆی تاریک" لەسەر دەوڵەتان و گەلانی ناوچەکە جێبەجێ دەکرێن، تورکیاش یەکێکە لەو دەوڵەتانەی ئەگەری زۆرە دەستتێوەردانی تێدا بکرێت، لاوازترین خاڵی ئەو دەستتێوەردانەش؛ فاشیستبوون و دیموکراتیزەنەبوونی سیستەمی سیاسی دەوڵەت و رژێمی تورکیا، بەچارەسەرنەکرانی پرسی کوردە. لە راگەیەندراوەکە نموونەی رووداوەکانی غەززە و سوریا دەهێنرێتەوە، کە ئەگەر تورکیا، وەک دەوڵەت و حکومەت و ئۆپۆزسیۆن و گەلی کورد و گەلانی تری تورکیا ناخوازن تورکیا وەک سوریا و غەززەی لێبێت، ئەوا چارەسەریی پرسی کورد و دیموکراتیزەبوونی سیستەمی سیاسیی، پێداویستییەکی بەپەلە و ژیانییە و ناکرێت دوابخرێت.
بنەما تیۆری و پراکتیکییەکانی ئەم دیموکراتیزەبوون و چارەسەرییەی پرسی کوردیش ئەمانەن:
- لەسەر بنەمای بەیەکەوەژیان و برایەتی نێوان کورد-تورک و گەلانی دیکە بێت. واتە بەیەکەوەژیانی دیموکراتیانە، یەکسان و دادپەروەر و ئاشتیانە بنەمای هەموو برایەتییەکی هەمیشەیی و راستە.
- نەک تەنیا هەردوو پارتی دەسەڵاتداری تورکیا، بەڵکو پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان (دەمپارتی، جەهەپە و پارتەکانی دیکە) و هەموو ئەوانەی دەتوانن ڕۆڵی ئەرێنی(پۆزەتیڤ) ببینن، دەتوانن رۆڵی خۆیان لەچارەسەری پرسی کورد بە ئاشتی و بەیەکەوەژیان ببینن. بۆئەمەش دەبێت دەستبەرداری حیساباتی بەرتەسک و کاتیی خۆیان ببن. لایەنی کوردیش بەهەموو لایەکییەوە ئامادەن بۆ ئەم چارەسەرییە و هەنگاونان بەرەو ئاشتی و بەیەکەوەژیان.
- رێبەر ئۆجەلان وەک دەستپێشخەرییەک بۆ ئەم ئامانجە، باوەڕیی و پێداگریی خۆی بۆ پارادایمی چارەسەریی و ئاشتی دووپاتکردەوە. ئەو پارادیمەی زیاتر لە بیستوپێنج ساڵە هەوڵ و تێکۆشانی بۆ دەکات، لەم دۆخەدا ئەردۆگان و باخچەلی، وەک حکومەت و نوێنەری دەوڵەت، بە لێدوانەکانیان هێزیان بەو پارادایمەی رێبەر ئۆجەلان بەخشیوە. ئەمەش جۆرێکە لە ئەرێنی(پۆزەتیڤ) روانین بۆ دۆخەکە.
- ئەگەر دەوڵەت، هەنگاوی کرداری بۆ چارەسەری پرسی کورد نەنێت، ئەوا دەرفەتی دەستتێوەردانی دەرەکی بۆ ئەم پرسە دەڕەخسێت کە پرسەکانی تری خۆرهەڵاتی ناوینیان بە ئاستی کانگرینبوون گەیاندووە. بەکورتیەکەی ئەگەر دەوڵەت خێرا و ڕیشەییانە هەنگاوی کرداری (دەستووری و سیاسی) بۆ دیموکراتیزەبوون و چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد نەنێت، ئەوا پرسی کورد وەک کارتێک لەلایەن هێزە دەستتێوەردەرەکانی ئێستای خۆرهەڵاتی ناوین، بەکاردەهێنرێت و بەمەش تورکیا دەکەوێتە ناو سیناریۆ تارکەکان، کە سوریا و غەززە نموونە بەرچاوەکانی ئەو سیناریۆیەیە.
- هاوکات لەگەڵ گۆڕەپان و پلاتفۆڕمەکانی دیکەی سیاسی، گرنگترین شوێن کە ئەم پرسەی تێدا تاوتوێ بکرێت پەرلەمانی تورکیایە، کەوا گەیشتنی پرسی کورد بۆ پەرلەمان رەهەندی سیاسی و دەستووری خۆی وەردەگرێت و چیدی وەک پرسی تیرۆر و ئاسایشی، نابینرێت. ئەمەش ئەوە دەچەسپینێت کە دەبێت دەستوورێکی نوێ بێتە ڕۆژەڤەوە و بەگوێرەی بنەماکانی دیموکراتیزەبوون و چارەسەری پرسی کورد، داننان بە بوون و ناسنامە و ماف و ئازادییەکانی کورد دابڕێژرێتەوە.
- ئەگەر زەمینەی سیاسی و یاسایی بڕەخسێنرێت، ئەوا رێبەر ئۆجەلان باوەڕی و هێزی ئەوەی هەیە بەشدارییەکی کارا لەم پێواژۆیە بکات و بانگەوازی پێویستیش لەداهاتوودا بکات. رێبەر ئۆجەلان بە باوەڕییەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە گەلانی تورکیا شایستەی ژیانێکی ئازاد و بەیەکەوەژیانێکی ئاشتیانە و دیموکراتیانەن، لەناو هەموو ئەو ئاڵۆزی و شەڕ و پێکدادان و سیناریۆ تاریکانەی لە دەرەوە بۆ گەلانی خۆرهەڵاتی ناوین دادەڕێژرێن، هێشتا دۆخەکە و سەردەمەکە بۆ دەرفەتی ئاشتی و بەیەکەوەژیانی گەلان هەیە و ئەمەش ئامانجی بنچینەیی تێکۆشانی پەنجا ساڵەی رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە و گەلی کورد بووە.
دەکرێ چەندین خاڵی دیکەش لەبارەی ناوەڕۆکی راگەیاندراوەکەی شاندەکەی ئیمڕاڵی بخەینەڕوو.
ئەوەی گرنگە؛ کورد، بە ڕێبەر و بزووتنەوە ئازادیخوازەکەیەوە لەئاستی دیموکراتیزەبوون گەیشتۆتە ئاستی پارادایمی و ستراتیژیی، بەمەش دەستپێشخەرییەکان بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیانە، هەمیشە لەدەستی کورددا دەمێنێتەوە. لێرەدا پرسیارێک هەمیشە دەکرێت؛ لەکاتێکدا کورد ئەوەندە باسی ئاشتی و برایەتی دەکات، کەچی رژێمی تورکیا، رژێمێکی فاشیست و قڕکارە، هەرگیز باوەڕی بە ئاشتی و برایەتی نییە، چۆن دەکرێ دەستی ئاشتیان بۆ درێژ بکرێت؟ چەندین هۆکاری ئەم پرسیارکردنەش هەیە:
یەکەم: هەبوونی بێباوەڕی و بێمتمانەییەکی زۆری کوردە بە دەوڵەت و حکومەتی تورکیا، لەسەدەی رابردوو بە گشتی و بیستوپێنج ساڵی رابردوو بەتایبەتی. کە هەمیشە لەسەر بنەمای نکوڵیکردن، قڕکردن، کۆمەڵکوژی و توانەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ کورد و دۆزەکەی کردووە. هەروەها هەر کاتێک باسی ئاشتی و چارەسەری لەلایەن کوردەوە کرابێت، دەوڵەت و حکومەتی تورکیا، یان بەئاگر و ئاسن وەڵامی ئەو دەستپێشخەری و داوایەی کوردی داوەتەوە، یان بەشێوەی تاکتیکی و خافڵکردن و کات قازانجکردن لە پێواژۆی ئاشتی و چارەسەری نزیکبۆتەوە و دواتر لەجاران زیاتر هێرشی کردووە و پەلاماری کوردانی داوە. نموونەکانی ساڵانی نێوان ٢٠٠٩ تا ٢٠١٥ چەندین جار پرۆسە و پێواژۆی دانوستاندن و دیالۆگ دەستیپێکردووە و هەموو جاریش لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە ئەو پرۆسە و پێواژۆیە تێکدراوە و مێزی دانوستانیان قوڵپکردۆتەوە و دەستیان بە هێرش و پەلاماردان کردۆتەوە. ئەمەش سەرچاوەی بنچینەیی بێباوەڕیی و بێمتمانەیی نیوان کورد و دەوڵەت و حکومەتەکەی تورکیایە.
دووەم: تێنەگەیشتنی راست لە راستینەی فیکر و پارادایمی رێبەر ئاپۆ و بزووتنەوە ئازادیخوازەکەی، بۆتە هۆی ئەوەی جۆرێک لە هەڵەتێگەیشتن یان بێباوەڕییەک هەبێت بۆ ئەو پارادایم و ستراتیژەی رێبازی ئاشتی و دیموکراتی بۆ چارەسەری پرسی کورد. ئەمە لەکاتێکدا دەیان ساڵە تێکۆسانی گەریلایی لەدژی رژێمی فاشیستی تورکیا بەردەوامە و بەرگری و بەرخۆدان لەئاستی هەرە بەرزی خۆیدا بەڕێوەدەچێت. بەڵام ئەمەش راستییەکە کە رێبازی ئاشتی و دیموکراتی رێگا بنچینەییەکەیە، ئەگەر ئەمڕۆ بەرگری و بەرخۆدانی گەریلا هەیە، ئەوا لەپێناو بەرگریکردن لە گەل و بەدیهێنانی زەمینە و دەرفەت بۆ ئاشتی و چارەسەری بووە. کاتێک تورکیا ئامادە نییە وەڵامی راست و پێویست بۆ ئاشتی و چارەسەری بداتەوە، مسۆگەر ئەو بەرگری و بەرخۆدانەی گەریلاش هەر بەردەوام دەبێت. کورد بەو رادەیەی هێز و ئیرادەی بەرگری و بەرخۆدانی هەیە، بەهەمان رادەش هێز و ئیرادەی ئاشتی و چارەسەریی هەیە. ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە تورکیا کامیان هەڵدەبژێرێت؟
سێیەم: هەندێک کەسیش بەشێوەیەکی ڕەها و تاکڕەهەندییانە و هەمیشە دژ بە دیالۆگ و ئاشتی و چارەسەریی سیاسییانەن بۆ پرسی کورد لە تورکیا، پێیان وایە دەبێت تەنیا بە زەبری چەک و تێکۆشانی چەکداریی دەوڵەتی تورکیا بڕووخێنرێت و دەوڵەتێک بۆ کورد دامەزرێنرێت. مسۆگەر ئەم تێگەیشتنە هی سەردەمی قۆناخی بزووتنەوەکانی رزگاری نیشتمانیی سەدەی بیستەمە و بە ئەقڵییەتی دەوڵەت-نەتەوە و ناسیۆنالیزمی کلاسیک لەهەموو پێشهات و رووداوێک دەڕوانن، ئەمە لەکاتێکدا لە پارادایمی نوێی ڕ. ئۆجەلان و بزووتنەوەی پەکەکەدا لە ناوەڕاستی نەوەدەکانەوە و بەدیاریکراویش لەسەرەتای سەدەی بیستویەکەمدا ئەم ئەقڵییەتە تێپەڕێندراوە و لەچوارچێوەی چەمکەکانی نەتەوەی دیموکراتی، کۆنفیدراڵی دیموکراتی و خۆبەڕێوەبەرێتی دیموکراتیدا تێکۆشانی خۆی بەڕێوە دەبات. واتە ڕ. ئۆجەلان و پەکەکە دەمێکە ستراتیژی پێشووی خۆی گۆڕیوە و بە ستراتیژێکی نوێ کە پشت بە تێکۆشانی دیموکراتی و سیاسی دەبەستێت، کار و تێکۆسانی خۆی بەڕێوە دەبات.
چوارەم: هەندێک کەسیش رێک بە پێچەوانەوە، پێیان وایە دەبێت کورد بەشێوەیەکی ڕەها دەستبەرداری چەک و تێکۆشانی چەکداریی ببێت و سەردەمی چەک بەسەرچووە و هەرچۆنێک بێت دەبێت کورد تەنیا بە ئاشتی و سیاسی و دیبلۆماسی تێکۆشان بکات و داوای ماف و ئازادییەکانی بکات. ئەم بۆچوونەش وەک وەک بۆچوونەکەی پێشوو، تاکڕەهەندییانە ڕوانینە لە پرسەکان و راستینە و واقیعی ئەمڕۆی کورد و رژێمە داگیرکارەکانی کوردستان. ئەم جۆرە بۆچوونە هیچ کات لەگەڵ راستینە و واقیعی کورد و دۆخی ناوچەکە یەکانگیر نابێتەوە. ئەمە لەکاتێکدا پەکەکە لە ساڵی ٢٠٠٠وە تێکۆشانی گەریلایی خۆی خستۆتە چوارچێوەی پڕەنسیپی بەرگری ڕەوا، واتە تێکۆشانی گەریلایی تەنیا بەئامانجی بەرگری ڕەوا لە گەل و نەتەوەکەی و رەخساندنی دەرفەت و زەمینە بۆ ئاشتی و چارەسەری سیاسیی دایە، هەرکاتێک هێرش و پەلامارەکانی تورکیا هەبن، وەڵامی بانگەوازی و دەستپێشخەرییەکان بۆ ئاشتی و چارەسەری نەداتەوە، ئەوا هێزەکانی گەریلا پەرە بە تێکۆشانی گەریلایی دەدەن. لایەنگرانی ئەو بۆچوونە ئەو راستییە نابینن کەوا ئاشتی لە دۆخی لاوازی و بێهێزیدا بەدینایەت، بەڵکو لەوپەڕی هێز و توانستەوە دەکرێ دەرفەتی دیالۆگ، ئاشتی و چارەسەری سیاسی و دەستووری بڕەخسێنرێت. تەنانەت لەکاتی دیالۆگ و دانوستاندنیشدا دیسان رۆڵی چەک و تێکۆشانی بەرگری ڕەوا رۆڵی بنچینەیی و یەکلاییکەرەوەیە، لەدۆخی لاوازی و بێهێزییدا دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ و دیالۆگ جگە لە سازش و خۆرادەستکردن هیچی دیکەی لێبەدینایەت و نە ئاشتی و نە چارەسەریش واتایەکیان نامێنێت.
پێنجەم: بە ئامانجی ڕەشکردن و ناوزڕاندن و شێواندن و چەواشەکاریی، جەنگێکی تایبەت لەبەرامبەر بە رێبەر ئۆجەلان و بزووتنەوە ئازادیخوازەکەی بەڕێوە دەچێت، ئەمەش وایکردووە، جۆرێک ئاڵۆزی و شێواندن و چەواشەکاریی لەسەر هەر لێدوان و هەنگاوێک درووست ببێت کە رێبەر ئاپۆ و پەکەکە و کەجەکە دەیهاوێژن. بۆ نموونە؛ لەژێر ناوی ئەوەی "پەکەکە هێزی بەرگری نەماوە، لە لاوازییەوە باسی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتی دەکات"، "ئۆجەلان لە زیندان دایە و نابێت کەسێک لەزینداندا بێت لێدوان و قسەکانی بەهەند وەربگیردرێت"، "لەناو پەکەکە و کەجەکە و کوردی باکوور و .... بۆچوونی دژ بەیەک و ناکۆک هەیە و هەندێکیان ئاشتی پەسند دەکەن و هەندێکیان دژی ئاشتیین، هەندێکی رێبەر ئاپۆ پەسند دەکەن و هەندێکی تریش دژی رێبەر ئاپۆن...." بەدەیان و سەدان درۆ و چەواشەکاریی هاوشێوەی ئەم نموونانە رۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەناڵەکان و ماڵپەڕە کوردییەکان دەبینین. ئەمەش بۆخۆی هەر پێواژۆیەک و دەستپێشخەرییەک بۆ ئاشتی و دیالۆگ و چارەسەریی بکرێت، لەبەرامبەریدا بەدەیان درۆ و چەواشەکاریی بەئامانجی ئاڵۆزکردن و شێلوکردنی دۆخەکە و پێواژۆیەکە بەڕێوەدەچن. ئیدی کاتێک پرۆسەکە تێکبچێت و سەرنەگرێت، یەکسەر بێ ئەملاوئەولا لایەنی کوردی تاوانبار دەکەن. یان دەڵێن؛ نەمانگووت فڵان لایەنی کوردی دژی ئاشتیی و چارەسەرییە.... ئیدی جەنگی تایبەت وەک چۆن لەکاتی شەڕی سەربازی بەڕێوە دەچێت، مسۆگەر لەکاتی دانوستان و دیالۆگیش بەڕێوەدەچێت، تەنانەت سبەی ئەگەر ئاشتیش بێتەدی، لەکاتی ئاشتیشدا جەنگی تایبەت بۆ ئەوەی ئەو ئاشتیە تێکبدات، لەهەوڵی خۆی بەردەوام دەبێت.
لێرەدا دەکرێ بەکورتی ئەوە روونبکەمەوە؛ وەکو دیارە پێواژۆیەکی نوێ لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستیپێکردووە، ئەو پێواژۆیە بەهەر ئاقارێک ئاراستەگیر بێت، ئەوا کاریگەری راستەوخۆی لەسەر دۆخی رۆژئاوا-سوریا، باشوور-ئێراق، رۆژهەڵات-ئێران دەبێت. ئێمە هێشتا لەسەرەتای پێواژۆیەکە داین، دیدار و کۆبوونەوەی دیکەشی بەدوادا دێت، رووداو و پێشهاتی نوێ و گرنگیش لەگەڵ خۆیدا دێنێت. بۆیە پیویست دەکات شرۆڤە و شیكارییەکانمان، هەڵوێست و نزیکبوونەوەکانمان هەستیارتر، روونتر، قووڵتر و جددیتر بێت.
ئەوەی لەم پێواژۆیەدا دەبینرێت؛ دانوستان و دیالۆگ و دەستپێشخەریی و پرۆژەکان، لەناو دۆخی شەڕ و پێکداداندا بەڕێوە دەچێت، هێشتا نە لایەنی کورد و نە لایەنی دەوڵەت و حکومەتی تورکیاش، شەڕ و پێکدادانیان لەگەڵ یەکتر رانەگرتووە. ئەمەش بەو واتایە دێت، پرسی ئاشتی لە پرسی شەڕ دژوارتر و سەختترە. بەڵام ئەوەی ڕوونە؛ کورد وەک چۆن بۆ بەرگری و بەرخۆدان ئامادەیە، بۆ دیالۆگ و ئاشتیش بەهەمان رادە ئامادەیە. بەڵام لایەنی دەوڵەت و حکومەتی تورکیا، تەنیا کەمێک گووتاری خۆیان گۆڕیوە، ئەگەرنا دەستبەرداریی ئەقڵییەت و سیاسەتی فاشیستانەی خۆیان نەبوونە، گۆڕینی گووتار بەواتای گۆڕینی ئەقڵییەت نایەت. مسۆگەر تا ئەم ئەقڵییەتە نەگۆڕێت کە نکۆڵی لە کورد و ناسنامە و ماف و ئازادییەکانی دەکات، پێواژی دیالۆگ و ئاشتی و چارەسەریش، ئەگەر دەیان جاری دیکە دەستپێبکاتەوە، هیچ ئەنجامێکی نابێت. هەموو هەوڵ و دەستپێشخەرییەکانی ڕ. ئۆجەلان و پەکەکە بۆ گۆڕینی ئەو ئەقڵییەتەی دەوڵەت و حکومەتی تورکیایە. دیارە ئەمەش رەنج و هەوڵدان و وریایی و هەستیارییەکی زۆری پێویستە. ئەو چەمکی ئەرێنی (پۆزەتیڤ) ڕوانینەی لەنێو پەیامەکانی ڕ. ئۆجەلاندا باسی لێوەدەکرێت، لەبنچینەدا هەر ئەمەیە.
بۆیە لەکۆتاییدا؛ ئەوەی گرنگە متمانە و باوەڕیکردنە بە دووربینی و هوشیاریی و جددیەتی ڕ. ئۆجەلان و بزووتنەوەی پەکەکە، کە هەم بۆ ئاشتی و هەم بۆ بەرگری و بەرخۆدان ئامادەیە، نەک بە دەوڵەت و حکومەتی تورکیا. چونکە تا هەنگاوی جددی و کرداریی بە ئاراستەی ئاشتی و چارەسەریی نەنێت، ناکرێ خۆشباوەڕییانە و بێ بنەما ئەو متمانە و باوەڕییە بە دەوڵەت و حکومەتی تورکیا درووست ببێت، کە پێداویستییەکی بنچینەیی هەموو دیالۆگ و ئاشتی و چارەسەرییەکە.