سیاسەت واتە شەڕکردن بۆ بەرژەوەندیی باڵا و سەروەریی خۆت وەک نەتەوە
شارا تاهیر
7 ڕۆژ لەمەوپێش
شارا تاهیر
"له ئیمڕاڵی؛ چۆن بتوانم درێژه به پێگه و رۆڵی رێبەرایەتی بدەم و چۆن پەرەی پێبدەم، چۆن بتوانم تەسفیەگەرێتی و پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی سەپێندراو بێكاریگەر بكەم، چۆن بتوانم لێره؛ له ئیمڕاڵی؛ پەره به شۆڕشی كوردستان بدەم و گەورەی بكەم؟"
ئاپۆ
دوێنێ تەماشای دیبەیتێکی نێوان مایکڵ دۆران(ڕاڤەکاری سیاسی ئەمریکی لە واشنتۆن)و دان شوفتان(ڕاڤەکاری سیاسی و مامۆستای زانکۆ لە حەیفا)م، دەکرد، -لە خوارەوەی ئەم نوسینەدا لینکی دیبەیتەکە دادەنێم- لەسەر جەنگی ئێستا و پەیوەندی ئیسرائیل لەگەڵ تورکیا و کورد. کە دیبەیتێکی زۆر سەرنج ڕاکیش بوو، هاوکات ئارگومێنت و ڕیتۆریکی هەریەکەیان لە سەر هەمان بابەت تا ڕادەیەکی زۆر لەگەڵ یەک جیاواز بوو.
ئەوەی بۆ من گرنگ بوو ئەو بەشەی دیبەیتەکە بوو لەسەر کورد. دۆران پێیوابوو کە ئیسرائیل پێویستە پەیوەندی خۆی لەگەڵ تورکیا رابگرێت و بە هیچ شێوەیەک هاوپشتی کورد لە ڕۆژئاوا نەکات و خۆی نەکات بە ساحێبیان، چونکە هاوپشتی کورد لە ڕۆژئاوا واتە هاوپشتی و یارمەتیدانی پەکەکە؛ کە ئەمەیش بە مانای شەڕکردنە لەگەڵ تورکیا و هەژمونی دەسەڵاتەکەی. دۆران پێوایە کە کوردی ڕۆژئاوا لە پەکەکە جیاناکرێتەوە، چونکە بۆ تورکیا ئەمە واتە شکاندنی سەرەوەری و سنوری دەسەڵات و دەوڵەتەکەی ئۆردۆغان. دۆران ئاماژەی بە بارزانی کرد وەک نمونەیەک بۆ تێزەکەی خۆی سەبارەت بە گرنگی دۆستایەتی لەگەڵ تورک و گوتی: ئەوە نییە لە باشووری عێراق بارزانی دۆست و هاوڕێی هەردوو لە ئیسرائیل و تورکیشە، ئیتر بۆ نابێت ئسرائیل هاوڕێی تورکیا بێت و دۆستایەتی خۆی لەگەڵیدا ڕانەگرێت؟ چونکە کردنەوەی دەرگای شەڕ لەگەڵ تورکیا و بەزینی سنورەکانی واتە کردنەوەی ئاگرێک کە دەرئەنجامەکانی زۆر خراپە.
لەملایشەوە شوفتان پێیوابوو کە ئیسرائیل بە هەموو شێوەیەک دەبێت هاوپشتی کوردانی ڕۆژئاوا بکات، وەلێ لەگەڵ دۆران هاوڕابوو کە ئیسرائیل نابێت یارمەتی پەکەکە بدات، پەکەکە و کوردانی ڕۆژئاوا دوو مەسەلەی جیاوازن. شوفتان زۆر سوور بوو لە سەرئەوەی کە تورکیا- ئەردۆغان هەموو کات و لە هەموو سیاقێکدا دوژمنی سەرسەختی ئیسرائیلن. ئەو ڕای وابوو دوژمن هەر دوژمنە، ناکرێت و نابێت تۆ دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم بکەیت، چونکە هەر فرسەتێکی بۆ هەڵکەوێت وەک مار پێتەوە دەدات، دوژمنی ئەمڕۆ هەر دوژمنەکەی دوێنێیە، بۆیە ناتوانیت وەک دۆست مامەڵەی لەگەڵ بکەیت. جا ئەمڕۆ بێت یان سبەی تۆ دەبێت ئەو شەڕە هەر بکەیت.
هەر دوێنێیش هەواڵی ئەوەمان بیست کە وەفدێک لە ئیمراڵی لە گەڵ ئاپۆدا کۆبۆتەوە، کە لە ئێستادا ئەمە مایەی دڵخۆشییە ئێمە گوێمان لە دید و بۆچونی ڕابەرێکی سیاسی وەک ئاپۆ بێت، چونکە بە ڕای من سەرلەبەری هاوكیشە سیاسی و هاوکات هاژوهوژە ئیعلامی و میدییاکەیش دەگۆڕێت.
ئەوەی جێی سەرنجە لە چوارچێوەی گشتی بیرۆکەکان و ڕوانگەکانییەوە ئەوەیە کە ئاپۆ وتوویەتی بەهێزکردنەوەی برایەتی تورک-کورد، وێرای ئەوەی بەرپرسیارێتیەکی مێژووییە، گرنگە و بووەتە پێویستییەکی چارەنووسساز بۆ هەموو گەلان.
کەواتە یەکەمین خاڵی ئەو دانیشتە جەختکردنەوەیە لە سەر برایەتی و دۆستایەتی تورک-کورد، لە ئێستادا وەک تاکە چارەسەر بۆ ئاشتی و سەقامگیری ئاسایش نەک هەر بە تەنیا بۆ کورد، بەڵکو بۆ ناوچەکەیش لە داهاتوودا. ئەم قسەیەی ئاپۆ گەر هەر سیاسیەکی تر بیکردایە دەبووە جێی ڕەخنەی توند، بەو مانایەی باس لە برایەتی لەگەڵ سەرسەخترین دوژمنی کورد دەکات کە تورکە، باس لە برایەتی و دۆستایەتی لەگەڵ بگیر و بکوژی کورد دەکات. ئاپۆ دوای زیاتر لە بیست و پێنج ساڵ لە زیندانە ئینفرادییەکەی خۆی لە دوورگەی ئمیراڵییەوە، کە ئێمە وەک جێگایەک بەر سەپاندنی هەژموون و دەسەڵاتی پیلانگێڕی لە بەرامبەر کورد بە گشتی لە زیندانیکردنی کارەکتەری ڕێبەر ئاپۆدا دەکەوین. کە ئەزمونێکە لە مەحاڵ و لە گوزارشت بەدەرە، بەڵام هەر خودی ئەم ئەزموونە بۆخۆی دەبێتەوە بە گوارشت لەوێ، کە لە میانەیەوە بەر تیرۆر و بەر تراژیدیای توندوتیژیی ماف و داد دەکەوین. دواجار هەر لەوێشەوە گوێبیستی هەوڵەکانی ئاشتی و دۆستایەتی و برایەتیی تورک و کورد دەبین!
گەر ئێمە بە کۆدی سیاسی لە سەر ئەم قسەیە بووەستین؛ ئەوا دەتوانین بڵێین مەغزای ئەم پەیامە گوزارشتە لە سیاسەت لە دۆخە ڕووتەکەی خۆیدا، دۆخی ئەوەی کە هەموو شتێک مومکینە تەنانەت ئەوەی کە نامومکین و مەحاڵیشە. سیاسەت خۆی واتە ئیشکردن و بە گژداچوونەوەی مەحاڵ. گەر لە ئێستادا دۆستایەتی و برایەتی لەگەڵ تورک ئەو مەحاڵە بێت بە مەرجێک سەرەوەری کورد زامن بکات؛ ئەوا دەبێت بە هانای ئەم قسانەوە بچین، ئەمەیش بە بێ ئامادەیی کورد وەک یەک دەنگ و یەک گوتار ناکرێت. پرسیارە جەوهەرییەکەش ئەوەیە؛ ئایا پارتە سیاسییە کوردییەکان و لە پێش هەمووشیانەوە، پەکەکە، بەپیر ئەم خواست و پێشنیازەی ئاپۆەوە بۆ پرسی چارەسەری دەچن؟
لیبکی دیبەیتەکە:
https://youtu.be/ByH_MXpu1GY?si=Osxw6RWXMhmH5JAx