ئەمریكا گیان لەدەستدانی سەربازێكی لە عێراق ڕاگەیاند

4 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
- ئەو سەربازە ئەمریکییە ناوی ئێریک ریچارد هارت بووە، تەمەنی 34 ساڵ بووە.
- گیانی لەدەستداوە و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردنەکەی بەردەوامە.
پاسەوانی نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاند، سەربازێکی ئەمریکی لە عێراق گیانی لەدەستداوە و لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکەی دەکەن.
ئەو سەربازە ئەمریکییە ناوی ئێریک ریچارد هارت بووە، تەمەنی 34 ساڵ بووە، خەڵکی ئیندیاناپۆلیسی ویلایەتی ئیندیانا بووە و سەر بە یەکەی سەرەکی و بنکەی یەکەی 38ـی پیادەی پاسەوانی ئیندیانا بوو لە عێراق.
پاسەوانی نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاند، هارت لە رووداوێکدا کە پەیوەندیی بە جەنگەوە نەبووە، گیانی لەدەستداوە و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردنەکەی بەردەوامە.
ئەمریکا 2،500 سەربازی لە عێراق هەیە بۆ یارمەتیدانی سوپای عێراق لە چالاکییەکانی دژی داعش و راهێنان.
بەگوێرەی دوایین داتای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، لە ساڵی 2003ـوە تاوەکو ئێستا 4،419 سەربازی ئەمریکی لە عێراق گیانیان لەدەستداوە، لەوانە 3،482 لە شەڕدا کوژراون و 937ـیان لە دەرەوەی شەڕ، هەروەها 31،993 سەرباز لە عێراق بریندار بوون.
