عێراق ١٣٠ زیندانی دەداتەوە بەئێران

4 ڕۆژ لەمەوپێش



هاوڵاتی

- وەزارەتی داد هەوڵی بەردەوام دەدات بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیانی ئێرانی کە لە هەر شوێنێکی جیهان زیندانی کراون بۆ وڵات.

- لەم دواییانەدا بە هاوکاری وەزارەتی دەرەوە پەیوەندییان لەگەڵ قەتەر کردو توانیویانە 10 زیندانی ئێرانی ئازاد بکەن.

- لەم دواییانەدا دانوستانمان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق و مالیزیا ئەنجامدا.

 

تاران دانوستانەکانی لەگەڵ بەغدا بۆ گواستنەوەی وەجبەیەکی نوێی زیندانیانی ئێرانی لە عێراق بۆ ئێران ڕاگەیاند کە ژمارەیان ١٣٠ کەسە، بەبێ ئەوەی تۆمەتەکانیان ئاشکرا بکات.

عەسکەر جەلالیان، جێگری وەزیری داد بۆ مافی مرۆڤ و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانى ئێران، ڕایگەیاندووە، “وەزارەتی داد هەوڵی بەردەوام دەدات بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیانی ئێرانی کە لە هەر شوێنێکی جیهان زیندانی کراون بۆ وڵات لە ڕێگەی دانوستانی پێویستەوە”.

جەلالیان ئەوەى خستەروو لەم دواییانەدا بە هاوکاری وەزارەتی دەرەوە پەیوەندییان لەگەڵ قەتەر کردو توانیویانە 10 زیندانی ئێرانی ئازاد بکەن کە زیاتر لە 20 ساڵ لە زیندانەکانی قەتەردا بوون.

ناوبراو درێژەی بە قسەکانیداو وتی "لەم دواییانەدا دانوستانمان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق و مالیزیا ئەنجامدا، ڕەزامەندی ئەوانمان وەرگرت بۆ گواستنەوەی 130 زیندانی ئێرانی لە عێراق و 85 کەسی دیکە لە مالیزیا بۆ ئێران، ئەمەش بەم زووانە جێبەجێ دەکرێت”.

ڕۆژی 9ی کانونی یەکەم، خوسرەو حەکیمی ڕاوێژکاری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران ئاشکرای کرد کە 499 هاووڵاتی ئێرانی لە عێراق زیندانی کراون، ئەوەشى رونکردەوە کە 125 هاووڵاتی عێراقی لە ئێران زیندانی کراون.

لە مانگی شوباتی ٢٠١٩دا ڕێککەوتننامەی هاوکاریی دادوەری لە نێوان دەسەڵاتی دادوەری لە هەردوو وڵات واژۆ کرا.

جێگای سەرنجە عێراق ساڵانە دەیان بەندکراوی ئێرانی بە تۆمەتی جۆراوجۆر زیندانی دەکات، دیارترینیان قاچاخی ماددە هۆشبەرەکان، بەزاندنی سنوورەکان بەبێ بەڵگەی فەرمی، یان بەسەرچوونى ئیقامەیان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار