نزیكەی 150 داعش لە عێراق كوژراون
3 ڕۆژ لەمەوپێش
هاوڵاتی
- توانیومانە نزیکەی ٣٤١ ئۆپەراسیۆنی ئەمنی ئەنجامبدەین و لە ئەنجامدا ١٤٧ ئەندامى جیاوازى داعش بکوژین.
- لەنێویاندا کوشتنی بەناو والی عێراق و یاریدەدەرەکانی لە چیای حەمرین.
- ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەمنییانە بە هەماهەنگی ئاست بەرز لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدراون.
دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرى عێراق ڕایگەیاند لەساڵى ٢٠٢٤دا ١٤٧داعشمان کوشتووە.
بەپێى ئامارێکى دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرى عێراق، لەماوەى ساڵى رابردوو ٢٠٢٤دا، نزیکەی ٣٤١ ئۆپەراسیۆنی ئەمنی ئەنجامداوە، لە ئەنجامدا ١٤٧ ئەندامى داعش کوژراون.
سەباح نوعمان وتەبێژی فەرمیی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ڕایگەیاند: ساڵى رابردوو بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوە و لەناوبردنى شانە جیاوازەکانى داعش ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان چڕکردوەتەوە بەتایبەتی له ناوچە دوورەدەستەکان کە جوگرافیا و زەوییان سەختە، توانیومانە نزیکەی ٣٤١ ئۆپەراسیۆنی ئەمنی ئەنجامبدەین و لە ئەنجامدا ١٤٧ ئەندامى جیاوازى داعش بکوژین.
ڕوونیشیکردەوە، بەشێک لەو ئۆپەراسیۆنانە بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی وەکو دەزگای هەواڵگری نیشتمانی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، ئاماژەی بەوەشداوە بەشێکی دیکەی ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەمنییانە بە هەماهەنگی ئاست بەرز لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدراون.
وتیشى: لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکاندا گەیشتونەتە کەسانى پلەی یەکەم و دووەمی سەرکردەکانی ڕێکخراوەکە، لەنێویاندا کوشتنی بەناو والی عێراق و یاریدەدەرەکانی لە چیای حەمرین، جگە لە کەسی بەرپرس لە فایلە کیمیاییەکە و کەسی بەرپرس لە کارەکانی ڕێکخراوەکە لە دەرەوەی عێراق.