خامنەیی پێی وایە دەسەڵاتی نوێی سووریا نامێنێت
3 ڕۆژ لەمەوپێش
هاوڵاتی
- سووریا هی گەلی سووریایە.
- ئەوانەی هێرشیان کرد، ڕۆژێک لە بەرامبەر گەنجە بە پەرۆشەکانی سووریا پاشەکشە دەکەن.
لەساڵیادى کوژرانى قاسم سولەیمانى، خامنەیی هێرشى توند دەکاتە سەر ئیسرائیل و ئەمریکا، دەڵێت لەداهاتوویەکى نزیکدا بنکەى ئەمریکیەکان لە سوریا دەخرێنە ژێر پێ گەنجان.
ئەمڕۆ چوارشەممە لەشارى کرمان مەراسیمێک بەبۆنەى یادى پێنج ساڵەى کوژرانى قاسم سولەیمانیەوە رێکخرا، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، وتارێکى پێشکەشکرد.
لەبەشێکى وتەکانیدا خامنەیی وتى: رۆڵى قاسم سولەیمانى لەجیهاندا بێهاوتایە، پێویستە خزمەتەکانى و لە پەروەردەی سیاسی ئێمەدا بمێنێتەوە، بەرگریکردن لە ناوچە پیرۆزەکان پرەنسیپێک بوو بۆ قاسم سولەیمانی.
لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا خامنەیی ئاماژەى بۆ بارودۆخى سووریا کرد، وتى : سووریا هی گەلی سووریایە، ئەوانەی هێرشیان کرد، ڕۆژێک لە بەرامبەر گەنجە بە پەرۆشەکانی سووریا پاشەکشە دەکەن.
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران وتیشى: بنکەى ئەمریکیەکان لە سووریا دەخرێنە ژێر پێ گەنجە دڵسۆزەکان، لوبنان و یەمەن هێمای خۆڕاگرین و سەردەکەون.
رۆژی 3ى کانوونى دووەمى 2020، لە بۆردوومانێکی سوپای ئەمریکادا لە نزیک فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی بەغدا هەریەک لە ئەبوومەهدى موهەندیس و قاسم سولەیمانى کوژران.