ڕوخانی ئەسەد دەرفەتێکە بۆ پشتگیریکردنی کورد
وەرگێڕانی: قاسم محەمەد فەتاح
5 ڕۆژ لەمەوپێش
کوردەکان لەنێو ئەو هاوپەیمانە دەگمەنانەن کە بەهای هاوبەشیان لە گەل ئەمریکا هەیە و دەزانن چۆن سەرکەوتن بەدەستبهێنن.
نوسینی: تۆماس ئێس کاپلان و بیرنارد هنری لیڤی
وەرگێڕانی : قاسم محەمەد فەتاح
پاش هێرش و پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی عەفرینی سوریا، ئێمە لە ساڵی 2018 دا دادپەروەریمان بۆ کورد نواند بۆ بەرگریکردن لە یەکێک لە دۆستە هەرە دلسۆزەکانی ڕۆژئاوا. کوردەکان لە نێو ئەو نەتەوە دەگمەنانەی ناوچەکەن کە لەگەڵ ئەمریکا نەک تەنها بەرژەوەندی هاوبەش، بەڵکو بەهای هاوبەشیان هەیە و لەو دەستبژێرانەن کە دەتوانرێ لەسەخترین کاتدا پشتیان پێ ببەسترێت. لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا کاتی ئەوە هاتووە ئەمریکا بۆیان بێتە مەیدان.
کوردەکانی دەوروبەری حەلەب ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە لە 2 ی کانوونی یەکەمدا دەگەنە تەبقا لە سوریا
پشتیوانیکردنی بەهێزی ئەمەریکا بۆ کوردەکانی سوریا و عێراق پێویستی بە هێزی سەربازی زیاتر نییە. ئەگەر کوردەکان وەک پێویست یارمەتی بدرێن، دەزانن چۆن شەڕ بکەن و سەرکەون. ئەوان وەک نوکی ڕم لە شەڕی هاوبەشمان لە دژی داعش بەشداریان کرد، لە شەڕێکی نەگریسدا زیاتر لە یانزدە هەزار کوژراو و سی و چوار هەزار برینداری کوردی لێ کەوتەوە، لە کاتێکدا کەمتر لە دوانزە سەربازی ئەمریکی کوژران. پاشان ئەم گەلە مەزن و خاوەن دیرۆکی ناوچەکە بێ پشت و پەنا جێهێلدران. گۆڕینی ڕژێم لە دیمەشق دەرفەتێکی کەم وێنەی ڕەخساندوە بۆ وەفاداری دانەوەی قەرزەکانمان ئەویش بە جێبەجێکردنی ئەرکی ئەخلاقیمان بۆ زامنکردنی پاشەڕۆژی کوردەکانی سوریا.
بە ئەنجامدانی ئەم کارە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە پتەو تر دەبن. کۆدەنگی هەمەلایەنە بۆ پشتیوانییەکی هەماهەنگ و وزەبەخشی کوردەکان بۆ ڕێزگرتن لە مانەوەی ئەمریکا، ئەمە دەبێتە بژاردەیەکی سیاسیی بە تێچونێکی هەرزان و کاریگەریەکی بەهێزی بۆ ئەمریکا دەبێت تا دەریخات کە ئەمریکا وەک باوەڕپێکراوترین هاوبەش لە جیهان هاتۆتەوە مەیدان.
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە ڕاستگۆیی و متمانە و هێزی ڕۆژئاوا لەگەڵ پێگەی ئێستای برایەتی خۆسەپێنەکان بەراورد بکەین، کەوتنی بەشار ئەسەد ناوبانگی ڕوسیا و ئێرانی و تەنانەت (چین)یشی زڕاند و کاریگەری ستراتیژی بۆ دەرەوەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستیش درێژ دەبێتەوە.
ئەم جەختردنە بەهێزەی سەرکردایەتی ئەمریکا، بە کەمترین خەرجی و قازانجێکی گەورە لە هێزی پتەو و نەرمدا دەبێت. جگە لە یارمەتییە مرۆییەکان، پەیوەندییە سیاسی و ئەمنییە بەهێزەکان لەگەڵ هاوڕێ کوردەکانمان ڕاستەوخۆ خزمەت بە کۆڵەکەکانی سیاسەتی هەرێمی ئەمریکا دەکات.
بەمەش سەقامگیری سوریای دوای ئەسەد فەراهام دەبێت کە لە ئێستادا گڕوپێکی قاعیدە بەسەریدا زالە لە ژێر ناوێکی تر کە تورکیا و قەتەر پاڵپشتی دەکەن.
سەقامگیری سوریا زۆر شت لە خۆ دەگرێ وەک پاڵپشتی کردن لە پێداویستیە گرنگەکانی چەماندنی داعش پێش ئەوەی بتوانن دووبارە خۆیان ڕێکخەنەوە و گرەنتی ئەوە بدەین کە زیاتر لە 10,000 چەکداری توندڕەوی داعش کە لە ئێستادا لە لایەن کوردەکان دەستبەسەرن، ئازاد نەکرێن یا ئەوەتا بە ئاسانی ڕادەکەن؛ بەووردی ڕوانین لە بانگەشە و وتارە توندڕەوەکانی هەژموونی تورکیا و پەلامارە خوێناویەکانی تورکیا بۆسەر کوردەکان؛ زیانی زیاتر گەیاندن بە "بەرەی بەرگری" کە تاران پێشەواییان دەکات ئەمیش گەورەترین بەربەستی ئاشتی عەرەب و ئیسرائیلی هێناوەتە کایەوە.
کورد لە شوورایەک بەرزترە بۆ دژی بەربەریەت یان بلێین هاوبەشێکی بوێرە لە بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا، ئەوان وەك گەلێکی خاوەن دۆز و نوێنەری هزرێک و خاوەن بەلێننی خۆیانن، ئەوان بە شانازیەوە میراتگری بەها مرۆڤدۆستانە لەمێژینە و پێوەرەکانی دیموکراسی و ڕۆشنگەری و ئایینین. لە هەلومەرجێکی زۆر سەختدا، توانیویانە کۆمەڵگایەکی ئازاد و لێبوردە و کراوە دابمەزرێنن..
کوردەکانی سوریا و عێراق هێزێکی گرنگن بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، هێزێک کە پابەندە بە پاراستنی هەموو کەمایەتیەکان، بە مەسیحی، دروز و یەزیدیەوە. دەبێت ڕۆڵی سەرەکی بگێڕن لە داهاتووی سوریا و ئەمریکاش دەبێت هەموو تواناکانی خۆی بخاتە گەڕ بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەم کارە ئەنجام دەدەن.
------------------------------------------------------------------
بەڕێز کاپڵان سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری
. یە The Electrum Group LLC.
بەڕێز لێڤی نووسەری کتێبی
"Israel Alone"
هەردوو نووسەرەکە دامەزرێنەر و ئەندامی بۆردی دادپەروەری بۆ کوردەکانن کە ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە و بنکەی لە نیویۆرکە.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی وؤل ستریت جۆرنال ؛ ١٦ کانونی دووەمی ٢٠٢٤