خوێندنەوەیەکی مێژوویی بۆ دۆخی هەنووکەیی سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
دوران کالکان
4 ڕۆژ لەمەوپێش
دوران کالکان
پێویست دەکات ئەو پێشکەوتنانەی کە لەم دواییانە روو دەدەن تێبگەین و شیکاری باش و گونجاوی بۆ بکەین. بە تایبەتی لە دوای شەڕی جیهانی یەکەمەوە سیستەمی سەرمایەداری بوو بە خاوەن هەژمونێکی گلۆبال و لە سەر ئەم بنەمایەش لە رۆژهەڵاتی ناویندا چەندین دەوڵەت – نەتەوەی دروست کرد. ئامانج لە دروست کردنی ئەم دەوڵەت-نەتەوانە هەڵوەشاندەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو. لەو سەردەمەدا پێکهاتەی دەوڵەت نەتەوە لە بەرژەوەندی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا بوو. ئارمانجی سەرەکی دروست کردنی ئەم دەوڵەت- نەتەوانەش کردنەوەی ڕێڕەوی بازرگانی هندستان-ئەوروپا بوو. ئەو سەردەمە پرۆژەی رێگای هێڵی ئاسنینی "بەرلین - بەسرە - بەغداد" پلانی بۆ داڕێژرابوو. مشت و مڕێکی زۆر لە سەر ئەم ڕێگایە هەبوو. لە لایەکەوە ئینگلیزەکان دەیانویست دەست بە سەر ئەم ڕێگایەدا بگرن و لە لایەکیشەوە ئەڵمانییەکان. سەودا و مامەڵە کرا و لە ئەنجامدا ئەڵمانیا و دەوڵەتی عوسمانی لە سەر ئەم ڕێگایە رێککەوتن و دەسەڵاتی عەبدولحەمید پاشا ئەم ڕێگا بازرگانییەی دا بە ئەڵمانیا. بەڵام بەریتانیا و فەرانسا بۆ تێکدانی ئەم رێککەوتنەی نێوان ئاڵمانیا و ئیمپراتۆری عوسمانی دەستیان کرد بە شەڕ لە دژی عوسمانییەکان. چەخماخەکانی ئەم شەڕەشیان لە ئەفریقا و لە کەنداوەوە هەڵگرساند و بەم شێوەیەش پرۆژەی رێڕەوی "بەرلین-بەغدا-بەسرە" پووچەڵکرایەوە. ئەگەر ئەوکاتە ئەم پرۆژەیە ئاستەنگ نەکرابا ئەوا ئەڵمانیا لە بەرلینەوە هەتا کەنداو رێگای بازرگانی کۆنترۆڵ ئەکرد. بەوشێوەیەش ئەڵمانیا لە سەر رێگای بازرگانی نێوان هیندستان – ئاسیا-ئەوروپا کاریگەری دەبوو. بەڵام ئینگلیزەکان هیندستانیان داگیرکردبوو و دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەی ماددە خاوەکانی هیندستان و ئاسیا لەلایەن ئەوروپاییەکانەوە هەدەفێکی ستراتیژییە. ئەم مشتومڕە لەڕۆژگاری ئەمڕۆشماندا بەردەوام ئەکات.
پێکدادانی نێوان دەوڵەت-نەتەوە و سەرمایەی نێونەتەوەیی
ئەم پەرەسەندنانەی دوایی لە سوریا دەرفەتی ئەوەیان رەخساندووە کە لە باروودۆخەکە باشتر تێبگەین. لە دوای رووخانی یەکێتی سۆڤیەت ئەمریکا ویستی لە ژێر ناوی NEW WORLD ORDER سیستەمی جیهانی سەرلەنوێ رێکبخاتەوە و لەم پێناوەدا دەستی بە شەڕ کرد. ئێمە ئەم شەڕە وەک پێکدادانی نێوان سیستەمی قۆڕخکاری سەرمایەی نێودەوڵەتی و سیستەمی قەوارەپارێزی دەوڵەت - نەتەوە پێناسە دەکەین. قەوارەی دەوڵەت – نەتەوە و سنوورە داخراوەکانی لەبەردەم جووڵەی سەرمایەدا ئاستەنگی دروست دەکەن. ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی مژۆکداری و مێتینگەری. ئەو سیستەمەی دەوڵە- نەتەوە کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بۆ خۆی لە ئەنجامی شەڕی جیهانی یەکەم خولقاندبووی، لەم سەردەمەدا لەگەڵ تایبەتمەندی قۆڕخکاری و جیهانگیری سەرمایەی نێودەوڵەتی ناکۆکە. لەم واتایەدا شەڕی سێیەمی جیهانی هێرشێکی سەرمایەداری قۆڕخکارە بۆ گۆڕینی قەوارەی دەوڵەت-نەتەوە. ئامانجەکەی دابەشکردنی قەوارەپارێزی دەوڵەت-نەتەوەیە لە خۆرهەڵاتی ناوەراست بە شێوەیەک کە رێگای وزە و بازرگانی لە نێوان هیندستان ئەوروپا (IMEC) پارێزراو بێت. لەسەر ئەم بنەمایە لە نەوەدەکانەوە تا ئەمڕۆ، ئەوە سی و پێنج ساڵە شەڕە.
هەندێک کەس ئەم شەڕە وەکو سەرەتای شەڕی جیهانی سێیەم پێناسە دەکەن، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ جیا لەوان پێچەوانەوەکەی دەڵێت. رێبەر ئاپۆ ئەم قۆناخە دەچوێنێتە دوا قۆناخەکانی شەڕی جیهانی یەکەم. زیاتر لە کۆتاییەکانی شەڕی جیهانی یەکەم لە ساڵی ١٩١٨ دەچێت. ئەمە گرنگە و واتادارە. بەم رەنگە لە دۆخی شەڕەکە لەم قۆناغەی ئێستادا باشتر تێدەگەین.
کۆنترڵکردنی کەنداو هەتا ئیسرائیل
ئەمریکا لە شەڕی کەنداودا بۆ ئەوەی وڵاتی سعودیە بۆ خۆی بکاتە ناوەندێک لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ١٥٠هەزار سەربازی بۆ ناوچەکە گواستەوە. لەمەدا ئامانجي ئەوەبوو ڕێڕەوی کەنداو هەتا ئیسرائیل کۆنترۆڵبکات. لەلایەکەوە لە کەسایەتی دەسەڵاتی سەدام حسێندا لە ئاستی هەرە ژووردا هێرشی کردە سەر قەوارەپارێزی دەوڵەت- نەتەوە، لەلایەکی تریشەوە لە رووی سەربازییەوە کەنداوی خستەژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. بەمشێوەیە کەنداویان بۆ ڕێڕەوی وزە ئامادە کرد. لە ساڵی ١٩٩١ دا لە بەغداد دەوریان لە سەدام حسێن گرت. . لەبەرئەوەی لەوکاتەدا هێشتا باڵادەستی ئەمریکا لە ناوچەکە لاواز بوو، واتا هێشتا پێگەی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پتەو نەکردبوو، ترسی ئەوە لای ئەمریکا هەبوو کە ئەگەر شتێکی لەو بابەتە بکات و دەسەڵاتی سەددام بە تەواوەتی بڕۆخێنێت، پێدەچێت بۆشاییەک بێتە ئاراوە و هێزی دیکە لێ سوودمەند بن. ئەمریکا ترسی لە دوو هێز هەبوو کە بۆشاییەکە پڕ بکەنەوە. لەوکاتەدا لەلای رۆژهەڵاتی عێراقەوە ئێران و لەلای باکووریشەوە پەکەکە هەبوو. ئەگەر دەسەڵاتی سەدام حسێن لە بەغدای پایتەخت لەوکاتەدا رووخێنرابا ئەوا ئەو هەردوو هێزەش کاریگەریان لەسەر سەر ئێراق زیاتر دەبوو، چوونکە ئەمریکا لاواز بوو و ئەو هێزە لۆکالییانەی پەیوەست بە ئەمریکاش هێشتا لە ئێراق نەبوون. واتە، هێزی لۆکالی عێراقی گرێدراوی ئەمریکا هێشتا لە مەیدان نەبوون. هەر بۆیە ئەمریکا لە شەڕی یەکەمی کەنداودا تەنیا پشتی بە هاوپەیمانێتیە گشتییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان و هەروەها ئەو هێزە سەربازی و تەکنەلۆژیایە بەست کە لە سعودییە هەیبوو. بەلام ١٢ ساڵی خایاند تا ئەمریکا بتوانێت پێگەی خۆی قایم بکات، خۆی باش بە ڕێکخستن بکات و کاریگەری خۆی بسەپێنێت و رێگری لەو هێزانەش بکات کە رەنگ بوو لە بۆشایی رووخانی دەسەڵاتی سەدام حسێندا سوودمەند بن. بۆ ئەم مەبەستەش، دوژمنایەتی زیاتری لە نێوان ئێران و وڵاتانی کەنداودا دروست کرد وڵاتانی کەنداوی لە بەرامبەر ئێران رێکخست و لە بەرامبەر پەکەکەش گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتی لەسەر رێبەر ئاپۆ جێبەجێ کرد. کاتێک کە لە لاوازبوونی ئەم هەر دوو هێزە دڵنیا بووەوە، ئەوا لە ساڵی ٢٠٠١ دا لە دوای هێرشەکەی سەر هەردوو باڵەخانەکە، ئەمریکا سەرەتا ئەفغانستان و دواتریش ئێراقی داگیرکرد و سەدام حسێنی پاکتاو کرد.
مەترسی ئەوەی پەکەکە ببێتە هێزێکی کاریگەر لە ناوچەکەدا
لە ساڵی ١٩٩١دا ئەمریکا ترسی ئەوەی هەبوو کە ئەگەر بەغدا بڕۆخێت ئەوا پەکەکە لە ئێراقدا دەبێتە هێزێکی کاریگەر. کێشەی کورد یان ئەو ململانێیەی کە لە سەر کوردستان هەیە پەیوەندییەکی بەمشێوەیەی بە شەڕی سێهەمی جیهانییەوە هەیە. هەڵەبەت کێشەی کورد بۆ خۆی بەرهەمی شەڕی جیهانی یەکەم و دەرهاوێشتەکانیەتی. دەتوانین هەمان شت بۆ شەڕی سێیەمی جیهانیش بڵێین. ئەم شەڕەی ئێستا بەردەوامی شەڕی جیهانی یەکەمە. واتە شەڕی جیهانی سێیەمیش پەیوەندی بە کێشەی کورد و بزووتنەوە ئازادیخوازی کوردستانەوە هەیە. پێویستە دەکات زیاتر تیشک بخەینە سەر ئەم بابەتە. لە کاتێکدا کە ئەمریکا لە پاش شەڕی کەنداو هێشتا سەرقاڵی رووخاندنی سەدام حسێن بوو، لە لایەکەوە دەسەڵاتی باشوری کوردستانی دروست کرد و لەلایەکی دیکەشەوە هێزی ئۆپەراسیۆنی چەکۆشی هێنایە باشوری کوردستان. ئامانج و بڕیاری سەرەکی ئەم دەسەڵاتە و ئەم هێزەی کە ناوی "ئۆپەراسیۆنی چەکوش"یان لێی نابوو ئەوە بوو کە پەکەکە لە باشور پاکتاو بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش لە ٩ی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٩٨ دا بە گەلەکۆمەیەکی نێودەولەتی هێرش کرایە سەر رێبەر ئاپۆ لە سوریا و لە ئەنجامدا ڕێبەر ئاپۆ وەک بارمتەیەکی تایبەت لە ١٥ی شوباتی ١٩٩دا رادەستی دەوڵەتی تورکیا کرایەوە.
ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ساڵی ٢٠١٠ لە دەوروبەری کەنداودا شەڕی خۆ قایمکردن و خۆ رێکخستنەوەی بەڕێوە برد. ئێراقی داگیرکردبوو، پەیوەندی لەگەڵ میسر و سعودیە پەرە پێدا. دواتر قۆناغی بەهاری عەرەبی هاتە ئاراوە. تایبەتمەندی سەرەکی سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی تێکۆشان بوو لە دژی دیکتاتۆرە نەتەوەپەرستەکان. سیستەمی سەرمایەی جیهانی هەوڵیدا لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا سوود لەمە وەربگرێت.
دەوری تورکیا لە قۆناخی بەهاری عەرەبیدا
تورکیا راستەوخۆ لەناو ئەم قۆناغەدا بوو. ئەمریکا هاوکات لەگەڵ هێرشکردن بۆ سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریکی داڕشتن و پێناسەکردنی ستراتیژی سیستەمی نوێی جیهانی (New World Order) بوو. پرۆژەی "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مەزن" بەشێک بوو لەم ستراتیژە. لەم پرۆژەیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تورکیا رۆڵی هەرە گەورەی پێدرابوو، تەنانەت رەجەب تەیب ئەردۆغان بە ئاشکرا گوتی کە من هاوسەرۆکی پڕۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مەزنم و هەوڵیدا کە سوود کە بزووتنەوە جەماوەرییەکانی قۆناغی بەهاری عەرەبی بگرێت. لەم چوارچێوەیەدا لەم میسر و لە سوریا کەوتنە جووڵە. بە پشتیوانی ئەمریکا توانیان لە زۆر وڵاتدا پارتی دابمەزرێنن و ببن بە دەسەڵات. لە میسردا هەڵبژاردنەکەیان بردەوە، لە بەرامبەر رژێمی سوریاش "سوپای ئازادی سوریا" رێکخست. ئەم هاوپەیمانێتییەی نێوان تورکیا و ئەمریکا هەتا ساڵی ٢٠١٥ بەردەوام بوو.
مەترسییەکانی ئیخوان موسلمین
بەڵام ئەو دۆخەی کە لە میسر هاتە کایەوە جیاواز بوو، هاوپەیمانییەتەکەی تێکدا. ئەردۆغان ئەم دۆخەی وەک هەلێک بینی بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەراستی مەزندا پەرە بە باڵادەستی ئیخوان موسلمین لە هەموو وڵاتان بدات و دەسەڵات بگرێتە دەست خۆی. ئەمریکا ناچارما تەگبیرێک بۆ ئەمە بگرێت. ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی یەکێتی سۆڤیەت ئیخوان موسلمینی بە دەستی خۆی دروست کردبوو. رێکخراوی ئەلقاعیدەش بە هەمانشێوە بۆ تێکۆشان لە بەرامبەر یەکێتی سۆڤیەت لە ئەفغانستان دروست کرا. هۆکاری دروستکردن و رێکخستنکردنی هەموو ئەمانە بۆ پێشەنگایەتی کردنی سیستەمەی ئەمریکا بوو. پرۆژەی پشتێنەی سەوز ئەو پرۆژەیە بوو کە نەهێڵێت یەکێتی سۆڤێت بکەوێتە ناوچەی ئاوە گەرمەکانەوە. بۆ ئەمەش لە زۆر وڵاتی جیاوازدا رێکخراوی ئیسلامی جیاواز دروستکران. تورکیاش هەر لە بەر ئەم هۆکارە داخلی ناتۆ کرا. تورکیاش وەک شوێنێک کە دەکەوێتە دوورترین گۆشەی باشوری رۆژهەڵاتی پەیمانی ناتۆ لە چوارچێوەی پرۆژەی "پشتێنەی سەوز"دا رێکخرا و رۆلێکی چالاکی بینی. بەڵام سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لەوە ترسا کە قەڵەمبازی ئیخوان موسلمین کاریگەری لەسەر هەموو رۆژهەڵاتی ناوەراست دروست بکات. ئیخوانیش بۆ خۆی لایەنگری پارێزگاری کردن لە قەوارەی هەیی رۆژهەڵاتی ناوین بوو و ویستی لەهێرشەکانی سیستەمی سەرمایەی جیهانی دا سودمەند بێت. بۆ ئەوەش ئەمریکا ئەگەر بە تەواویش نەبێت، کارە هاوبەشەکانی لەگەڵ تورکیا کۆتایی پێ هێنا.
لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە قۆناغێکی نوێ دەستی پێکرد
لە ساڵی ١٩٩٠ەوە تا ٢٠١٠ هێرشەکان لە سەر کەنداو و دەوروبەری چڕ بوونەوە. پاش ساڵی ٢٠١٠ کە دۆخی سوریا بوو بە رۆژەڤ، ئەم هێرش و ئامادەکارییە سەربازییانە لە رۆژهەڵاتی دەریای مێدیترانە چڕ بوونەوە. ئێران خۆی گەیاندبووە لوبنان و سنووری ئیسرائیل و هیلالی شێعی دروست کردبوو. هۆکاری کوشتنی قاسم سولەیمانیش هەر ئەمە بوو.
لە ٧ی ئۆکتۆبەر لەگەڵ شەڕی غەزەدا قۆناغێکی نوێ هاتە کایەوە. لەم رۆژە بەدواوە ئامادەکارییەکی گەورە لە رۆژهەڵاتی دەریای مێدیترانە بەردەوامە. ئارمانجی هەموو ئەم ئامادەکارییە سەربازییانە ئەوەیە کە بە پێی بەرژەوەندی و پاراستنی ئیسرائیل، رۆژهەڵاتی دەریای مێدیترانە بۆ ڕێڕەوی نوێ وزە و بازرگانی هەموار و خاوێن بکرێتەوە و بەم شێوەیە بە تەواوی دەست بە سەر ئەم ڕێگایەدا بگرن. هەر بۆیە ئەمریکا پاپۆڕی جەنگی و هێزی دەریایی خۆی هێنایە رۆژهەڵاتی مێدیترانە. هەروەکو چۆن لە ٢ ئابی ساڵی ١٩٩٠دا لە دوای داگیرکردنی کوەیتەوە، لە رێگای زەمینیەوە لە سعودیەوە ١٥٠ هەزار سەربازی هێنا، ئەمجارەش هێزە دەریاییەکەی لە رۆژهەڵاتی دەریای مێدیترانەوە هێناوە و بووەتە بووە کاریگەرترین هێزی سەربازی لەو هەریمە. بە دەستی ئیسرائیل هێرشی راستەوخۆی سەربازییان دەست پێکرد کە تا ئێستاش بەردەوامە. راستە ئەم شەڕە حەماس دەستی پێکرد، بەڵام ئەوەی حەماسی هان دا و ئاراستەی کرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان بوو. ئەمە شتەکی مسۆگەر و حاشا هەڵنەگرە. ئێمە هەر لە سەرەتای شەڕەکەدا ئەم خاڵەمان دەستنیشانکرد.دواتریش چەند لایەنێک ئەمەیان پشت راست کردەوە. لە تورکیادا تەیب ئەردۆغان و شەریکەکانی هەوڵدەدەن ئەم راستییە بشارنەوە، تاوەکو لەوە زیاتر تەشهیر نەبن. راستییەکەشی ئەوەیە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان وەکو جاسوسێکی تێکدەر و ئاژاوەگێڕ بەکار دەهێنرێت.
ئەمریکا و ئیسرائیل خۆیان بۆ هێرشی غەزە ئامادە کردبوو، لە بیانۆیەک دەگەڕان. ئەوەی ئەم بیانۆیەی دا بە دەستییانەوە، هێرشەکی حەماس بوو لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣دا. لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمیشە بیانۆی لەو شێوەیە بە کار دەهێنرێن. بۆ نموونە لە ٢ی ئاب ١٩٩٠دا سەدام کوەیتی داگیرکرد، ئەمە بووە بە بیانۆی شەڕی کەنداو. لە ١١ی ئەیلوول ٢٠٠١ دا بزووتنەوەی ئەلقاعیدە هێرشی دوو باڵەخانەکەی ئەمریکای کرد، ئەویش بووە بیانۆی داگیرکردنی ئێراق و ئەڤغانستان. ئەم بیانۆیانە بەردەوام لە ئارادان و نابڕێنەوە. هەروەها پوتینییان هاندا هێرشی سەر ئۆکرانیا بکات و شەڕەکەش تا ئێستا بەردەوامە.
دیسان سەری بەنەکەیان دا دەستی ئەردۆغان
هێرشەکانی حەماس، زەمینی بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە رەخساند. گفتوگۆی وەها هەن کە گوایا مۆساد حەماسی بۆ ئەو هێرشە ئاراستە کردووە. هەروەها دەگوترێت کە مۆساد بۆ لاوازکردنی بزوتنەوەی رزگاری فەلەستین بزووتنەوەی حەماسی دامەزراندووە. ئەوانەی کە لە ئەمریکاوە دەستیان بە زانیارییە هەستیارەکان دەگات ئەم شتانە دەڵێین. لەنێو هەڵسەنگاندنەکانی رێبەر ئاپۆشدا شتی لەو بابەتە هەن. هەرچەندە حەماس هێزێک نەبوو کە کۆنترۆڵ نەکرێت، هەمووشیان لە دژی ئیسرائیلیش نەبوون، بەڵام دیسانەوەش دەزوەکەیان بەدەستی تەیب ئەردۆغان راکێشا. ئەمەش بوو بە بیانۆیەک کە غەززە لە ناو بەرن. شەڕی غەزە گرنگە. مێژووی غەزە و قودس هاوتەریب پێکەوە دەڕۆن. لە رووی مێژوییشەوە وەها دەگوترێت "باڵادەستی لەسەر قودس بە غەزەدا تێپەر دەبێت". پرۆژەی پاکتاوکردنی کردنی هەموو فەلەستین لە ئارادایە. پێویستە ئەم راستییە وەها ببینرێت. لەکاتی ئێستادا لەوانەیە رێگە بدرێت کە گەلی فەلەستین تا ئاستێک وەک کۆمەڵگایەک بمێنێتەوە. بەڵام لەوانەیە رێگەش نەدرێت. بەرەبەرە کەمیان دەکەنەوە. ئەمەش هەنگاو بە هەنگاو دەکەن، چۆنکە بێگومان ناتوانن ئەم پرۆژەیە هەموو بەجارێک پێک بێنن.
پەیوەندی ئاکەپە و حەماس پەیوەندییەکی ئایدیۆلۆژییە
دواتریش نورە گەیشتە لوبنان. هەموو پەرەسەندنەکان ئاماژەیان بەم خاڵە دەکرد. ئەوەی ئێران و حیزبوڵای هاندا لە دژی ئیسرائیل شەڕ بکەن تورکیا بوو. بەپێی حساباتی تورکیا ئەگەر ئیسرائیل لەگەڵ حزب الله بکەوێتە نێو شەڕەوە، ئەوا ئێرانیش راستەوخۆ بەشداری شەڕەکە دەبێت. بۆ حەماسیش هەمان حیسابات هەبوو. تورکیا هیوای هەبوو کە ئێران بۆ خاوەنداریکردن لە حەماس بەشداری شەڕ لە دژی ئیسرائیل ببێت. تورکیا ویستی لەو روانگەیەوە ئەنجامێک بەدەست بخات، بەڵام ئێران خاوەن لە حەماس دەرنەکەوت. چوونکە راستییەکە وەها نەبوو؛ حەماس رێخیستنێکی ئیخوانییە، ئێرانیش شیعەیە. لەوانەیە ئێران پشتگیری لە رێکخستنە ئیسلامییەکان بکات بەڵام لە بیرمان نەچێت کە پەیوەندی ئاکەپە بە حەماسەوە بەهێزترە، پەیوەندی ئەوان مەزهەبییە، واتە ئایدیۆلۆژییە.
ئەوەی تورکیا چاوەڕوانی دەکرد نەهاتەدی
نەیانتوانی ئێران ڕاستەوخۆ پەلکێشی ناو شەڕەکە بکەن. تورکیا حسابی ئەوەی دەکرد، کە ئێران بکەوێتە نێو شەڕکەوە و لە دژی ئیسرائیل هەندێک خۆراگری بکات، شەڕەکە درێژە بکێشێت و لە ئەنجامدا هەردوو هێز هاوسەنگییەک لە نێوانیاندا دروست بێت، ئەوکات هەردوکیشیان تووشی زۆر و زەحمەتی ببن و موحتاجی تورکیا بن. تورکیاش لەگەڵ هەردوو لادا پەیوەندییەکانی خۆی بەردەوام بکات و بەمشێوەیە بە پشت بەستن بەم پێکدادانە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا کاریگەری خۆی بەهێز بکات. جێگەی وەبیرهێناوەیە کە کاتی خۆی هەموو هونەری تورگوت ئۆزال سودوەرگرتن بوو لە شەڕی ئێران – ئێراق. شەڕی ئێران – ئێراق نەبا دیاردەیەک بەناوی تورگوت ئۆزالە لە تورکیا نەدەهاتە ئاراوە. دەگوترێت ئۆزال ژیر و زانای ئابوری بوو! بەڵام راستییەکان وا نیین. لە ئەنجامی شەڕی نێوان ئێران – ئێراقدا تورگوت ئۆزال هەموو شتومەکی بەکارنەهاتوی وڵاتەکەی هەم بە ئێران هەم بە ئێراقیش فرۆشت، چونکە هەردوو وڵاتیش لەگەڵ کەسی دیکەدا دەرفەتی بازرگانیان نەبوو. پەیوەندییان لەگەڵ تورکیادا هەبوو، هەردوکیشیان پێکەوە لەناو شەڕدابوون. هیچیان لە شوێنێکی دیکە نەدەکڕی. ئەوەی کە تورگوت ئۆزالی بۆ ماوەیەکی درێژ لە سەر دەسەڵات هێشتەوە ئەو بازرگانییە بوو. دەگوترێت کە گوایا ئۆزال لە رووی ئابورییەوە تورکیای بەرەو خۆشگوزەرانی بردووە، بەڵام هۆکارە راستەقینەکەی وەکو ئاماژەمان پێکرد وایە. ئەردۆغانیش بەهەمان شێوە هیوای وابوو کە شەڕی ئێران – ئیسرائیل رەوشێکی وەها بهێنێتە ئاراوە، بەڵام پەرەسەندنەکان بەو ئاراستەیدا نەچوون. هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵا بەهەمان شێواز و تەکتیکی شەڕی حەماس نەبوو. بۆ لێدان لە حزبۆڵا تەکنۆلۆژیایان لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بە کار هێنا و هەموو پەیوەندییە ناوخۆییەکانیان پچڕاند. لە نێو حیزبۆڵاشدا تۆڕی سیخۆڕییان جێگیر کردبوو کە زانیارییان دەدا. بەم شێوەیە خۆیان ئامادەکرد و لە ماوەیەکی کورتیشدا گورزی کوشندەیان لێدا. وەک تورکیا چاوەڕێی دەکرد نەهاتەدی، شەڕەکە زۆر درێژخایەن نەبوو، شەڕێک کە ئیسرائیل لاواز بکات. بەپێچەوانەوە حزبوڵا لاواز بوو، بەمەش پەڕوباڵی ئێران شکا. بەهێزترین سەنگەری ئێران شکا. هەربۆیەش ئێران لەجیاتی شەڕ لەهەوڵی رێکەوتندا بوو. هێزی شەڕی ئێران لاواز بوو. ئەمەش تورکیای توشی سەرسوڕمانکرد. پێویستە ئەم راستییە ببینین. بارودۆخەکە وای لێهات کە تورکیا ترس کەوتە دڵی. لە راستیدا ئەو دۆخەی کە حزبوڵا تێیکەوت، هەم ئێرانی لاواز کرد و هەم ئاکەپەشی تووشی ترس و هەژان کرد. وەکو حسابی کرد دەرنەچوو. لەوە ترسا کە ئێران بێکاریگەر بێت و لەهەرێمەکەدا بەهەموو شێوەیەک دەرگا بۆ ئیسرائیل ئاواڵا دەبێت. ئەو هەوڵانەی دەوڵەت باخچەلی کە لە رۆژی ١ی ئۆکتۆبەرەوە دەستیان پێکرد هەموو لەم مەسەلانەوە سەرچاوەی دەگرت. تورکیا لە نێو ترس و دڵەڕاوکێدا بوو. ئەو گورزانەی کە بەر حیزبوڵا کەوت، تورکیای خستە ناو لێگەڕێنێکی بەو شێوەیە.
لە راستیدا پێویستە بەوە باوەڕبکەین کە ئێدی نۆرەی سوریاش هاتبوو. لەم بارەیەوە زانیاریی بڵاو دەبوونەوە. هەرچەندە ئێران و حزب الله لە لوبناندا گورزیان بەرکەوتووە، بەڵام قۆناغی ئاستانە هێشتا بەردەوام بوو و ئەمەش ڕێگەی لەبەردەم قۆناخێکی ئاڵۆز کردبووە. قۆناغی ئاستانا هاوپەیمانی تورکیا- روسیا- ئێران بوو لە سەر بابەتی سوریا. گفتوگۆی ئەوە دەکرا کە ئایا دۆخی سوریا بەرەو کوێ دەڕوات، ئایا سیستەمی سەرمایەی نێودەوڵەتی ئەم قۆناغە چۆن بەڕێوە دەبات. چۆنکە روسیا لە ناو ئەم ئیشەدا بوو. هەروەها شەڕی ئۆکرانیا هەبوو. لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠ی ئەمریکادا ترامپ رۆشت، بایدن هات. بایدن دەستبەجێ بڕیاڕی کشانەوەی لە ئەفغانیستان دا. ئەوە بڕیارە پێشتر ترامپ گرتبووی. هەمان شت بۆ شەڕی ئۆکرانیاش راستە.
بە شەڕی ئۆکرانیا هێڵی وزەی باکوریان تێکدا
بەرەی ئۆکرانیا گرنگییەکی هەمەلایەنەی هەیە، بە شەڕی ئۆکرانیا رێگەی وزەی روسیا – چینیان تێکدا. ئەم ڕێگەیە وەک جێگرەوەی ڕێگای هیندستان-ئەوروپا(IMEC) بوو. لە راستیدا رێگەی روسیا-چین کورتترین و پڕقازانجترین رێگای زەمینی بوو. ئەم رێگا لە باکوری دەریای ڕەشەوە چین و هیندستانی بە ئەوروپاوە، بە پاریس و لەندەن و بەرلینەوە دەبەستەوە. بەشەڕی ئۆکرانیا ئەمەیان تێکدا. ئەمە هەمان پرۆژەکەی چینە، پرۆژەی "پشتێنەیەک و رێگایەک". چین ویستی ئەم پرۆژەیە لەسەر روسیاوە بەڕێوە ببات، بەڵام بەشەڕی ئۆکرانیا پووچەڵیان کردەوە. ئەگەر ئەم رێگەیە سەری بگرتایە، چین و روسیا کاریگەرییەکی زۆری ئابوورییان لەسەر ئەوروپا دادەنا. لە بواری ئابووریدا ئەورپایان بە خۆیانەوە گرێدەدا. ئەڵمانیا و هەندێک وڵاتی تریش هەتا ئاستێک بەهۆی وابەستەبوونیان بە گازی سروشتیەوە پەیوەندی خۆیان لەگەڵ روسیا پەرە پێدابوو. ئەمەش کاریگەری ئەمریکای لەسەر ئەوروپا لاواز کردبوو، ئەمریکا دەکەوتە ریزی دواوەوەی پلانەکانەوە. ئەم کاریگەرییە ئابوورییەی چین و روسیا لە سەر ئەوروپا رەنگدانەوەی بۆ بواری سەربازیش هەبوو. هەربۆیە ماکرۆن گوتی" ناتۆ مێشکی مردووە". هەروەها گوتی کە ئەوروپا پێویستی بە سوپایەکی نوێ هەیە بۆ پاراستنی خۆی. هەربۆەی ئەڵمانیا و فەرەنسا لەنێو لێگەڕینی دامەزراندنی سوپایەکی تایبەت بە ئەوروپا بوون. هەموو ئەمانە دەبوونە هۆکاری کەمبوونەوەی کاریگەری ئەمریکا لەسەر ئەوروپا. بەڵام ئەمریکا ئەم دۆخەی هەلگەڕاندەوە و پێچەوانەی کردەوە. بەشەڕی ئۆکرانیا ئەو رێگایەی هێڵی وزەیان تێکدا، پەیوەندی چین و روسیاشیان بڕی. سوێد و فنلاندیان داخڵی ناتۆ کرد و ناتۆیان گەورەتر کردەوە. بەمشێوەیە ئەمریکا دەسکەوتی زیاتری بەدەستهێنا. بە پشتبەستن بەم دەسکەوتانە و هەروەها ئەو زۆری و زەحمەتیانەی کە روسیا لە ئۆکرانیا تووشی ببوو، دەرفەتی ئەوەیان بینی کە لە رێگەی ئیسرائیلەوە هێرشەکانیان لە رۆژهەڵاتی دەریای مێدیترانە زیاتر پەرە پێدەن. ئەم دۆخە کاریگەری لەسەر سوریاش دانا. بە هەڵبژاردنی ترامپ ئەم مەسەلەیە زیاتر یەکلایی کرایەوە. هەندێک پێیان وابوو کە بایدن بەرلەوەی مالئاوایی لە کۆشکی سپی بکات لە هەوڵی ئەوەدایە هەندێک شت بکات. بەڵام ئەمەش بەتەواوەتی وەها نییە. راستە لەوانەیە ئەمریکا وڵاتێکی زۆر دێرین نەبێت و دەوڵەتێکی ٢٠٠ ساڵە بێت، بەڵام دەوڵەتێکی خاوەن دامودەزگای بەهێزە، دەوڵەتی دامەزراوەکانە. کاتێک ترامپ لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوت ئیتر ترامپ چی بڵێت بایدن ئەوە ئەنجام ئەدات، شتێکی دیکە ئەنجام نادات، چونکە ئەوەی سەرکەوتووە ترامپە.
لە سەر سوریا رێککەوتن، ئۆکرایناش دادەڕێژنەوە
سەرکەوتنی ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا، بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەری لە سەر رووداوەکانی سوریادا هەبوو. بۆ نموونە دەرگای مامەڵەکردنی لەگەڵ روسیا کردەوە. ترامپ ئەمەی بە ئاشکرا لە پرۆپاگەندەی هەڵبژاردنەکاندا خستە بەر باسەوە. لەگەڵ روسیا مامەڵە و سەودایان لەسەر ئۆکرانیا و سوریا کرد. لە سوریادا شتی هەرە ئالۆز دۆخی روسیا بوو. لە ئۆکرایناش لە نێو شەڕدایە، ئەگەر روسیا لە دۆخێکی وەهادا بووایە کە بتوانێت بەرگری لە سوریا بکات، بێگومان نەیدەهێشت بەوشێوەیە هێرش بکرێتە سەر سوریا. هەر دوو شەڕەکەیان کردە بابەتی سەودا و مامەڵە. سەرکەوتنی ترامپ لە هەڵبژاردنەکاندا ئەم سەودایەی ئاسانتر کرد و رێکیش کەوتن. کەواتە لە بابەتی ئۆکرایناشدا رێکەوتوون. ئیتر ئۆکرایناش دادەڕێژنەوە. لە بابەتی سوریاشدا رێککەوتن. دیار نییە روسیا چی بۆ دەمێنێتەوە. لەوانەیە لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی لەسەر بەندەرێک رێککەوتبێتن. ڕەنگە روسیا ئەم بابەتەی بە سەریاندا سەپاندبێت. ئەگەر لەم بابەتەدا گوشاری نەخستبێتە سەر لایەنی بەرامبەر، ئەوا دیارە کە روسیا لە دۆخێکی زۆر لاوازدایە. روسیا ئامانجێکی لەمێژینەی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە خۆی بگەیەنێتە رۆژهەڵاتی دەریای مێدیترانە. ئارمانجی چارری( تزاری) روسیش ئەمە بوو، یەکێتی سۆڤیەتیش بە هەمان شێوە. چونکە ئەمە ستراتیژی بنچینەیی روسەکانە. کاتێک کە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە دوای ساڵانی ٢٠١٠وە رووی لە لاوازی کرد، روسیا سوریای بە خۆیەوە گرێدا و پێگە و شوێنی خۆی لە سوریا پتەوتر و بەرفراوانتر کرد. روسیا دەیتوانی دەست لە پێگەیەی خۆی هەڵنەگرێت. ئەگەر ئێستا دەبینین کە دەستی لێ هەڵدەگرێت، مسۆگەر لێرەدا رێککەوتنێک هەیە.
روسیا داخڵی پرۆژەی ڕێڕەوی وزەکە بووە
وەک دیارە رێکەوتینێکی دوو لایەنە لە ئارادایە. هەم لەسەر رۆژهەڵاتی دەریای مێدیترانە و هەم لە سەر ئۆکراینا سەودا و مامەڵە کراوە. رێکەوتن لە سەر ئۆکراینا لە هەمانکاتدا رێککەوتنە لە سەر دەریای مێدیترانە. دەتوانین بڵێین کە روسیاش بەمشێوەیە کەوتۆتە نێو پرۆژەی ڕێڕەوی وزەوە. گرنگی ململانێ و پێکدادانەکانی سوریاش لەمەدایە. ئەم هەڵوێستەی روسیا و ناچارکردنی ئەسەد بە پاشەکشەکردن لە دەسەڵات و سەودا مامەڵەکردنی لە سەر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بەو واتایە دێت کە روسیا لە سەر رێڕەوی وزە لە گەڵ سیستەم گەیشتۆتە رێککەوتنێک. بەم رێککەوتنە تەنیا کێشەی سوریایان چارەسەر نەکرد، بەڵکۆ کێشەی روسیایان لە سەر رێگای دەریای مێدیترانە چارەسەر کرد. کەواتە، روسیاش خراوەتە ناو پرۆژەی دروست کردنی ئەم ڕیڕەوی وزەیە. لە خۆیدا ڕیڕەوی باکوری دەریای رەش پووچەڵ کراوەتەوە. ئیتر لەمەودوا هەردەچێت ناکۆکییەکان لەگەڵ روسیا کەمتر دەبنەوە، روسیاش لە رۆژهەڵاتی دەریای مێدیترانەوە لەسەر سوریاوە داخڵی ئەم ڕێڕەوە بازرگانییە دەبێت. بەمشێوەیە پرۆژەی رێگاکە بەهێزتر ئەبێت. ئەمەش لایەنێکی دیکەی گرنگی ئەم کارەیە.
کاتێک کە سیستەم لەگەڵ روسیا ئەم رێککەوتنەی کرد، بەرەکەی تر زۆر بەهێز بوون. چۆنکە مەترسییەکەی بەردەمیان روسیا بوو. دوای ئەم رێکەوتنە مەترسییەکە نەما و بەهێزتربوون. هەربۆیە توانییان بە هێز و دڵنیاییەکی باشترەوە جارێکی تر لەگەڵ تورکیا دابنیشن و رێکەوتن بکەن. لە راستیدا وا دیارە کە دوای ئەوەی لەگەڵ روسیا گەیشتنە رێککەوتن ، ئێدی بڕیاریان دا کە لە پرۆژەی دەستێوەردان لە سوریادا بەشداری بە تورکیاش بکەن. . ئەگەر لەگەڵ روسیادا رێکنەکەوتبان لەوانەیە تورکیایان بەشدار نەکردبا، چونکە دۆخەکە زۆر ئاڵۆز و پڕ لە کێشمەکێش دەبوو و رەنگە نەیانتوانیبایە ئیدارەی دۆخەکە بدەن. رێکەوتنی سیستەم لەگەڵ روسیا رێگای بەردەمیانی ئاوەڵا کرد. هەروەکو لە غەزە تەیب ئەدۆغانیان وەک سیخورێکی تێکدەر و ئاژاوەگێڕ بەکارهێنا، لە روخاندنی دەسەڵاتی بەعسیشدا هەر وەکو سیخوڕ و ئاژاوەگێڕێک بەکاریان هێنا. لە رێگەی بەریتانیاوە تورکیایان خستە ناو ئەم پرۆژەیەوە و دوا جاریش سکرتێری ناتۆ هاتە تورکیا و پلانەکە داڕێژرا و جێبەجێ کرا. هەروەکو چۆن بە دەستی ئەردۆغان پەتی سێدارەی حەماسیان کێشا، پەتی سێدارەی بەشار ئەسەدیشیان بە هەمان شێوە دایە دەستی ئەردۆغان. تورکیا لە کشاندنی پەتی سیداری سەددامیشدا رۆڵی بەرچاوی هەبوو.
زۆر کەس دەپرسن کە دەسەڵاتی ئەسەد بۆ ئاوا لە ١٢ رۆژدا رۆخا؟ دوای ئەم هەموو رێککەوتنە ئەگەری شتی واش هەیە. چۆنکە دەسەڵاتی بەعس خۆی هیچ هێزێکی نەمابوو، حزب الله – ئێران- روسیا لە پشتییەوە بوون. لەئەنجامی لێدانی ئیسرائیلدا ئێران و حزب الله گورزیان بەرکەوت. روسیاش سەنگەری گۆڕی و چووە بەرەکەی تر. ئیتر بۆ بەشار ئەسەد لە کشانەوە زیاتر بژاردەیەک نەمایەوە. شانس و هێزی نەما خۆی لەسەر پێ بگرێت و خوڕاگری بکات. لەوانەیە دوو سێ رۆژێکی تر خۆی بگرتبا بەڵام هەر سەرکوتیان دەکرد. لەجیاتی ئەمە بەرژەوەندی خۆی لەوەدا بینیەوە کە بەو شێوەیە دەسەڵاتەکە رادەست بکات. رووداوەکان بەم شێوەیە بە خێرایی تێپەڕین.
بۆ ئیسرائیل بۆ خۆی بەشار ئەسەدی نەرۆخاند
وا دەگوترا کە پێشهاتەکانی سوریا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دەهەژەنێت. چونکە ئیسرائیل کەشێکی وەهای دروستکردبوو. دەیانگوت کە گۆیا ئیسرائیل لەدوای حەماس و حزب الله لە ئێرانیش دەدا، تەنانەت نیقاشی ئەوەش هەبوو کە لە سوریاش دەدا، بەڵام دیار نەبوو گورزەکە چەند کوشندە دەبێت. بەڵام زۆر فێڵبازانە هەلسوکەوتیان کرد. ئیسرائیل خۆی ئەم کارەی نەکرد. ئەم رۆڵەیان دا بە ئاکەپە و مەهەپە. بەدەستی دەسەڵاتی تورکیا رژێمەکەی بەشار ئەسەدیان رووخاند، ئەو دەسەڵاتەی کە خۆی بە موسڵمان دەزانی. درزیان خستە نێوان پەیوەندی تورک – عەرەبەوە و ئاڵۆزییان زیاترکرد. ناکۆکی نێوان ئێران و تورکیایان زیاتر کرد. ئەم پرۆژەیە رێگەی لە بەردەم هەموو ئەم ناکۆکییانە کردەوە. ئەگەر ئیسرائیل هەمان شتی کردبا، رەنگە سەرکەوتنی بەدەست نەهێنابا. رووبەڕوی بەرەنگاری زیاتریش ببایەوە. ئەگەر ئەمریکا بۆ خۆی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی رووخاندبا، رەنگە پەرەسەندی زۆر جیاواز رووی بدایا. ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین کە چی پێویست بێت دەیکەن بۆ ئەوەی کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناکۆکی و پێکدادانی زیاتر بێتە ئاراوە. سیاسەتی پەرتکە و زاڵبەی ئیمپریالیزیم بەناوبانگە. لە کردەوەدا ئەمەیان پێکهێنا. ئەو شتانەی کە بە تیۆری دەمانزانی وا لە کردەوەدا روودەدات. پێویستە ئەمە تێبگەین. بە راستیش هەموو لایەنەکان پەرت و پەرش و بڵاو دەکەنەوە و دەیانکەنە دوژمنی یەکتر.
پێدەچێت سیستەم نەیەوێت لەسەر کورد لە گەڵ تورکیادا پێکدادان بکات
ئێستا سوریایان رۆخاند و دواتریش ئەگەری ئەوە هەیە هەمان سناریوی سوریا لە عێراقیش دووبارە بکەنەوە. ئێدی نۆرە دەێتە سەر قوبرسیش. ئەمریکا لە ساڵی رابردوودا لەگەڵ قوبرسدا رێکەوتنێکی ستراتیژی سەربازی ئیمزاکرد. ماوەیەک لەمەوبەر ئیسرائیلیش لەگەڵ قوبرسی باشور رێککەوتنی مۆر کرد. ئەوە بۆ چەندین جارە کە لەگەڵ دەسەڵاتی قوبرسدا لە رۆژهەڵاتی دەریای مێدیترانە مانۆری سەربازی ئەنجام دەدات. دواجاریش ئیسرائیل بڕیاری دا کە سیستەمێکی پاراستنی ئاسمانی وەکو سیستەمەکەی خۆی لە قوبرسدا دابمەزرێنێت. ئەڵمانیا و ئەمریکا هەمان شتیان بۆ یونانیش کرد. یۆنانیان لە هەموو رویەکەوە ئامادە کرد. ئێستا هەموو بەندەرەکان و دوورگەکان بە فڕۆکەی F-35 دەپارێزن. ئەوا خەریکن پێکەوە باشووری قوبرسیش ئامادە و پڕچەک دەکەن. کاتێک کە نۆرە هاتە قوبرس ئەوکات لەوێ کێشەی تورکیا دێتە رۆژەڤەوە. رەنگە نەیانەوێت کە بەهۆی سوریا و کوردەکانی سوریاوە ناکۆکییەکانیان لە گەڵ تورکیا قووڵتر بکەنەوە، بەڵام کاتێک کە نۆرە هاتە سەر قوبرس ئەو کاتە روو لە تورکیا دەکەن وپەلاماری دەدەن. لە قوبرس سیستەم(سیستەمی سەرمایەی نێودەوڵەتی) لەگەڵ تورکیادا دەکەونە ناکۆکییەوە و پێکدادان روو دەدات. چۆنکە ئەگەر قوبرسی باشور بەشداری ئەم ڕێڕەوی وزەیە ببێت، تورکیا ئێدی ناتوانێت قوبرسی باکور لای خۆی ڕابگرێت. لە ئەگەرێکی وەهادا قوبرسی باکوریش دەیەوێت لە گەڵ قوبرسی باشور یەکبگرێتەوە. هەروەها باسی گۆرەپانی دەریایی دەکرێت. لەوێش بەربەرەکانی، پێکدادان و ناکۆکی لەگەڵ تورکیا روودەدات.
پێدەچێت سیستەم لەبەر خاتری کورد لەگەڵ تورکیادا نەکەوێتە نێو پێکدادانەوە. چونکە دەزانێت کە تورکیا لەم مەسەلەیەدا زۆر هەستیارە، ئەگەر لەسەر ئەم مەسەلەیە لەگەڵ تورکیادا بکەوێتە نێو ناکۆکییەوە ئەوا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر سیاسەتی تورکیا نامێنێت و ناتوانێت کاریگەری لەسەر کەسیش بکات. لەوانەیە لە بابەت و رەهەندی زۆر جیاوازدا دەستێوەردان بکات، کە بێگومان ئەمەش سیاسەتی جیاواز تر دێنێتە رۆژەڤەوە. بۆ نموونە لە مەسەلەی ڕێڕەوی وزە و قوبرسدا دەستێوەردان دەکات، بابەتی جیاوازتر دێنێتە رۆژەڤەوە وەک بیانۆیەک بۆ پێکدادان. دوایین جاریش کێشەی کورد دێنێتە رۆژەڤەوە.
ئەم قۆناغە درێژ-خایەنە، چونکە سیستەمەکە پێویستی بە کات هەیە
ئەم قۆناغە هەندێکی تر درێژ ئەبێتەوە، چونکە سیستەمەکە پێویستی بە کات هەیە، تا کردەوەکانی هەرسبکات. ئەی باشە کەی شتێکی وەها روودەدات؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسەش دەتوانین ئاماژە بە دوو خاڵ بکەین؛
یەکەم- پێویستی بە کات هەیە، تا کردەوەکانی هەرسبکات، بەڵام لەم ماوەیەدا نە لە لوبنان، نە لە سوریا و نە لە ئێراقیش سیستەمێکی هەمیشەیی دانامەزرێت. هەنگاو بەرەو دامەزراندنی سیستەم دەنێن بەڵام تا ئەوکاتەی سیستەمی قەوارەپارێزی تورکیا و ئێران هەڵنەوەشێتەوە سیستەم نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانامەزرێت. سەرمایەداری ناتوانێت سیستەمی خۆی دابمەزرێنێت. پاش هەڵوەشاندەوەی ئێران و تورکیا سیستەمەکەی خۆیان دادەڕێژنەوە. چۆنکە لەئەگەری دامەزراندنی هەر سیستەمێکدا، ئەم دوو دەوڵەتە هەر دووکیان ئەم سیستەمە پووچەڵ دەکەنەوە. بەتایبەت، ئەگەر ئەم دوو هێزە قەوارەپارێزە پەیوەندییەکانیان پتەوتر بکەن، دەوتوانن زیاتر سیستەمەکە پووچەڵ بکەنەوە. لەکاتی ئێستادا کاریگەرییەکی وەهایان هەیە.
دووەم- بابەتی پەکەکەیە، ئەگەر بگەڕێینەوە سەرەتای شەڕی سێهەمی جیهان، لەوکاتەشدا خێرا لە دژی پەکەکە سیاسەتی خۆیان دەستنیشانکرد، چۆن هەم نەتەوەپەرستی تورک لە کورد ئەترسێت و هەم سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریش لەوە دەترسێت کە پەکەکە هەموو شتێکی لە دەست بگرێت و بیبات. دژایەتییەکی بەم شێوەیەیان لە گەڵ رێبەر ئاپۆ هەیە. کین و تۆڕەییەکی زۆریان لەبەرامبەر پارادایمی رێبەر ئاپۆ هەیە.
لەکاتی شەڕی جیهانی یەکەمدا شتێکی لەو بابەتە نەبوو. بەلشەفیەکان بەشەوێک حکومەتەکەیان گرت، شۆرشیان کرد و بەردەوامیان کرد، چونکە هیچ ئاستەنگییەکیان لە پێش نەبوو، بەڵام ئێستا وانییە. لە ئەنجامی ئەزموونەکانی سەدەی رابردوو سیستەمی سەرمایەداری ئێستا زۆر هەستیار هەڵسوکەوت ئەکات. ناکۆکی و پێکدادانە ناوخۆییەکانی سیستەم جۆرێکن، بەڵام ناکۆکی و پێکدادانەکانیان لەگەڵ سیستەمی ئاڵتەرناتیف و کۆمەڵگادا جۆێکی ترن. کاتێک کە لەگەڵ کۆمەڵگادا بکەونە ناکۆکییەوە، ناکۆکییە نێوخۆییەکانیان وەلاوە دەنێن و لەدژی کۆمەڵگا رێک دەکەون. بۆئەوش تا ئەو کاتەی پەکەکە (وەک هێزی کۆمەڵگا) لاواز نەکەن، سەرکوتی نەکەن، نەیخەنە ژێر کاریگەری خۆیانەوە و وای لێنەکەن کە نەتوانێت هیچ مۆدێلێک پێشکەش بکات زەحمەتە دەستێوردان لە تورکیادا بکەن، لەم مەسەلەیەدا زۆر بە تەگبیرن. پێویستە ئەمە ببینرێت.
لە راستیدا وادیارە دەوڵەتی ئێستای تورکیا هەندێک ئەم راستییە تێگەیشتووە. بۆ کوێ دەڕوات دەڵێت "تیرۆر تەنها بۆ ئێمە نا، بۆ ئێوەش مەترسیدارە" ئەو شتەی کە وەک تیرۆر پێناسەی دەکەن هزر و رامانی رێبەر ئاپۆیە. لە نێو خۆیاندا موناقەشەی ئەمە دەکەن و بەوشێوەیەش پشتگیری بەدەست دەێنن. ئەمە هەتا ئاستێک بەڕێوە دەچێت بەڵام تا کوێ دەڕوات ئەوەش نادیارە.
پێویستە نزیکایەتیمان نە رووخێنەر بێت و نەش خۆبەدەستەوەدان
بەتەمان بەم هێرشانە بگەنە بەئەنجام، ئەگەر بتوانین ئەم هێرشانە پوچڵ بکەینەوە، ئەمە رێگە لە بەردەم پێشکەوتنی زۆر جیاوازیش دەکاتەوە. ئەمانە هەموو بابەتی تێکۆشانن. پێویستە بەردەوام پێداچوونەوە بە ستراتیژ و شێواز و تاکتیکەکانی خۆماندا بکەین. ئێمە کاتێک دەتوانین هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێین کە پرۆژە و هێرشەکانی ئەوان پووچەڵ بکەینەوە. پێویستە شێوازی تێکۆشانی ئێمە بە شێوەیەک بێت کە پرۆژەکانی ئەوان پووچەڵ بکاتەوە. واتە پێویستە لە دۆخێک نەگەڕێین کە لە یەک کاتدا هەموو پرۆژەکانی ئەوان بڕۆخێنین یان ئەوەتا بە تەواوی لەگەڵیان بکەوینە سازشەوە و هەموو شتێکیان پەسەند بکەین، ئەمە چاوەڕوانییەکی هەڵەیە. نە هەڵوێستێکی روخێنەر راستە، نەش خێرا هەر شتێک پەسەند بکەی راستە. پێویستە لە ئاسۆی تۆدا هەمیشە تێکۆشان هەبێت. پێویستە هێز و ئیرادە و پێداگریمان بۆ تێکۆشان هەبێت و ئەمانە لە خۆماندا دروست بکەین. ئەمەش هەنگاو بە هەنگاو دەبێت. ئەوان دەیانەوێت لێمان بدەن و لەناومان ببەن، ئێمەش تا ئەو ڕادەیەی کە بتوانین پرۆژەکانیان پوجەڵبکەینەوە، بەهێز دەبین و ئەوان لاواز دەکەین.
ئێمە دەمانەوێت پارادایمی رێبەر ئاپۆ پێکبێنین. راستی ئەم تێکۆشانەش لە رێگای دەستنیشانکردنی راستینەی تێکۆشان و کات و شوێنی ناکۆکی و پێکدادانەکاندا مەیسەر دەبێت. کاتی خۆی لە ئەورپاش دیکتاتۆر هەبوون، هەموویان رووخان. لە رۆژهەڵاتی ناوینیش دا دیکتاتۆر هەن. نابێت روخانی سەدام حسێن بە کەم بگرین و وەک رووداوێکی بچووک لێکی بدەینەوە. ئەوانەی کە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بۆ ماوەی ٥٣ ساڵ دەسەڵاتدار بوون لە ماوەیەکی کورتدا رووخان. ئەمانە هەموویان نەتەوەپەرستی توندئاژۆی عەرەب بوون. نەتەوەپەرستی سیستەمی دەوڵەت نەتەوە بوون. وادیارە، ئەوانەی کە کەمێک نەرمترن دەرفەتی ژیانیان دەدەنێ، بۆ نموونە مەلیکەکان نارووخێنن. ئێستا لەگەڵ قەوارەی نەتەوەپەرەستی دەوڵەت- نەتەودا لەنێو پێکداداندان، پێشەنگی نەتەوەپەرستی دەوڵەت – نەتەوەش تورکیایە. ئەم قۆناغە بۆ سیستەمیش بە زەحمەت کۆتایی دێت. هەروا بە ئاسانیش لەناو خۆیاندا رێکناکەون. لەمەوبەدوا قۆناخی پێکدادان و ململانێ هەر بەردەوام دەبێت.
لە راستیدا تورکیا هەستی بەمە کردووە. ئەمە لە هەڵسوکەوتەکانی دەوڵەت باخچەلیدا رەنگی دایەوە. تەیب ئەردۆغان تەنها یەک شتی دەوێت ئەویش ئەوەیە کە هەتا مردن لە دەسەڵاتەکەیدا بمێنێتە. تەیب ئەردۆغان لەوە زیاتر هیچی دیکەی ناوێت. نە دین بۆی گرنگە نە نەتەوایەتی، هیچ شتێکی نییە. خودی ئەردۆغان بۆ خۆی تورکیش نییە.