بەهۆى دابەزینى بەهاى تمەن پەرلەمانتارانى ئێران هۆشدارى توند دەدەنە پزیشکیان
2 ڕۆژ لەمەوپێش
هاوڵاتی
-وەك نوێنەرانى خەڵک زۆر نیگەرانین لە کاریگەری بەرزبوونەوەی نرخی دراو لەسەر کاڵاکانی ترو کاریگەرییەکەی لەسەر هەڵاوسان.
- داواش دەکەین حکومەت بە تایبەتی چارەسەری ئەم بابەتە بکات.
- ئامارەکان ئەوە دەردەخەن کە لاوازبوونی دراوی نیشتمانی لە سەرەتای ئیدارەی ئێوەدا لە هەموو حکومەتەکانی دوای شۆڕش گەورەتر بووە.
بەهۆى دابەزینى بەهاى تمەن لەبەرانبەر دۆلار، ١٠٠ ئەندام پەرلەمانى ئێران، هۆشدارى توند دەدەنە سەرۆککۆمارو داوادەکەن بە خێرایی هەنگاو بنێت بۆ ڕاگرتنی سیاسەتی دراوی بیانی و یاسای دژە سپیکردنەوەی پارە بخاتە بوراى جێبەجێکردنەوە.
بەهرۆز موحبى، ئەندامى لیژنەى بودجەو ژمێریاریی پەرلەمانى ئێران، یەکێک لەو ١٠٠ پەرلەمانتارەى ئاماژە بۆ ئەوەدەکات سەبارەت بە سیاسەتەکانی ئەم دواییەی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی و دابەزینى زیاترى تمەن، نامەیەکی توندو ئاگادارکردنەوەیان داوەتە مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران.
لەبەشێکى نامەکەیاندا دەڵێن : نوێنەرانى خەڵک زۆر نیگەرانین لە کاریگەری بەرزبوونەوەی نرخی دراو لەسەر کاڵاکانی ترو کاریگەرییەکەی لەسەر هەڵاوسان، داواش دەکەین حکومەت بە تایبەتی چارەسەری ئەم بابەتە بکات.
بەهرۆز موحبى، ئەوەش روندەکاتەوە کە سیاسەتەکانی ئەم دواییەی بانکی ناوەندی و وەزارەتی کاروباری ئابووری کاریگەری زۆر تێکدەرانەی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک هەبووە، بە جۆرێک بەهای دراوی نیشتمانی (تمەن) نزیکەی لەسەدا ٤٠ دابەزیوە لەماوەى چوار مانگدا.
وتیشى: ئامارەکان ئەوە دەردەخەن کە لاوازبوونی دراوی نیشتمانی لە سەرەتای ئیدارەی ئێوەدا لە هەموو حکومەتەکانی دوای شۆڕش گەورەتر بووە، هەرکاتێک بەهای دراوی نیشتمانی دابەزێت و نرخی ئاڵوگۆڕی دراو بەرزبێتەوە، لێکەوتەی وێرانکەری لەسەر بژێوی خەڵک و کەرتی بەرهەمهێنانی ئابووری دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی هەژاری و گەندەڵی.