هیلالی کورد و هیلالی شیعی

ڕێکەوت ئیسماعیل ئیبراهیم

3 ڕۆژ لەمەوپێش



ڕێکەوت ئیسماعیل ئیبراهیم

ساڵی 2004  پادشای ئوردن شا عەبدوڵا، لە سەردانێکی خۆیدا بۆ ئەمەریکا، بۆ یەکەمجار زاراوەی هیلالی شیعەی هێنایە گۆڕێ، مەبەستیشی لەمە، ترسی پادشای ناوبراو بوو لە هاتنەسەرکاری حکومەتێکی شیعە لە عێراقدا لە پاش ڕووخانی حکومەتی بەعس. ترسی پادشای ئوردن لەوەدا بوو کە ئەو حکومەتە شیعەیە دەبێتە خاڵی گرێدانەوەی سوریا و ئێران و عێراق پێکەوە، هاوشان لەگەڵ حیزبوڵای لوبنان، هیلالێکی مەترسیدار دروست دەکەن. ئەم ترسە بۆ زۆرێک لە دەوڵەتە سوننە عەرەبەکانی وەک سعودیە و ئوردن و قەتەر و ئیمارات ترسێکی جددی بوو.  ئەو ترسەش لە جێی خویدا بوو، جەنگی ئەم دواییانەی غەزە و لوبنان و سوریا گەواهیدەری ئەو راستییەن.

هیلالی کوردی لە دایک دەبێت:

لە کۆتایی مانگی نۆڤێمبەری 2013 زاراوەی هیلالی کورد بۆ یەکەمجار هاتە نێو ناوان. هەریەکە لە میشێل نایتس (Michael Knights) و دایڤد پۆلوک (David Pollock) لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ توێژینەوەی ستراتیژی سەبارەت بە بەهێزبوون و زەقبوونەوەی سەنگ و قورسایی کورد بۆ یەکەمجار ئاماژەیان بە گرێدانەوەی کوردستانێکی پەرتەوازەکرد لە شێوەی هیلالێکدا لە نێوان هەرسێ بەشی کوردستان لە عێراق و سوریا و تورکیا.

راپۆرتی ئەم دوو پسپۆڕەی بواری توێژینەوەی ستراتیژی کە نزیکەی ١٢ ساڵ بەر لەمڕۆ نوسراوە،  ئاماژە بۆ ئەو هیلالە دەکەن و لەو باوەڕەدان کە لە ئایندەدا، پرسی کورد وەک هێزێکی سیاسی و ئابوری و نەتەوەیی لە ناوچەکەدا خۆی دەسەپێنێت.

پێشبینییەکانی ئەو دوو توێژەرە دروست دەرچوون و دەتوانین لەم چەند خاڵەدا کورتیان بکەینەوە:

یەکەم: سەنگ و قورسایی کورد لە باکوری کوردستان لە هەر وەختێک زیاترە. نزیکەی ٥٠ ساڵە بە هەموو تەکنەلۆژیا و تواناکانی پەیمانی ناتۆ شەڕ لە دژی کوردی باکور دەکرێت، کەچی بەرامبەر بە رێکخراوێکی وەکو پەکەکە، دەستەوەستان ماونەتەوە.  ٢٦ ساڵە سەرکردەی مێژوویی و کاریزما و رەمزی ئەو جوڵانەوەیە لە زیندانە، کەچی هێشتا کلیلی شەڕ و ئاشتی لە دەستی خۆیدا هێشتۆتەوە. ئەو کاتەی کە دەستگیر کرا، سەرکردەی پارتی کرێکارانی کوردستان بوو، کەچی لە دوای دەستگیرکردنەکەی بۆتە هێمایەکی بەرخودان و لە هەموو دنیادا ناوی دەکردووە.

دووەم: سەنگ و قورسایی کورد لە رۆژئاوای کوردستان نەک لە سوریا و ناوچەکە بەڵکو هەموو جیهان و مرۆڤایەتی ناچار کردووە دەست بە سنگەوە بگرن بۆ ئەو هەموو جوامێری و نەبەردییەی بەرامبەر بە تیرۆر و تیرۆرستان نواندیان. بۆ یەکەمجار بوو لە مێژوودا ژنان پێشەنگایەتی خەبات بکەن و ژن بە قورسی بخرێتەوە نێو نەخشەی مرۆڤبوون. ئەمڕۆ رۆژئاوای کوردستان مۆدێلکی دەسەڵات پیادە دەکات کە نەک لە سوریا نمونەیەکی جوان و سەرکەوتووە، بەڵکو مایەی سەرسامی هەموو دنیاشە.

سێیەم: لە رۆژهەڵاتی کوردستان تەنها بە راپەڕینی ژنێک بە ناوی ژینا ئەمینی عەرشی دەسەڵات بە جۆرێک لەرزی کە لەمێژوودا کەم وێنە بوو. خۆ ئەگەر دەرفەتێکی لەبار لەو بەشەی کوردستان هەڵکەوێت ئەوە هیچی لە رۆژئاوا کەمتر نابێت.

چوارەم: لە باشوری کوردستان کە لاوازترین هەڵقەی هیلالی کوردییە، وێرای داگیرکارییەکانی تورکیا و هاوپەیمانەکانی، هەوڵە نەزۆکەکانی ئەو وڵاتە بۆ سڕینەوە و لاوازکردنی جوگرافیا و ناسنامەی ئەو بەشەی کوردستان، بەڵام هێشتا سەربەرزانە بە پێوە راوەستاوە. رەنگە بوونی یەدەگێکی زەبەلاحی گازی سروشتی بۆخۆی دەرخەری ئەو سەنگ و قورساییە بێت بۆ کورد، بە تایبەت لە دوای جەنگی ئۆکرانیاوە کە دۆزینەوەی ئەڵتەرناتیڤ بۆ گازی روسی پرسێکی یەکجار هەستیارە بۆ ئەوروپا.

هیلالی کوردی وەک هاوسەنگی بۆ ناوچەکە:

ئەمڕۆ لە دوای ئەو ئاڵوگۆڕانەی بەسەر ناوچەکەدا هاتوون، بە تایبەت لە دوای ئاوا بوونی تریفەی هیلالی شیعی و هاتنە پێشەوەی پرسی ستراتیژیی(کۆریدۆری داود)، هەڵکەوتەی جیۆپۆلەتیکی کوردستان بایەخ و گرنگییەکی یەکجار گەورەی خستۆتە سەر ململانێ و هاوکێشە سیاسییەکان. سروشتی ململانێکانی ناوچەکە بە تایەبەت لە دوای هەرەسی هیلالی شیعییەوە؛ ئەوە دەخوازێت کە کوردستان وەک هەڵکەوتەیەکی جیۆپۆلەتیکی گرنگ سەنگ و قورسایی و ناسنامەی خۆی وەربگرێتەوە. ئەم سەردەمە زۆر لە سەردەمی جەنگی یەکەمی جیهانی دەچێت. لێکەوتەکانی جەنگی ناوبراو بوونە هۆکاری فەرامۆشکردنی جوگرافیایەکی بێ خاوەن واتە (کوردستان)، دواتریش دابەشیان کرد بەسەر ئەو دەوڵەت نەتەوانەی کە دوای جەنگ لە دایک بوون. لەمڕۆدا کە فۆرمی دەوڵەت نەتەوە مۆدێلەکەی بەسەر چووە و بۆتە لەمپەرێکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی، بۆیە هیلالی کوردی باشترین ئەڵتەرناتیڤە لەم قۆناغەدا لەناو دەوڵەت نەتەوە پیر و پەککەوتووەکاندا  ستاتۆی خۆی وەربگرێت و لە هاوسەنگی و ئاسایشی جیهاندا رۆڵی ستراتیژیی خۆی بگێڕێت.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار