یەک هێز، یەک بڕیار
جووتیار ڕەشید
3 ڕۆژ لەمەوپێش
جووتیار ڕەشید
بە درێژایی مێژووی شۆڕش و بەرخۆدانەکانی کوردان هۆکاری سەرەکی شکست و بێ ئەنجامییان فرە ناوەندیی بڕیار و فرە هێزیی چەکداری بووە.
ئەم فرە بڕیار و فرە هێزییە خاڵی لاوازی کوردان بووە و بە ئاسانی داگیرکەران و دوژمنان قۆستویانەتەوە و لێیەوە هاتوونەتە ناو دڵی شۆڕش و بەرخۆدانەکانی کورد و لە ناوخۆیەوە توشی شەڕی ناوخۆ و هەرەسیان کردووە. ئەوەش بۆ داگیرکەران کەمترین تێچوون و قوربانی پێویست بووە.
هەر ئەوەندەش نا، زۆر جار کوردگوتەنی شۆڕشەکانی کوردیان بۆخۆیان کردووەتە سینەما و لە دوورەوە سەیری براکوژیی کوردانیان کردووە و ناوەناوەش هەر بۆ سوکایەتی پێکردنیان ناوبژیان کردوون، بە بەردەوامیش چەک و تفاقی شەڕیان پێداون بۆ بەردەوامیی ئاگری شەڕی ناوخۆ.
ئەو شەڕەی کورد خۆی لە بری داگیرکەرانی ئەنجامی داوە، لە باشوری کوردستان هەتا ساڵی ١٩٩٨ بەردەوام بوو، تا بە ناوەندگیریی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای ئەوسا "مادلین ئۆلبرایت" کۆتایی هات.
بەڵام لە ڕاستیدا شەڕەکە کۆتایی نەهات، بەڵکو لە شەڕی بەرەیی جەنگەوە گۆڕا بۆ دوو زۆنی دەسەڵاتداری، کە هەتا ئەم چرکە ساتەش بەردەوامە و شوێنکارە خراپەکانی هیچی کەمتر نەبووە لە شەڕی چەکداری.
لە چارەکی کۆتایی سەدەی ڕابردووەوە لە باکوری کوردستان و لە سەرەتای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبییەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان، داگیرکەرانی کوردستان ڕووبەڕووی فۆڕمێکی نوێی شۆڕش و سەرهەڵدانی کوردان بوونەوە؛ کە دیارترین سیمای چارەسەری دەردە کوشندەکەی کوردان (فرە هێزی و فرە بڕیاری) بوو. لە بری ئەوە یەک هێزی و یەک بڕیاری، لەوەش گرنگتر دیسپلین و هزر و پەروەردە بنەمای نوێی شۆڕش بوون.
ئەوەش داگیرکەرانی توشی شۆک کرد، نەیانتوانی لە بەرامبەریدا گۆڕانکاریی لە فۆڕمی مامەڵەیاندا بکەن لەگەڵ ئەو فۆڕمە نوێیەی کوردان، بەوەش بەجێمان لە لاوازکردن و زەبرلێدان لەو فۆڕمە نوێیە.
کاتێ زانیان هیچ ڕێگایەکیان لەبەردەم نەماوە جگە لە دەستبردن بۆ پڕۆسەی ئاشتی درۆینە، ئەوەبوو ساڵی ٢٠١٣ پڕۆسەیەکی ئاشتی شلۆق بۆ ماوەی دوو ساڵ بەردەوام بوو، بەڵام بێ ئەنجام کۆتایی هات.
لە ئێستادا ڕەوشەکە جیاوازە لە ئەوسا، مەترسییەکانی سەر تورکیا دەیان جار لە مەترسییەکانی ئەوسا گەورەترن.
کورد ئێستا لە سوریای دراوسێی تورکیا ژمارەیەکی بەهێزن و یەکەم هێزی سەر خاکی سوریان چ لە ڕووی ژمارە و چ لە جۆری شەڕکەر و کەرەسەی سەربازییەوە و چ لە پێگەی متمانەی نێودەوڵەتییەوە.
یەکێک لە هۆکارە بەهێزەکانی ئەو هێزە (یەک بڕیاری و یەک هێزییە)، بۆیە دواجار و وەک دوا کارتی فشار تورکیا ویستی ئەم هێزەی ڕۆژئاوا توشی دەردە کۆنەکە بکاتەوە و لە ڕێگای ئەو هێزە دابەستانەی چەندین ساڵە لە ئەنقەرە و هەولێر دایانبەستوون، توشی فرە هێزی و فرە بڕیارییان بکات.
لە باکوریش لە ڕێگای پڕۆسەیەکی بە ناو ئاشتی نوێوەوە سەرقاڵی هەمان پیلانگێڕییە لە نێوان ئیمراڵی و باسکی سیاسی کورد لە باکور لە لایەک و قەندیل لە لایەک.
کورد ئاشتی ڕەت ناکاتەوە، بەڵام دەبێ بەوریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات.
بەهێزترکردنی یەک بریاری و یەک هێزی، تاکە زامنی تێکشکاندنی هەر نیەتێکی خراپی تورکیایە بەرامبەر کورد. ئەگەر پڕۆسەکەش سەربگرێ تاکە زامنی زۆرترین دەسکەوتی کوردانە.
کورد دەستی گەیشتووە بەو چەکە کاریگەرەی سەدان ساڵ لێی بێ بەش بوو، نابێ لەژێر هیچ فشار و دەستکەوتێکی کاتیدا دەستبەرداری ئەو چەکە بەهێزترینەی دەستیان ببن.