دروزەکان!

بڕوا بەرزنجی

3 ڕۆژ لەمەوپێش



بڕوا بەرزنجی

زۆرێک لەو سەرچاوە مێژوییانەی من خوێندومەتەوەو بەرچاوم کەوتوە، بنەچەی دروزەکان دەگێڕنەوە بۆ کوردی ئێزدی، ئەوان کە لە ئێستا بەشێوەیەکی زۆر لە سوریا(نزیکەی ملیۆن) ێکن و لە لوبنان و ئیسرائیلیش دەژین.

دوایی ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا، ئەوان لە پارێزگای سوەیدا و چەند شارێتری سنوری ئوردن ، بۆیەکەم جار هێزی تایبەتیان دروستکردوەو داوای فیدراڵی دەکەن و لە هەڵوێستێکیشیاندا لەم چەند ڕۆژەدا ڕێگر بون لەوەی هێزی سەر بە ئەحمەد جۆلانی بچنە ناوچەکانیان. ئەم هەڵوێستانەیان هێزە بۆ دەنگ و داوای ڕۆژئاڤای کوردستان.

خێزانی جونبولات، کە خێزانێکی سیاسی ناسراوی لوبنان و دروزین، سەرداری هەمو دروزییەکانن، هەر بۆیە هەفتەی پێشو وەلید جونبولات سەردانی ئەحمەد جۆلانی کرد لە دیمەشق و لەبارەی ئایندەی دروزییەکانی سوریا قسەیانکرد.

ئەوان لە زیاد لە بۆنەیەکا کوردبونی خۆیان ڕاگەیاندوە، ساڵی ١٩٧٠ کە بەیاننامەی یانزەی ئازار دەردەچێت، کەمال جونبوڵاتی باوکی وەلید جونبوڵات، بۆ پشتیوانی و خۆشحاڵی دەربڕین سەردانی باشوری کوردستان دەکات و چاوی بە مەلا مستەفا بارزانی ڕابەری شۆڕشی ئەوکاتی باشور دەکەوێت.

محەمەد ئەمین پێنجوێنی لە یاداشتەکانیدا( چۆن بوم بە پرد)، باسی دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی(١٩٩٨) دەکات لە هۆڵەندا، کە تێیدا وەلید جونبوڵات بەشدار دەبێت و وتارێک دەدات و دەڵێت:(من کوردم، شانازی بە کوردبونمەوە دەکەم).

پەیوەندی دروستکردن لەگەڵ دروزەکان و زیندوکردنەوەی ئەو مێژوە کارێکی زۆر قورس نییە، بە مەرجێک سیاسی کورد و سیاسەتی کوردی ستراتیژی هەبێت، ئەوان لە جیۆپۆلاتیکێکی زۆر گرنگندان و بەستنەوەی کوردە بە ئیسرائیل و دەرەوەی ئەو چوار دەوڵەتە فاشیستەی کوردی بەسەردا دابەشکراوە. دەبێت بڵێم پەکەکە دەیان کادری هەیە لە دروزەکانی سوریا و لوبنان، سیاسەتی پەکەکە زۆر گونجاو و نزیکە بۆ زیندوکردنەوەی ئەو کلتورە تا سیاسەتی باشور. ئەزمونێکی سەرکەوتویشی هەیە لە ڕێخستن و بیر و باوەڕ دروستکردن. بەڵام بەرژوەندی باشوریشە وەک ستراتیژ لێیان بڕوانێت و کاری بۆ بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار