کورد و ئیسرائیل: دوور لە سۆز و فریودان

د. سەردار عەزیز

3 ڕۆژ لەمەوپێش



د. سەردار عەزیز

لە زۆر ڕووەوە دەکرێت هاوبەشی لە نێوان کورد و ئیسرائیلدا دروست بکرێت. بەڵام هەموو ئەم هاوبەشییانە لەو ڕوانگەیەوە دێن کە هەردوولا یەکتر وەک پەراوێز ببینن. ئەم دیدە ناودەنێین دیدی پەراوێزیی، بەو مانایە ئیسرائیلش وەک کورد خۆی وەک قبوڵنەکراوێکی پەراوێز دەبینێت لە لایەن هێزەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. دیارە بۆ بریقاندنەوەی ئەم دیدە زۆر کەسایەتی باس لە هاوبەشێتی و هاوشێوەیەتی و تەنانەت هاوچارەنووسی هەردوو گەل دەکەن. ئەمە بە گشتی دەکرێت وەک خیتاب ببینرێت نەک وەک ڕاستی یان واقیع.

بەڵام ئیسرائیل چیدی یان تەنها پەراوێز نییە، بەڵکو بەرەو ئەوە دەچێت کە هێزێکی هەرێمی گەورە و خاوەن پشتیوانیی گەورەترین زلهێزی جیهان بێت. بۆیە لە بڕی پەراوێزبوون باس لە داڕشتنەوەی نیزامی ناوچەکە دەکات. پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی نوێی ئیسرائیل یەکێکە لە سێ پرۆژەکەی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوانەکەی دیکە بریتین لە پرۆژەی ئیسلامی سیاسی تورکی قەتەری لەگەڵ پرۆژەی لاوازبووی ئێرانی بەرەی موقاوەمەدا.

ئێستا لە ئیسرائیل مشتومڕێک هەیە دەربارەی چۆنێتی مامەڵە لەگەڵ کورددا. چەند ڕۆژێک لەمەوپێش کۆمێنتاریی ئیسرائیلی ئەتار پۆرتا بابەتێکی لە ڕۆژنامەی جوروسەلیم پۆست نوسیبوو کە داوای لە دەوڵەتی ئیسرائیل دەکرد قومار بە پشتیوانی کوردەوە نەکات و ڕیالپۆلەتیک یان واقیعییانە مامەڵە بکات و لەگەڵ تورکیادا لە سوریا پێک بێت. ئەم دیدە دیدی دەوڵەتییە، نەک بە مانای ئەوەی کە دیدی دەوڵەتی ئیسرائیلە. بەڵکو دەوڵەت هەمیشە وەک وەحشێکی ساردی بێ هەست لە گەڵ ڕووداوەکاندا مامەڵە دەکات، بەو پێیە لە هەر کاتێک، لە هەر شوێنێک چی لە بەرژەوەندیی بێت ئەوە دەکات. دیارە ئیسرائیل یەکێکە لە تاکە دەوڵەتەکانی ناوچەکە کە بە سیستەمی دەوڵەتی کار دەکات. وڵاتانی تری ناوچەکە لە قەیرانی بەدەوڵەت نەبووندان.

لە بەرامبەر دیدی ڕیالیستی دەوڵەتی کە وەها کورد دەبینێت کە ئەگەر سودی هەبوو هاوکاری بکرێت، ئەگەر سودی نەبوو تەریک بکرێت، دیدێکی تر هەیە کە لە سەر بنەمای بەهاو و سۆز و دووربینی ئەرگومێنت دەکات بەوەی کە لە بەرژەوەندی درێژخایەنی ئیسرائیلدایە کە وڵاتانی ناوچەکە بەهێزنەبن و دژایەتییان بۆ سڕینەوەی ئیسرائیل پەرەپێنەدەن. ئەم دیدی پشتیوانییە هاوکات تەبایە لەگەڵ پرۆژەی ئیسرائیلی ئەمریکی.

بەڵام سەرباری ئەم دوو دیدە، دژ بە یەکە، دەوڵەتی ئیسرائیل سێ دایلەمای هەیە لەمەڕ پرسی کورد، وەک لێکۆڵەری ئیسرائیلی دالیا لیندین شتراوس باسی دەکات.

ئەم سێ دایلەمایە بریتین لە: ئایا هەتا کەی ئەمریکا پشتیوانی کورد دەکات بە تایبەتی لە سوریا. دایلەمای دووەم، کاریگەریی ئەم پەیوەندییەیە لە سەر تورکیا، چونکە تورکیا و ئیسرائیل لە هەموو شتێکدا دژنین، بۆ نمونە لە ئازەربایجان دۆستن، بەڵام لە پرسی کورد و فەلەستیندا پێچەوانەن. سێیەم، کاریگەری لەسەر دۆخی ناوخۆیی کورد و دژایەتی کورد لەگەڵ یەکتر.

لە سەرووی ئەمانەوە ئیسرائیل پێی باشە کە سوریا فیدراڵی یان لامەرکەزیی بێت، نەک تەنها بۆ کورد بەڵکو بۆ بەرژەوەندی ڕاستەوخۆی ئاسایشی خۆی لە باشور. ئەمریکاش لەگەڵ ئەم دیدەدایە وەک مۆدێلێک بۆ پۆست-دیکتاتۆریەت. لەم ڕووەوە ئەمریکا هاوکارە لە دیداری دیمەشق و قامشلۆ. هەلیکۆپتەرێکی ئەمریکی مەزڵوم عەبدی برد بۆ فڕۆکەخانەی زەمیر بۆ دیداری ئەحمەد شەرع.

هاتنی ئۆجەلان بۆ ناو ئەم ململانێیە کاریگەری دەبێت. ئایا ئۆجەلان چۆن هەڵوێست وەردەگرێت لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل؟ پرسیارێکە هەندێک لە ڕواڵەتەکانی دیارن بەڵام بە تەواوی وەڵامەکەی ڕوون نییە. یەکێک لە تراژیدیاکانی خیتابی سیاسی کوردی یان لاوازی و پێنەگەشتویی ئەو خیتابە ئەوەیە کە ناتوانێت بەرامبەر هیچ پرسێک دوور لە پەرچەکرداریی سۆزداریی و ئاینگەرایی ئایدیۆلۆژی قسە بکات، لە نێوانیاندا پرسی تێگەیشتن لە ئۆجەلان.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار