عەقڵیەتی حوکمڕانانی نوێی سوریا
حاکم شێخ لەتیف
2 ڕۆژ لەمەوپێش
حاکم شێخ لەتیف
یەکیک لە سەرکردەکانی ئیدارەی عەمەلیات دەڵێت: فیدراڵی و لامەرکەزی رەت دەکەینەوە. حوکمی سوریا دەکەینەوە بە مەرکەزی وەک پێش شۆرش، واتە مەرکەزیەکەی سەردەمی بەعس.
واتە؛ پێکهاتەکان وەک پێکهاتە هیچ مافیان نیە، هەموویان سورین لە ماف و ئەرکدا. سەبارەت بە داننان بە مافی رۆشنبیری و مافی کەلتوریشدا بۆ کورد؛ بەهەمان شێوە هەمان قسە ژەنگاویەکەی بەشار و بەعسی دوبارە کردەوە: ( کورد بەشێکن لە گەلی سوریا).
سەبارەت بە داننان بە زمانی کوردیدا وەک زمانی فەرمی لە سوریا، دەڵێت؛ ئەم باسە هەڵدەگرین بۆ گفتووگۆی دەستور.
سەبارەت بە قەسەدەش دەڵێت: جارێ لە گفتوگۆداین لەگەڵیان و بڕیاری شەڕمان نەداوە، ئەوان دەبێت پەیوەندی خۆیان بپچڕن لەگەل پەکەکە و چەکەکانیان تەسلیم بە دەوڵەت بکەنەوە.
بەڵام سەبارەت بەو جیهادیانەی لەگەل خۆیانن وتی: ئێمە پۆست و رەگەزنامەشیان دەدەینێ، چونکە ئەوانە خەباتیان کردوە لەگەڵ ئێمە و قوربانییان داوە و بوون بە بەشێک لە کۆمەڵگەی سوری.
سەبارەت بەو کۆنگرەیەشی کە بەنیازن بەم نزیکانە بیبەستن دەڵێت:
هیچ حیزب و گروپیک وەک حیزب و گروپ بانگ ناکەین، بەڵکو وەک کەس بانگیان دەکەین چونکە ئیمە لە سوریا حیزبمان نییە. تەنانەت ئامادە نەبوو حیزبەکانی ناو ئەنەکەسەش بسەلمێنێت
ئەمەش واتە لەو کۆنگرەیەدا تەنها مەبەستیانە شەرعیەت بۆخۆیان وەربگرن و ئیتر بە کەیفی خۆیان دەستور بنووسنەوە و تاک لایەنانە درێژە بە حوکمڕانی بدەن. بۆیە هەر بەشداریکردنیک لەو کۆنگرەیەدا لەلایەن هەر کوردێکەوە بەو شێوەیە، تەنیا پێدانی شەرعیەتە بەئەوان بێ ئەوەی هیچ ماف و پێگەیەک بەدەست بهێنن. بەکورتی و بە کرمانجی ئەو عەقڵێتەی لە ئێستادا هەیە هەمان عەقلیەت و بیرکردنەوەی بەعسە و بگرە خراپتریشە.