كورد لە دوا قۆناغەكانی سیستەمی تاكجەمسەری و سەرەتای شەڕی ساردی نوێدا
د. كامەران مەنتك
2 ڕۆژ لەمەوپێش
د. كامەران مەنتك
ئەوەی لە سوریاو رۆژئاوای كوردستان روودەدات، سازانەكانی قۆناغی شەڕی ساردی نوێیە لەسەر دابەشكردنەوەی هەژموونی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، توركیا دوای ئەوەی بۆ ماوەیەكی زۆر لەسەر هەردوو پەتی روسی و ئەمریكی یاری دەكرد، پێدەچێت لە دواجاردا خۆی بەلای ئەمریكییەكاندا یەكلایی كردبێتەوە و بەرامبەر ئەمەش كۆمەڵیك دیاری پێشكەش كرابێت، دیارە گەورەترین دیاریش بۆ توركیا سەری مێردەزمەی كوردییە، كە وەك توركەكان دەڵێن، ئەگەر دەوڵەتی كوردی لە ئەفریقاش بێت ئەوان دژایەتی دەكەن!
ئەو خۆیەكلایكردنەوەی توركیا، روس و ئێرانییەكانی سەخڵەت كردووە، روسەكان پێیان وایە ئەو هەڵوێستەی توركیا دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوە و كۆتایی دەوڵەتی كەمالی، كە لە دوای جەنگی یەكەمی جیهانییەوە دامەزراوە، ئێرانییەكانیش پێیان وایە، كە توركیا كەوتە تەڵەی ئەمركییەكان باجێكی قورس دەدات، بەڵام ئەوەی شارەزای مێژووی سیاسی توركیای نوێ بێت، بە ئاسانی درك بەوە دەكات، كە لەماوەی جەنگی دووەمی جیهانیش، ئەو وڵاتە ماوەیەكی زۆر لەسەر هەمان سیاسەت كاری كرد، تا ئەو رادەیەی خودی هاوپەیمانان لێی بێزار بوون بڕیاریاندا سعودییە و خاكی كەنداو وەك ئەلتەرناتیڤێگ بۆ بنكەكانی توركیا بەكاربێنن، تا لە كۆتایدا توركیا خۆی یەكلاییكردەوە چووە پاڵ هاوپەیمانان، ئەوەبوو لەدوای جەنگ پێگەیەكی باشی لە پڕۆژەی مارشاڵی ئەمریكی داگیر كرد!
لەو روانگەیەوە دەتوانینن بڵێین، ئەو كێشانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای سیستەمی تاكجەمسەری هاتنە ئارا، لە قۆناغی كۆتاییدان و جیهان لە دوا هەنگاوەكانی دابەشكردنێكی تری هەژموونییە، پێدەچێت ئاڵووێرێك لەنێوان گەڕاندنەوەی رۆڵی توركیا، كە لەقۆناغی یەكەمی شەڕی سارددا گێڕای، واتە بوونەوەی توركیا بە پۆلیسی پاراستنی بەرژوەندییەكانی ئەمریكا و ئەوروپا لە رۆژهەڵات، ببێتە هۆی ئەوەی هەموو ئەو ئەلتەرناتیڤانەی وایان نیشان دەدا، كە وەك هاوبەشێك سەیریان دەكەن و لەشەڕی داعش و فشار خستنەسەر رژێمەكانی ناوچەكە بەكاریان دەهێنا، وەكو كورد، جارێكی تر رۆڵیان لاواز ببێتەوە و ئەركیان تەواو بووبێت، كە ئەمە بە كۆتا هاتنی هەردوو ئەزموونی باشوورو رۆژئاوای كوردستان دەگەیەنێت و كورد جارێكی تر دەبێتەوە ناوچەیەكی تامپۆنی و قوربانی یەكەمی ئەو سازشكردنەوە.
ئەمجارە ئەمریكا دەیەوێت ئەزموونی ئەفغانستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش گشتگیر بكات، ئەو تاڵیبانەی، كە لەسوریاش هانیدا و حكومەتی بەشار ئەسەدی پێ روخاند، لە ماوەیەكی كەمی تردا بینێرێتە عێراق و ئەو وڵاتەش بەدەردی سوریا ببات، كە ئەمە دۆخێك دەخولێنێت، تا ماوەیەكی زۆر ئەو ناوچەیە سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت.
ئەوەی گرنگە لێرە سەرەداوی گەمەكەش خراوەتە دەستی توركیا و رۆڵی سەرپۆلیسی ناوچەكەی پێدراوە، بەرامبەر ئەمەش رەنگ بێت لە روی جوگرافییەوە ئەو پشتێنە سنوورییەی، نزیكەی هەموو رۆژئاوای كوردستان و بەشێكی ستراتیژی باشووری كوردستانیش، كە ئەو شوێنانە دەگرێتەوە، كە ئێستا توركیا بە كردەیی داگیری كردووە، ببێتە دەستكەوتی هەنووكەیی توركیا، واتە سنوورەكانی توركیا لە باشوورەوە لەسەر حیسابی باشوور و رۆژئاوای كوردستان فراوان دەبێت، یاخود بەلایەنی كەم دەوڵەتێك لە عێراق و سوریا دروست دەكرێت، كە هەموو بەرژەوەندییە ستراتیژی و ئابوورییەكانی توركیا مسۆگەر دەكات، لە هەردوو حالەتیشدا توركیا رێگە نادات هیچ قەوارەیەكی سیاسی كورد لەژێر هیچ ناوێكدا بمێنێت، ئەو بانگەشەیەی بۆ پڕۆسەی ئاشتی و دیداری ئیمڕاڵی دەیكات، جگە لە هەوڵێك بۆ فریودانی كورد و دوورخستەوەی لە تێگەیشتنی ئەو سیناریۆیە زیاتر نییە!
كەواتە هەر هەنگاویك توركیا بۆ ئاشتی بینێت لە باكووری كوردستانیش، جێگەی متمانە و باوەڕكردن نییە و وەك تاكتیكێك بەكاردەهێنرێت بۆ ساردكردنەوەی كورد بەگشتی و باكووری كوردستان بە تایبەتی، بۆئەوەی دووریان بخاتەوە، یاخود بەلایەنی كەم بۆ ماوەیەك سڕییان بكات تاوەكو پلانەكەی خۆی جێبەجێ دەكات، بۆیە دەبێت كورد لە هەموو كاتێك زیاتر هووشیار بێت، رێگە نەدات سەقامگیری لەناوچەكە دروست بێت و پێویستە دەست بەجێ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی هەموو كوردستان، بەتایبەتیش باكور و رۆژئاوای كوردستان بگرێتەوە، تاوەكو سەرنجی رای گشتی جیهانی رابكێشێت هەروا بەئاسانی جارێكی تر كورد نەكرێتەوە بە قوربانی یەكەم.
دەبێت خەڵكی باشووریش تێبگەن، كە ئەو سڕبوون و بێدەنگییەیان خۆ ئامادەكردنە بۆ چەقۆی جەللاد و لە دواجاردا ئەوانیش دەكرێنە قوربانی و كورد لەم قۆناغەدا بەتەواوی دەدۆڕێت، كە دەڵێم دەدۆڕێت واتە هەموو شتێك لەدەست دەدات، لەبەرئەوەی یزوتنەوە چەكدارییەكانی تر لە سەدەی بیستەم شكستیان دەهێنا، بەڵام ماوەیەك دواتر دەجوولێنرانەوە و گۆڕەپانەكەیان لە دەست نەدەدا، بەڵام ئەمجارەیان بەشێكی گەورە لە هەستیارترین و ستراتیژیترین گۆڕەپانەكە لەدەست دەدەن، ئەویش ئەو پشتێنە سەخت و شاخاوییەیە، كە لەسەر دەریایی سپی ناوەڕاست، یاخود لە چیای كرمانجانەوە درێژ دەبێتەوە تاوەكو دەگاتە زینی وەرتێ، دوور نییە ئەگەر ئێران زیاتر لاواز بكرێت، ئەوا ئەو پشتێنەیە تاوەكو خانەقینیش درێژبێتەوە!
ئەمە جگە لەوەی لە ناوەوەش شارەكانی وەكو هەولێر و دهۆك و سلێمانی لەژێر دەسەڵاتی كوردیدا بەشێوەیەك تەعریب كراون، كە هیچ حكومەتیكی تری ئێراق لە رابردودا نەیتوانیوە ئەو تەعریبە بكات، كە خەریكە ئەو شارانەش مۆركی كوردبوون لەدەست دەدەن و هەر گۆرانكارییەكی لەو شێوەیەی باسمان كرد، ئەو تەعریبكردنە قووڵتر دەكاتەوە و زیاتر دەیچەسپێنێت.
تا ئێستا ئەو هەنگاوانەی ئەو سیناریۆیە، كەمێك كۆسپی لەبەردەمدایەو روسیا دەیەوێت دەستكەوتی زیاتر بەدەست بێنێت، بۆیە خۆی لە ناوچەكە كوردییەكان گرخاندووە و هێزەكانی ناباتە دەرەوە، لەكۆتاییدا ئەگەر گەیشتە ئەو داوایانەی دەیكات، وەكو عەفرین، هێزەكانی خۆی دەكێشێنێتەوە و جارێكی تر كورد دەداتەوە دەست گورگە بۆرەكان، كە ئەمە ئەگەری روودانی زۆر جینۆسایدی گەورە دژ بەكورد بەهێزتر دەكات.
جێگەی داخە ئەو سوریا نوێیەی دروست دەكرێت، سوریایەكی ئەفغانستان ئاسایە و هیچ ئاڕاستەیەك لەو هێزانەی لە دامەزراندنی ئەو دەوڵەتەدا بەشدار دەبن لە هەردوو لایەنی ئەتنیكی و ئاینییەوە لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان یەكناگرنەوە، جگە لەوەی باوەڕیان بەمافی كورد نییە وەكو نەتەوەیەك، لەرووی ئاینیشەوە، هێزە كوردییەكان وەكو كافر هەژمار دەكەن و خوینیان بەحەڵاڵ دەزانن، واتە بە رووخانی ئەسەد دیكتاتۆرییەتێكی ئایدیۆلۆژی چەپی ناسیونالیستی رۆیشت و وا چاوەڕوان دەكرێت دیكتاتۆریەتێكی ئاینیی توندڕەو جیگەی بگرێتەوە، دیارە ئەمەش دەرئەنجامی ئەو شكستەیە، كە پڕۆسەی دیموكراسی لە ئێراق رووبەڕووی بووەوە، بۆیە زۆر ئاستەنگە شوێنی كورد لەناو ئەو حكومەتە نوێیەی سوریا بكرێتەوە، كە ئەگەر بتوانرێت حكومەتێك دروست بكرێت و هاوسەنگییەكانی ناوچەكە شەڕێكی نێوخۆیی ترسناك لەو وڵاتە نەهێنێتە ئارا.
بە كورتی دەبێت راشكاوانە ئاماژە بەوە بكەین، كە كورد لە بەردەم قۆناغێكی ئێجگار سەختدایە و نابێت رێگە بدرێت رۆژئاوا بكرێتە قوربانی دەستكەوتەكانی ئەمریكا و روسیا و لە نەخشەی نوێدا شوینێكی بۆ نەكرێتەوە، هاوكات ناشكرێت وەكو تەماشاكەر بمێنیتەوە و زیاتر لە پەنجا ملیۆن مرۆڤ سەیر بكەن و بزانن چۆن رۆژئاوا، دوای ئەو بێگومان باشووریش جینۆساید دەكرێت، دەبێت جگە لە خەباتی چەكداری، هەموو شێوازێكی خەباتی مەدەنی، بگیرێتەبەر بۆئەوەی بەلایەنی كەم، بتوانێت، ئەگەر تیكە نانێكیش بێت بۆ خۆی بپچڕێتەوە و لەو هاوكێشە ئاڵۆزە هەرێمی و جیهانییەدا، بە بێ هیچ دەستكەوتێك نەیەتە دەرەوە.