سەرۆكایەتیی ترەمپ و بەرزاییەكانی جۆلان

دكتۆر جەزا تۆفیق

2 ڕۆژ لەمەوپێش



دكتۆر جەزا تۆفیق- پسپۆری جیۆسیاسی و ئاسایشی نەتەوەیی

 

دەكرێت شەرعیەتدان و دانپێدانانی ترەمپ بەوەی، بەرزاییەكانی جۆلان بەشێك بن لە خاكی ئیسرائیل ببێتە دەروازەی یەكەمی گۆڕانكاری لە نەخشەی سوریا و ئیسرائیلدا.

پەیوەندییەكی راستەوخۆ لە نێوان پرۆسەی داگیركردنی بەرزاییەكانی جۆلان و لووتكەی شاخی ئەلشەیخ و ناوچەی جیاكەرەوەی نێوان سوپای ئیسرائیل و سوریا و هاتنە سەر دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ لە كانونی دووەمی ساڵی 2025دا هەیە، هەر بۆیە ئەو پلان و پرۆسە سەربازی و جموجۆڵە سیاسیی و دیپلۆماسیانەی كە ئیسرائیل لەم ماوە كورتەی دوای رووخاندنی رژێمی ئەسەددا ئەنجامی دەدات، بێ مەرام و بێ بنەما نییە، لەبەر ئەوەی تەنها ماوەی كانوونی یەكەم بەدەست ئیسرائیلەوە ماوە، تا دیفاكتۆیەكی جیۆسیاسی و جیۆسەربازی لە بەرەی جۆلاندا بێنێتە ئاراوە و لەگەڵ هاتنەسەر دەسەڵاتی ترەمپدا، ئیسرائیل دەبێت بەشێكی زۆر لە پلانە جیۆسیاسی و سەربازییەكانی ئەنجام دابێت، بەوپێیەی هەڵوێستی ترەمپ بەرامبەر بەرزاییەكانی جۆلان بە بەرژەوەندیی ئیسرائیل دەشكێتەوە.

هەڵوێستی ترەمپ بەرامبەر جۆلان

لە ساڵی 1967 سوپای ئیسرائیل توانی %60 بەرزاییەكانی جۆلان داگیربكات، كە رووبەرەكەی خۆی دەدات لە 1860كم2، ئیسرائیل لەو رووبەرە 1240كم2 ی لە ساڵی 1967 وە داگیر كردووە، واتا لە سێ بەش دوو بەشی داگیركردووە  و لە ساڵی 1981یشدا پەرلەمانی ئیسرائیل (كنێست) بڕیارە یاسای ئەوەی دەركرد، كە بەرزاییەكانی جۆلان  بەشێكی دانەبڕاوە لە خاكی ئیسرائیل.

 ئەوەی لێرەدا جێگەی تێڕامانە، هەڵوێستی سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ بوو كە لە 25ی ئازاری 2019دا، بڕیارێكی سەرۆكایەتی ئیمزا كرد سەبارەت بە دانپێدانانی ئەمریكا بەوەی، جۆلان بەشێكە لە خاكی ئیسرائیل.

ئەم بڕیارە سەرۆكایەتییەی ترەمپ، كە لە ساڵی 2019وە ئیمزای كردووە، هەلومەرجێكی لە باری بۆ رەخساوە لە ئێستادا بۆ جێبەجێكردنی كردارەكی لەبەر دوو هۆكار:

یەكەم: رژێمی بەشار ئەسەد هەرەسی هێناوە و لە دەسەڵاتدا نەماوە و ئێستا لە سوریادا رژێمێكی نوێ هاتۆتە سەر دەسەڵات، چاوەڕوانیش دەكرێت جێگیربوون و سەقامگیربوونی دۆخی سوریا و رژێمە سیاسییەكەی كاتێكی زۆری بووێت، لەبەر سەرقاڵبوونی رژێمی نوێ بە ناوخۆی سوریا و كێشەكانییەوە نایپەرژێتە سەر بەرەی جۆلان و ئیسرائیل.

دووەم: بە پلان و بڕیاری نەتەنیاهۆ هێزی ئاسمانی ئیسرائیل گەورەترین هێرشی ئاسمانی كردەسەر، سەرجەم دامەزراوە سەربازی و زانستییەكانی سوریا، هەر لە فڕۆكەخانە و بنكەكانی مووشەك و عەمبارەكانی تەقەمەنی و بنكەكانی چەكی كیمیایی، تا دەگات بە بارەگاكانی بەشە جیاجیاكانی سوپای سوریا، بە مەبەستی خاپوركردن و لە ناوبردنیان، لەم بارەیەوە حكومەت و وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ئەوەیان راگەیاند، كە لە 8%ی توانا بەهێز و سەرەكییەكانی سوپای سوریایان تێكشكاندووە و لە بەرەی جۆلان و خۆرهەڵاتی ئیسرائیلەوە مەترسی نەماوە، ئەم هەڵمەتەی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل كە نزیكەی 500 گورزی ئاسمانی لەخۆگرتبوو ناونرا (تیری باشان) كە ناوێكی سیمبولی و مێژوویی جووەكانە، بەم پێیەش هیچ جۆرە مەترسییەكی ستراتیژی لە ماوەی كورت و مامناوەنددا لەسەر ئیسرائیل نەماوە و مەترسی دوورخراوەتەوە.

دیفاكتۆی جۆلان پێش ترەمپ

بنیامین نەتەنیاهۆ، مەبەستییەتی پێش دەستبەكاربوونی ترەمپ، رووبەرێكی زیاتر لە بەرزاییەكانی جۆلان داگیربكات و بیخاتە سەر ئەو رووبەرەی كە لە ساڵی 1967وە داگیری كردووە، لە روانگەی جوگرافیای سەربازیشەوە دەیەوێت قوڵایی ستراتیژی لە بەرەی جۆلانەوە درێژتر و بەرفراوانتر بكات، ئەم پرۆسەیەی ئیسرائیلیش پێشکات دەبێت و كاتێك دۆناڵد ترەمپ لە مانگی كانوونی دووەمی 2025 دەستبەكار دەبێت، وەكو سەرجۆرە رەزامەندییەكی پێشكاتی ترەمپی لە ساڵی 2019 بۆ  وەرگیراوە.

جۆلان و گۆڕینی نەخشەی ناوچەكە

دەكرێت شەرعیەتدان و دانپێدانانی ترامپ بەوەی، بەرزاییەكانی جۆلان بەشێك بن لە خاكی ئیسرائیل ببێتە دەروازەی یەكەمی گۆڕانكاری لە نەخشەی سوریا و ئیسرائیلدا، هەروەها مانەوەی ترەمپیش لە چوار ساڵی داهاتووی سەرۆكایەتی ئەمریكادا، ئەوەندەی دیكە جێبەجێكردنی گریمانەی گۆڕانكاری بەهێزتر دەكات و دەبێت ئاماژە بەوە بكرێت، هەر لە ساڵی 2019 ەوە ترەمپ شاری ئۆرشەلیم (قودس)یشی وەك پایتەختی ئیسرائیل ناساند و بڕیاری گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمــریكـاشی لــە تەل ئەبیبەوە بۆ (قودس) دا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار