تورکیاو ئوردن دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا پێشێلکارییە
دوێنێ
هەردوو وەزیرى دەرەوەى تورکیاو ئوردون، هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر سوریا رەتدەکەنەوە، دەڵێن دەستدرێژییەکانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا، پێشێلکاریی ڕونی یاسای نێودەوڵەتی و سەروەریی سوریایە.
ئەمرۆ دوشەممە ئەیمەن سەفەدی وەزیری دەرەوەی ئوردن، سەردانى تورکیاى کردو دواتر لە ئەنقەرە لەگەڵ هاوتاکەى ھاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ھاوبەشیان ڕێکخست.
ئەیمەن سەفەدی ئاماژەی بەوەداو دیدارەکەی ئەمڕۆیان لەگەڵ ھاکان فیدان لە تورکیا لەچوارچێوەی ئەو ھەوڵانە ئەنجامداوە کە ھەردوو وڵات بە ھاوبەشی لەپێناو گەلانی سووریا و فەڵەستین خستوویانەتە گەڕ.
ئەو ئاماژەی بەوەشدا: سەبارەت بەو ئاستەنگییانەی ڕوبەڕومان بوونەتەوە، ھەماھەنگیی لەگەڵ لایەنی تورکیا دەکەین بەشێوەیەک ھاوکاربێت لە زیادکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.
وەزیری دەرەوەی ئوردن دووپاتی کردەوە: ئاسایش و سەقامگیری سوریا، پەیوەندارە بە ئاسایشی و سەقامگیری ئوردن و تورکیاوە.
وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەیمەن سەفەدی باسی لەوەش کرد، لەگەڵ تورکیا ئەو دەستدرێژییانە ڕەت دەکەنەوە کە ئیسرائیل لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس بۆ سەر سووریا ئەنجامی داون، وتیشی: دەستدرێژییەکانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا، پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسایی نێودەوڵەتی و سەروەریی سوریایە. ھەروەھا وتى: نامانەوێت شەڕ لە سووریا ڕووبدات".
وەزیری دەرەوەی ئوردن لەبارەی بەردەوامی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە وتی: پێویستە دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ کەرتی غەززە، ھەروەھا پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە کەناری ڕۆژئاوا کۆتایی پێ بھێندرێت.
هاکان فیدان وەزیرى دەرەوەى تورکیا، قسەیکردو وتی، پێویستە نەهێڵین داعش بکەوێتەوە سەرپێ خۆی لە ناوچەکەدا، بۆ رزگاربوون لە بەڵای داعش، تاوەکو ئەودیو سنوورەکانیشمان هەموو هەوڵێک دەدەین.