دەرفەتێک بۆ چاکسازی بەر لەهەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران
سلێمان مستەفا حەسەن
21 كاتژمێر لەمەوپێش
سلێمان مستەفا حەسەن
هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێویستی به گرنگیدانی جدی و بەپەله هەیە، کاتی بەردەست پەنجەرەیەکی گرنگ دەڕەخسێنێت بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە گرنگەکان و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پارتە سیاسیەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕای گشتی. ئەمەش پێویستی بە دوو لایەن هەیە: بەهێزکردنی چوارچێوەی یاسایی و بەهێزکردنی دەستپاکی لە بەرێوەبردنی هەڵبژاردندا. دەستووری عێراق لە ماددەکانی 5 و 6 و 20 دا جەختی لەسەر بنەما بنەڕەتییەکانی سەروەری گەل و هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ و نهێنی و گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات لە ڕێگەی دیموکراسیەوە کردووە. مافی هەموو هاووڵاتییەک بۆ بەشداریکردن لە کاروباری گشتی، لەوانە مافی دەنگدان، هەڵبژاردن و خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستەکان دەستەبەر دەکات. بۆیە پێویستە ئەم بڕگە دەستووریانە بپارێزرێن و بەهێز بکرێن بۆ دەستەبەرکردنی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە و باوەڕپێکراو.
ئەم ساڵ هەڵبژاردن دەکرێت
ئەندامانی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە ٩ی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢سوێندی یاساییان خوارد، بەپێی ماددەی (٥٦) ی دەستور بڕگەی یەکەم ماوەى خولى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەران چوار ساڵى ڕۆژ ژمێريى دەبێت، ماوەكە لە يەكەم دانيشتنەوە دەست پێدەكات و بە كۆتايى هاتنى ساڵى چوارەم كۆتاي دێت.
هەروەها بەپێی بڕگەی دووەمی هەمان ماددە و لە بڕگەی یەکەمی ماددەی ٧ ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا هاتوە: هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى نوێ چل و پێنج ڕۆژ پێش بەروارى كۆتايى هاتن بە خولى هەڵبژاردنى ئەنجومەن دەست پێدەكات.
بەپێی ئەم شیکاریە بێت پێویستە پێش ٩ی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجام درابێت، بۆیە پێویستە وەک لە بڕگەی دووەمی ماددەی ٧ ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠٢٠ ی هەموارکراودا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی کۆمسیاران (٩٠) رۆژ بەر لە رۆژی هەڵبژاردن وادەکە رابگەیەنن و لە پێگەکانی راگەیاندن بڵاوی بکەنەوە، بۆیە بەپێی ئەم شیکاریەبێت رۆژی هەڵبژاردن دەکەوێتە ٢٥ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥، وەک لە برگەی دووەمی ماددەی ٥٦ دەستور و بڕگەی یەکەمی ماددەی ٧یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا هاتوە.
ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران
دەبێت پابەندی بە بڕگەی یەکەمی ماددەی (٤٩) دەستورەوە بکرێت، کە تیایدا هاتوە (ئەنجومەنى نوێنەران لە ژمارەيەك ئەندام پێكدێت بە ڕێژەى يەك كورسى بۆ سەدهەزار كەس لە دانيشتوانى عێراق، نوێنەرايەتى گەلى عێراقى دەكەن بە گشتى. هەڵبژاردنيشيان بە ڕێگەى دەنگدانى ڕاستەوخۆ و نهێنى دەبێت، ڕەچاوى نوێنەرايەتيكردنى سەرجەم پێكهاتەكانى گەلى عێراقيش دەكرێت).
لە خولەکانی پێشوو ئەم ماددە دەستوریە بەهۆی نەبونی سەرژمێری فرامۆشکرابوو، بۆیە بڕیارێکی داداگای فیدرڵی کرایە بنەما بۆ دیارکردنی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران کە گەشەی دانیشتوانی ساڵانە بە (٢.٨) تەخمین کردوە، لە ماددەی (١٣)ی یاسای ئەنجومەنی نوێنەران جەخت لەوە دەکاتەوە تا ئەنجامدانی سەرژمیری گشتی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەن لە(٣٢٩ ) پێکدێت، هەروەها لە ماددەی (٩ )ی یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٣ دا هاتوە( ئەنجومەنی نوێنەران لە(٣٢٩) ئەندام پێک دێت و خشتەی ژمارەی ئەندامانی هەر پارێزگایەکیش هاوپێچی یاساکە کراوە.
داوای ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لەساڵی ٢٠٢٤ هیچ بەهانە و دەرچەیەکی یاسایی نییە کە ئەنجومەنی نوێنەران پێشێلی ئەم ماددە دەستورییە بکات، بۆیە دەبێت لەبەر رۆشنایی دەرنجامی سەرژمێری گشتی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دیاریبکرێت، بێگومان ئەمەش پێویستی بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانە.
تۆماری بایۆمەتری کارتی نیشتیمانی بکرێتە بنەمای دروستکردنی تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران
بەپێی مادەى (٢٠) ی دەستور، هەموو هاوڵاتيەك بە ژن و پياوەوە مافى بەشداريكردني لە كاروبارى گشتى و شاد بوون بە مافە سياسيەكان هەيە لەوانە مافى دەنگدان و هەڵبژاردن و خۆپاڵاوتن، بێ گومان دەستور مافی دەنگدانی بۆ هاوڵاتیان دەستەبەرکردوە، کاری رێکخستنی تۆماری دەنگدەرانیش بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان سپێردراوە، وەک لە یاسای کۆمسیۆندا هاتووە، ئەنجومەنی نوێنەران مافی داوە بە کۆمسیۆن داتای وەزارەتی بازرگانی بکاتە بنەما بۆ تۆماری دەنگدەران، لە بڕگەی دەیەمی ماددەی (١٠) ی یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزگاکان دەسەڵاتی داوە بە کۆمسیۆن سود لە داتای کارتی نیشتیمانی وەربگرێت، لێرەدا جێگەی خۆیەتی پێشنیاری ئەوە بکەین کە بۆ ئامادەکردنی تۆماری دەنگدەران دەسەڵات بدرێتە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن وە کۆمیسیۆن پابەند بکرێت کە داتای کارتی نیشتیمانی بکاتە بنەمای ئامادەکردنی تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران و کارتی نیشتیمانیش لەگەڵ کارتی دەنگدان تاکە بەڵگەبن بۆ ناساندی دەنگدەر، بۆ رزگار بوون لە تۆماری ئێستا و گێڕانەوەی متمانە کارکردنە بە یاسای کارتی نیشتیمانی ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠١٦.
بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و تەکنەلۆژیا لە داهاتوودا
لە سەردەمی پێشکەوتنی خێرای تەکنەلۆژیادا، زۆر گرنگە بەوپەڕی وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بکەین. ئەزموونی هەڵبژاردنەکانی پێشوو مەترسییەکانی ئامێری جیاکردنەوە و ئەژمارکردنی دەنگەکانی ئەلیکترۆنی نیشان داوە. بۆ پاراستنی متمانەی خەڵک و ڕێگریکردن لە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا، پێویستە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەراندا بەکارهێنانی ئامێری ئەلیکترۆنی ژماردن و جیاکردنەوە دوور بخرێنەوە. پرسیارەکە ئەوەیە: چی گرنگە و چی بکرێت؟ لە داهاتوودا، پێویستە جەخت لەسەر جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی بەهێزی ناسینەوەی دەنگدەران بکرێت. ئەمە دەتوانرێت بە دروستکردنی تۆماری بایۆمەتری لەسەر بنەمای داتای ناسنامەی کارتی نیشتیمانی و پەنجەمۆر و وێنە و بەکارهێنانی ئەم تۆمارانە بۆ سەلماندنی دەنگدەران بەدەست بهێنرێت. ئەم شێوازە شەفافییەت بەرز دەکاتەوە و متمانەی خەڵک بە پرۆسەی هەڵبژاردن دەگەڕێنێتەوە.
تەحەدایەکی تری گرنگ ماوە: چۆن دەنگەکان بە شێوەیەکی کارا و ورد بژمێرین بەبێ پشت بەستن بە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان. دۆزینەوەی شێوازی جێگرەوە، پارێزراو و شەفاف بۆ ژماردنەوەی دەستیی زۆر گرنگە بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە و باوەڕپێکراو.
پرسیارێک حسابی و گرنگە، ئەویش ئەوەیە چی بکرێت؟
ئایا چۆن بەبێ بەکارهێنانی ئامێری ئەلکترۆنی ئەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان لەماوەی (٢٤ ) کاتژمێردا ئەنجامە بەراییەکان ڕادەگێنرێن؟
ئەزموونی وڵاتان و خوێندنەوەی شێواز و سیستەماکانی هەڵبژاردن ئەو ڕاستیەیان سەلماندووە، کە هەر سیستەم و شێوازێک لایەنی ئەرێنی و نەرێنی خۆی هەیە؟ کەواتە لە ڕێگای هەمواری یاساوە دەکرێت شێوازی لیست و سیستەمی هەڵبژاردن بگۆڕین، خوێندنەوەی ئێمە بۆ ئەزموونی خولەکانی پێشوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانی کوردستان ئەوەی دووپاتکردەوە، عێراق و هەرێمی کوردستان لە پەیرەوکردنی شێوازی لیستی نیمچەکراوەدا زەرەرمەند بووە.
بۆیە "پەیرەوکردنی شێوازی لیستی داخراو" لەسەر بنەمای ١٩ بازنەی هەڵبژاردن باشترین بژاردەیە بۆ ئێستا و گێڕانەوەی سەنگ و قورسایی بۆ ماڵی یاسادانان، بەمەش کار ئاسانی دەکرێت بۆ دەنگدەران، کار ئاسانی دەکرێت بۆ کۆمسیۆن، ئەنجامەکان لەماوەیەکی زۆر کەمدا ڕادەگەیەنرێن، دەرفەتی تەزویر زۆر کەم دەبێتەوە، کەسیاتییە خاون دەسەڵاتەکان دەگەرێنەوە ناو ئەنجومەنی نوێنەران، کەسانی پسپۆر و شارەزا چانسیان زیاتر دەبێت، بۆیە پەیرەوکردنی سیتەمی نوێنەرایەتی رێژەیی و ١٩ بازنەی هەڵبژاردن و لیستی داخراو، بژاردەی سودمەند دەبن بۆ ئایندەی ئەنجومەنی نوێنەران، هەر کاندیدێکی ئازادیش بە تەنها خۆی کاندی بکات ئەو مافەش فەراهەم کراوە.
دەرەنجام: ڕێگایەک بەرەو هەڵبژاردنی شەفاف
لە ئێستاوە کات بەردەستە بۆ چاکسازی لە رێگای هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و تۆماری بایۆمەتری کارتی نیشتمانی و دوورخستنەوەی ئامێری ئەژمارکردن و جیاکردنەوەی ئەلکترۆنی، هەروەها لە ڕێگەی پێداچوونەوە بە ژمارەی کورسیەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و پەیروکردنی شێوازی لیستی داخراو دابەشکردنی وڵاتەوە بۆ ١٩ بازنەی هەڵبژاردن.
خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران دەرفەتێکە بۆ چارەسەرکردنی پرسە دێرینەکانی چوارچێوەی هەڵبژاردنەکانی عێراق. عێراق بە پابەندبوون بە بنەما دەستوورییەکان و بەرزکردنەوەی سیستەمی تۆماری دەنگدەران و یەکخستنی تەکنەلۆژیای گونجاو و پەسەندکردنی سیستەمی لیستی داخراو، دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ پرۆسەیەکی هەڵبژاردنی شەفافتر و گشتگیرتر و دیموکراسیتر. ئەم ڕێوشوێنانە نەک هەر متمانەی گشتی دەگەڕێننەوە، بەڵکو مومارەسەی ئاشتیانە و کاریگەرانەی دەسەڵات لە دامەزراوە دیموکراسیەکانی وڵاتدا مسۆگەر دەکەن. شاراوە نییە گۆرانکارییەکانی ناوچەکە دەخوازن پارتە سیاسیەکان بە حساباتی خۆیاندا بچنەوە، چونکە گۆرانکارییەکان خێران و هاوڵاتیان نیگەرانن لە ئەزموونی حوکمرانی و بەهەڵە پەیرەوکردنی دیموکراسی و بنەماکانی دەوڵەتی ماف و یاسا.