ئەحمەد شەرع سەردانى تورکیا دەکات

18 كاتژمێر لەمەوپێش



ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکی ئاشکرای دەکات کە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئیدارەی کاتى سوریا بە نیازە سەردانی تورکیا بکات، ئاماژەی بەوەداشداوە چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کۆببێتەوە.

ڕۆژنامەکە ئەوەى خستوەتە ڕوو ئەحمەد شەرع، سوپاسی ئەردۆغان دەکات بۆ پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ شۆڕشی سوریا، هاوکات جەختیشیکردووەتەوە کە دیارترین مەلەفی سەرمێزى گفتوگۆکەیان، پرسى شەرڤانانى هێزەکانی سوریای دیموکرات دەبێت لەسوریا.

بەپێى ناوەرۆکى هەواڵى ڕۆژنامە تورکیەکە، سەرکردایەتی تورکیا و سوریا لەسەر پێویستی "پاککردنەوەی ناوچەکە لە تیرۆر" هاوڕان، بە هاوبەشی بڕیاریانداوە ئەم هەوڵانە بەرەو پێشەوە ببەن.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیاربوو پێشتر سەردانەکەی شەرع ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی گۆڕانکارییەکانی بەرنامەکەى سەردانەکە دواخراوە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە لایەن هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاوە هەڕەشەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد (یەپەگە) کرا، ڕوونیدەکاتەوە مەرجەکانی تورکیا بۆ دوورکەوتنەوە لەو ئۆپەراسیۆنە ڕوون و ئاشکرایە، کشانەوەی پارتی کرێکارانی کوردستانە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

بەڵام فیدان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن تورک جەختی لەوە کردەوە، تورکیا "هیچ مەبەست و ئامادەکارییەک بۆ بەدیهێنانی ئەم بابەتە نابینێت"، هەروەها وتى "ئەو تیرۆریستانە کە لە وڵاتانی دیکەوە دێن دەبێ سوریاش بەجێبهێڵن، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە تورکیا لەنزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکات.

لە میانی دیدارێکیدا لەگەڵ ئەیمەن سەفادی هاوتاکەی، دووشەممەی ڕابردوو، فیدان جەختی لەوە کردەوە کە دۆخی سوریا گۆڕاوە، هەروەها نەهێشتنی بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەل تەنیا لەسەر کات وەستاوە.

هەروەها جەختی لە گرنگی سەقامگیری هەمیشەیی لە سووریا و پاڵپشتیکردنی ئیدارەی نوێ لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و گەیاندنی بۆچوونی پێویست لەبارەی دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاری سەرەتایی و سەقامگیری بۆ دیمەشق کردەوە.

ئەنقەرە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، دوای نزیکەی 13 ساڵ لە داخستنی، باڵیۆزخانەی خۆی لە دیمەشق کردەوە و ئیبراهیم کالین، وەزیری هەواڵگری تورکیاش سەردانی دیمەشقی کرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار