یەکێتی نیشتمانی بەرەو کوێ دەڕوات؟ "٥"

مەحموود مەمەدئاغا

2 هەفتە لەمەوپێش



مەحموود مەمەدئاغا

ئەگەر جاران مام جەلال لە میتینگی هەزاران کەسیدا پەیامی یەکێتی نیشتمانی پێشکەشی جەماوەر دەکرد، ئەگەر لە ڕابردوودا شێرکۆ بێکەس بە ئەدەبییات و شێعری ناوازە، هەست و سۆزی شۆڕشگێڕانە و نەتەوەیی دەوروژاند، ئەگەر پێشتر سەركردە و كادێری دێرین و بەئەزمون، شرۆڤەی سیاسەتە پێشکەوتنخوازەکانی یەکێتییان  دەکرد و فەرماندەی وەک مامە ڕیشەی چاونەترس پێشەنگی هێزی پێشمەرگە بوو، ئەگەر جاران جڵەوی گۆڕەپانی چالاکییەکانی حیزب لە دەست  کەسایەتی ئازا و بلیمەتی وەک لاهور تاڵەبانیدا بوو، ئێستا ئیتر ئەم قۆناغە زێڕینەی یەکێتی کۆتایی هاتووە و کۆمەڵێک دامودەزگای نافەرمی و سێبەر، تاقمێک ئاژیتاتۆڕی نەخوێندەوار و ناشەرەزا پێشقەڕەوڵ و دەمڕاستی ئەو حیزبەن.

یەکێتی نیشتمانی سەرەڕای ئەوەی کە خاوەنی وتەبێژ و دەیان فەرمانگە و نووسینگە و مێدیا و کەناڵی تەلەڤیزیۆنی و پێگە و پەیج و ئەکاونتی فەرمییە، بەڵام بەدەگمەن سیاسەت و پەیام و بیروڕای ڕاستەقینەی حیزبەكەی تێدا بڵاو دەکاتەوە و ئەم ئەرکەی بە کۆمەڵێک میدیا و پەیج و ئەکاونتی نافەرمی و ناشەرعی و سێبەر و ژمارەیەک بازرگانی ساختەچی و چەند دەستە و تاقمێکی دەمامکداری نێو هێزە ئەمنییەکانی سپاردووە. دەزگا و میدیا فەرمییەکان کە ڕۆژانە و مانگانە بە دەیان ملیۆن دۆلار لە سەروەت و سامانی وڵات هەڵدەلووشن، بۆ پڕوپاگەندەی حیزبی و تاکەکەسی تەرخان کراون. ئەوان بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی و بچووکنیشاندانی کێشە و گرفتە حەقیقییەکانی خەڵک و گەورەکردنەوەی دیاردەی بێبنەما و پڕوپووچ، بێوچان هەوڵ دەدەن. ئەرکی ئەوان پیرۆزکردنی حیزب و سەرۆک و لەبیربردنەوەی هەژاری و بێ مووچەیی و بێکاری و گەندەڵی و دەیان و سەدان گرفتی دیکەی ئابووریی و کۆمەڵایەتی و سیاسییە. ئەرکی ئەوان شاردنەوەی ئەو کارەسات و سەرجەم نەگبەتییانەیە کە بەسەر خاک و خەڵکی کوردستانیان هێناوە. ئەوان دەیانهەوێت کەس بیر لەوە نەکاتەوە کە سلێمانی سەردەمانێک بە شاری شاران و لانکەی پێشکەوتنخوازیی و ڕۆشنبیریی بەناوبانگ بوو، بۆ وای بەسەرهاتووە کە ئێستا لە گوندێکی گەورەی لەبیرکراوی بێ خزمەتگوزاریی دەچێت. ئەوان دەیانەوێت لەناوچوونی سروشت و ئەزمەڕ و گۆیژە و کەرتی کشتوکاڵی و بێ ئاویی و بێ کارەبایی و بێ مووچەیی و بێکاریی و کۆچی بەکۆمەڵی گەنجان و دۆخی نالەباری ئەمنی و مایەپووچبوونی کەرتی تایبەتی و پیشەسازیی و وەبەرهێنان و هەڵاتنی بازرگان و دەوڵەمەندەکانی دەڤەرەکە لەدەست سەرانەسێنی و باجخوازە ناشەرعییەکان بپۆشن.

کێ دەزانێت کە گوتاری ئەمڕۆی یەکێتی نیشتمانی چییە؟ کێ دەزانێت کە سیاسەتە مەیدانییەکانی ئەو حیزبە، خزمەت بە کام بەرنامە و پرۆژەی نیشتمانی دەکات؟ کەس دەتوانێت بە ڕوونی پەنجە بخاتە سەر ئەو ڕاستییەی کە مەبەستی یەکێتی نیشتمانی لە دەوڵەتداری و حوکمڕانی چییە؟ ئەو حیزبە چۆن و بەپێی کامە ئاجێندا و پرۆگرامی زانستی دەیەوێت خزمەت بە وڵات و خەڵکەکەی بکات؟ بەرنامەی کامە کەناڵ و میدیای فەرمیی بۆ شرۆڤەی دۆخی ڕاستەقینەی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان تەرخان کردووە؟ چۆن دەکرێت حیزبێک کە دەیان ساڵە، لە قۆناغی شاخ و شار، چ ئەو کاتانەی لە ئەشکەوت و خێوەتدا دەژیان و چ ئێستاش کە لەسەر هەر تەپۆڵک و بەرزاییەک، دیان کۆشک و هاوینەهەواری تایبەت بەخۆیان هەیە و لەتەنگانەدا نانی سفرەی خەڵکی کوردستانی خواردووە و سەرجەم تێچووی حیزبەکەی لە گیرفانی هەژارانەی ئەو خەڵکە بەشمەینەتەوە دابین کردووە، ئێستا و لەکاتی فەرحانیدا، لوتی لە ئاسمان بێت و تۆسقاڵێک وەفای نەبێت؟ کەس هەیە ئەگەر لە ڕووی ناچاری و بێدەرەتانییەوە نەبێت، متمانە بە حیزب و سەرۆک و دەسەڵاتدارییەکی لەوجۆرە بکات؟ ئەمانە و سەدان پرسیاری بێ وەڵامی دیکە هەن کە پێویستە هەر تاکێکی ناوخۆ و دەرەوەی ئەو حیزبە لەخۆی بکات.

هەموو حیزبێک لە سەروبەندی هەڵبژاردن و کاتی بانگەشە، بۆ ڕاکێشانی سەرنج و دەنگی زیاتر، هەوڵ دەدات باشترینەکانی خۆی بە خەڵک بناسێنێت. جوانترین بەرنامە و پڕۆگرامی کار و تێکۆشانی خۆی بۆ حوکمڕانی و ئاوەدانکردنەوە و بەختەوەریی خەڵکەکەی، پێشکەش بکات. باشە با لەخۆمان بپرسین؛ لە دوایین هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، پلان و بەرنامەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ چاکسازیی و ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان چی بوو؟ جگە لە کۆمەڵێک دروشمی ڕووخێنەر و هێندێک هەلسوکەوتی کۆمیک و هات و هاواری بێناوەرۆک، کەس شتێکی تری لەبیرە؟ ئەو حیزبە و سەرکردایەتییەکەی تەنانەت بۆ ئەوکاتیش قسەیەکی نوێ یان لانیکەم مەنتقی و عەقلانییان پێنەبوو. ئەوان ئەوکاتیش بە جێگای ئەوەی ئاوات و ئارەزووی جوان و ڕەخنەی زانستی و بنیادنەر پێشکەش بکەن، هەموو توانای خۆیان لە سەر بنچینەی چاندنی تووی ڕق و کینە و دووبەرەکی و دوژمنایەتیکردنی خەڵکانی دیکە و پەلاماردانی حیزبی دیکە هەڵچنی. ئەو حیزبە ئەوکات کە زیاترین پێویستی بە ناساندنی باشترین لایەن و ناوەرۆکی خۆی هەبوو، شتێکی بۆ وتن پێنەبوو، ئێستاش وەک پێشینییان دەڵێن، کەرەکەی لە ئاوەکە پەڕیوەتەوە، تۆ بڵێی موعجیزەیەکی بەدەستەوە بێت و ئاوڕێک لەو خەڵکە بداتەوە و خزمەتی کۆمەڵگاکەی بکات؟ 

یەکێتی نیشتمانی بەجێی قۆستنەوەی دەرفەتەکان، خەریکی قومارێکە کە دانە دانەی کارتەکانی دەسوتێنێ و پردەکانی پشت سەری خۆی دەڕوخێنێ. لە ئێستادا لەناو ئەو حیزبە فەرمی و پێناسەکراوەدا کە هەموومان دەیناسین، حیزبێکی بە دەسەڵاتی سێبەر خۆی حەشارداوە. حیزبێک کە کۆمەڵێک  دامودەزگا و بەڕێوبەرایەتی و بەڕێوبەر و بازرگان و هێزی ئەمنی و چەکدار و میدیا و پەیج و ئەکاونتی لە دەوری خۆی کۆکردووەتەوە. ئەمانە جگە لەوەی کە وەک زەروو خوێنی ناو شادەمارەکانی حیزب و کۆمەڵگا دەمژن، چەشنی قەڵغانێکیش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتەکانی تاقمێک بەکار دێن، کە هەمان ئەو بەرپرسە بازرگان و معاملەچی و ساختە و چەکدارە دەمامکدارانەن کە لەکاتی پێویستدا (ئەوکاتانەی نهێنییەکانیان خەریکە ئاشکرا دەبن و بەرژەوەندیی خۆیان دەکەوێتە مەترسییەوە) دەخرێنە جموجۆڵ و وەک ئامرازی  گوشار و هێزی ئەمنی بێ پێناسە و چەکداری چاییچی کوژ و باجگر و سەرانەسێنی ناشەرعی، دێنە بەر چرا و ڕوخسارە شاردراوەکەی حیزب، دەردەخەن.

 سەرکردایەتی ئەوحیزبە، پێیوایە چەندێکی تر و تا کەی دەتوانێت بەمجۆرە و بە ماکیاج و ماسک و تارا، ڕوخساری خۆی سواغ بدات؟ بەڕاستی پێیانوایە تاکەی دەتوانن خەڵکی کوردستان بەکەم بگرن و حیسابیان بۆ نەکەن و گاڵتە بە عەقڵییەتی کۆمەڵگا بکەن؟

پێکهاتەی حیزب لە نێو حیزبدا و ئەم قەوارە ئاڵۆز و بێ سەرەوبەرەیە، تەنیا ئاماژەیە بەو ڕاستییە تاڵەی کە حیزبێکی سیاسی خاوەن هەزاران شەهید و قوربانی، لە باشترین ڕۆڵەکانی ئەو خەڵکە، کە بە سەدان میلیۆن و بگرە میلیارەها دۆلار لە سامانی گشتیی پێوانە ناکرێت، گیرۆدەی چارەنووسێکی دوودیویی کوشندە بووە، ئەویش ئەو دۆخە مەترسیدارەیە کە حزبێکی سەرەکی و فەرمی و دایک، دەوری دەمامک دەگێڕێت و حیزبە سێبەرە حەشاردراوەکەی ناوخۆی دەپارێزێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار