دانیشتوانى خەلەکان چوار رۆژە ڕێگاى سلێمانى ــ هەولێریان داخستوە
4 هەفتە لەمەوپێش
دانیشتووانى ناحیەى خەلەکان و دەوروبەرى، ماوەى هەفتەیەکە بەردەوامن لەخۆپیشاندان و ناڕەزاییدەربڕین لە دژی تەواونەکردنی جووتسایدی خەلەکان – رانیەو چوار رۆژیشە رێگای سەرەکی سلێمانی ـ هەولێریان بەتەواوی بەڕووى هاتوچۆی ئۆتۆمبێلدا داخستوە.
بەهۆی وەستانی کارکردن لە دووسایدی رێگەی نێوان جووتسایدی خەلەکان – رانیە، هاوڵاتیانى ئەو ناوچەیە رێگەی نێوان سلێمانی و هەولێر و ئیدارەی راپەڕینیان لە گوندی باداوان لە کانی وەتمان بەڕووی ئۆتۆمبێلی بار و تانکەردا داخستوەو ئاستەنگى هاتوچۆیان دروستکردوە.
ئەمڕۆ هەینیش بۆ ماوەى هەفتەیەکە بەردەوامن لە ناڕەزایەتی دەربڕین و خۆپیشاندەرانیش نوێژى هەینیان هەر لەسەر ڕێگل داخراوەکە ئەنجامداو بەڵێمى ئەوەیان دووپاتکردەوە بەردەوام دەبن و رێگاکەش بە داخراوی دەھێڵنەوە تا ئەوکاتەوە وەڵامى یەکلاکەرەوە وەردەگرن.
ئەو هاوڵاتیانەى بەشداری خۆپیشاندان و گردبوونەکانیان کردوە، باسیان لەوەکردوە کارکردن لە رێگاکە وەستاوەو حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنەکانی بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە جێبەجێ نەکردووە، هیچ وەڵامیشیان ناداتەوە، بۆیە ناچاربوون رێگاکە دابخەن.
لە ساڵی 2013 وە بڕیاری دووسایدکردنی رێگای دووکان – رانیە دراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پرۆژەکە تەواونەکراوە، لەکاتێکدا ساڵانە چەندین رووداوی هاتوچۆ لەو رێگایە روودەدەن و دەیان هاووڵاتییش دەبنە قوربانی.
دووسایدی دووکان - رانیە بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، قۆناغی یەکەمی لە گوندی بێستانە بۆ چوارقوڕنە تەواو کراوە، قۆناخی دووەم و سێیەمی لە کانی وەتمانەوە بۆ دووکان 12 ساڵە تەواو نەکراوەو بەجێهێلراوە.
پەیوەست بە کێشەو خۆپیشاندانەکەى هاوڵاتیانى ئەو ناحیەیە، کامەران عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان، لەلێدوانێکى رۆژنامەوانیدا ئەوەى خستەڕوو ئەو کێشەیە، کێشەی ئیدارەی ناوچەکەیە، بەڵام کێشەیەکی گەورەنییە و بە 25 ملیار دینار چارەسەر دەبێت.
بەڕێوەبەری ناحیەى خەلەکان، وتى: بەڵێندەرەکە بە ٤٥%ى کارەکانى تەواوکردوە، بەهێندەی ئەو پارەیەی وەریگرتووە کاری نەکردووە، تائێستا نزیکەى حەوت ملیار دینارى بۆ خەرجکراوە، بۆ تەواوکردنی رێگەکەش یاداشتی وەستاندنی کاری کۆمپانیاکەمان بردووە بۆ نووسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و پارێزگای سلێمانی، بەڵام تا ئێستا وەڵام نەدراوینەتەوە.
داواکاریی یەکەمى ئەو هأولاتیانەى خۆپیشانەکەیان کردوە، تەواوکردنی قۆناغی دووەمی رێگەکەیە، کە دریژیەکەى 25 کیلۆمەترە، بەوى هاوڵاتیان بۆ تەواوبوونی پرۆژەکە تەنها (٢٠) ملیار دینارى پێویستە.
خەلەکان دەکەوێتە باکووری قەزای دوکان، لەڕوى ئیداریەوە سەربە پارێزگای سلێمانیە، بە گوێرەی دوایین ئامار، ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەى ٨ هەزار کەسە.