کۆماندۆ رێگریی لە یارییەکی لاوانی یانەی نەورۆز کرد
2 هەفتە لەمەوپێش
هێزێکى کۆماندۆ رێگریکرد لەبەرێوە چوونى یارى تیپی لاوانی یانەى نەورۆز لە خولی عێراق لەگەڵ لاوانی یانەی پێشمەرگە، بڕیاربوو ئەمرۆ کاتژمێر 2:30ـى پاشنیوەڕۆ لە چوارچێوەى یارییەکانى خولى تۆپى پێى عێراق بۆ ئاستى خوار تەمەن 21 ساڵ، یاریەکە ئەنجامبدرێت.
نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکی یانەی نەورۆز لەبارەیەوە راگەیەنراوێکى بڵاوکردەوە دەڵێت، بەداخێکی زۆرەوە ئەمڕۆ، لەکاتێکدا تیپی لاوانی یانەکەمان لە خولی عێراق لەگەڵ لاوانی یانەی پێشمەرگە لە یاریگای یانەی پێشمەرگە لەنێو فەرماندەیی گشتیی خەریکی ئەنجامدانی یاریکردن بوون، هێزێکی لە یاسا دەرچوو کە خۆیان بە کۆماندۆ ناساندووە رێگرییان کردووە لە ئەنجامدانی یارییەکە.
دەشڵێت، بە فەرمانى سەرۆکى یەکێتى هێزەکەى کۆماندۆ رێگریی لە بەڕێوەچوونى یارییەکە کردووە، هەربۆیە داوا لە یەکێیتى تۆپی پێی عێراق دەکەن بە ئەرکى خۆى هەستێت و بەرپەرچى ئەم کارە بداتەوە کە ئەو بە رەفتارى بەعس ئاسا و ترسنۆکانە ناوى بردووە.
نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکی یانەی نەورۆز باسى لەوەشکردووە، ئەم کارە ئیهانەکردنە بە شاری سلێمانی و وەرزش و وەرزشدۆستان و داوا لە وەرزشدۆستانی سلێمانی و هەموو کوردستان دەکات کە دژ بەم رەفتارە بە توندی بوەستنەوە.
لە بەشێکى دیکەى راگەیەنراوەکەى نووسینگەى رۆژنامەوانى سەرۆکى یانەى نەورۆز هاتووە، سەرۆکی حکومەت بەرپرسیار دەکەین بەرامبەر جڵەوکردنی ئەو هێزانەی کە مووچە لەسەر حسابی ئەم میلەتە و لەسەر لیستی ئەم حکومەتە وەردەگرن، بەڵام وەکو خۆى دەڵێت، بەعس ئاسا کەوتونەتە گیانی هەموو پیرۆزییەکانی کوردستان و میللەتەکەى.