حزب چییە؟

د. سەردار عەزیز

3 ڕۆژ لەمەوپێش



د. سەردار عەزیز

گەر بە ڕواڵەت تەماشا بکەیت، حیزب یەکێکە لە دیاردە ڕەگ قوڵەکانی کۆمەڵگای کوردیی لە باشور. خەڵک هەن نازناوی حیزبیان هەیە، بۆ نمونە. شیوعییەکان لە گەڵ خۆیاندا چەمکی حیزبمانیان هێنایە ناو وشەسازی سیاسی کوردییەوە. کە خۆی لە ڕاستیدا دژ بە هەموو بنەمایەکی حیزبە، وەک یەکەیەکی سیاسی- کۆمەڵایەتی.

حیزب جۆرێکە لە پێکەوەبون. ئەم پێکەوەبونە جۆری زۆرە. دەکرێت وەک توێژ یان چین بێت، ئەوەی لە ئەدەبیاتی سیاسیدا پێی دەڵێن کلیڤج. دەکرێت ئابوریی و بەرژەوەندی ئابوری بێت، بە هەردوو دیوی واقیعی و خەیاڵی.

ڕەنگە کۆنترین چەمکی پێکەوەبون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەمکی عەسەبیەتی ئیبن خەلدون بێت.

دونیای کوردی کە دێتە سەر حیزبایەتی بە دەست هەژارییەکی ئێجگار کوشندەوە دەناڵێنێت. حیزب لە ئاگایی مرۆڤی کورد و ناوچەکەشدا، جۆرێکە لە تیرەگەرێتی. تیرەگەرێتی یانی کۆبونەوە لە پێناو دژایەتی ئەوانیتر. هاتنی بیری چەپ هێندەی تر ئەم ئاگایی و پراکتیزە خراپەی تۆکمەتر کرد، چونکە کرۆکی پارتی چەپ لە سەر هەوڵی دژایەتی و سڕینەوەی ئەویترێکی خراپە، کە ئەگەر لاببرێت ئەوا دونیا باش دەبێت. لەم ڕوەوە حیزبمان [وەک شیوعییەکان دەیانگوت و پاشان پارتیمان لە سەر هەمان هەمان ئاواز] خۆ جوادکردنەوەیە بۆ دژایەتیکردنی ئەوانیتر تر. بەو مانایە حیزب یەکەیەکی کراوە نیە بۆ هەموان.

یەکێتی و پارتی هەرگیز نەگەشتنە ئاستی حیزب، بەوەی کە گروپێک یان چەند گروپێک بن بنەمایەک یان بەهایەکی هاوبەشی کراوە کۆییان بکاتەوە کە لە هەناو کۆمەڵگاوە سەرچاوەی گرتبێت و کراوەبێت بۆ کۆمەڵگا.

حیزب وەک یەکەیەکی کۆمەڵایەتی خاوەنی نیە. لە ناو کورددا حیزب وەک قەمەرە وایە خاوەنی هەیە. حیزب ڕەنگدانەوەی کەسایەتی و خواستی کەسێک یان چەند کەسێک نیە. بەڵکو حیزب ڕەنگدانەوەی توێژێک لە کۆمەڵگایە و لە گەڵ گۆڕانی پێداویستی و دونیابینی ئەو توێژانەدا دەگۆڕێن.

بەڵام لە دەرەوەی یەکێتی و پارتی مۆدێلی حیزبی سەیر و سەمەرە هاوتوەتە دونیاوە. حیزب وەها دەبینرێت کە لۆرییەک یان شەمەندەفەرێکە کەسەکان هەوڵدەدەن سواری بن هەتا بگەنە جێگای یان ئامانجێکی تر.

حیزب بۆ توێژ و چینی کۆمەڵگا نیە، بەڵکو فریودەر و بەکاربەری کۆمەڵگایە. چۆن تاکەکان پەیوەندییەکی بەرخۆریی یان ئیستیهلاکییان هەیە بە حیزبەوە، حیزبیش بە هەمانشێوە پەیوەندی بەرخۆریی هەیە بە توێژی کۆمەڵگاوە.

ئەم گروپانە کە پێیان دەڵێن حیزب ختۆکەی خەونی بچکۆلەی تاکەکان و باری دەرونی توێژەکان و مەحرومییەتی زۆرینەیەک دەدەن بۆ سودبینین لێیان نەک بۆ کارکردن یان گۆڕانکارییان.

کوردستان پێویستی بە حیزبە، بەڵام حیزبی سەردەمی کە بتوانێت دونیابینی دروست بکات، هێز لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی و سودی هەموان بەرهەمبهێنێت. حیزب کە کادیر دروست بکات بۆ حوکمڕانی نەک بونەوەرێک کە لە کەناڵەکاندا کڕکەوتەوە و دەیەوێت ختۆکەی هەموان بات.

دیارە نازانم لە کۆلێژەکانی بەناو زانستی سیاسی چی دەخوێنرێت لە کوردستان؟

حیزب یەکەیەکە کە توانای بەردەوامیی و صیرورەی هەیە. ئیتر ئاوایە حیزبەکەی.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار