لەمەجلیسەکانی نەوشیروان مستەفاوە "١١"
عەبدولڕەزاق شەریف
دوێنێ
عەبدولڕەزاق شەریف
وەک زۆر بەیانیانیتر، لە ژووری کۆبوونەوەکان، چوومە لای و دانیشتم. تەنیا هەردووکمان بووین، دوای کەمێک قسەکردن، سکرتێرەکەی هاتەلامان و وتی: (میوانەکەت گەیشت!)
ڕوخسەتم لێوەرگرت لە پێوقەیەمی میوانەکەیدا من بڕۆم، بەڵام وتی:
" دکتۆر لەتیفە، مەڕۆ حەزەکەم تۆش دانیشیت".
من نازانم بۆچی لە هەندێک مەجلیس و کاتی قسە و هەڵوێست و دانیشتنی تایبەتدا، منی گل ئەدایەوە یان بۆی باسدەکردم. تەنانەت هەندێکجار، وەفد و کەسایەتی سیاسی وڵاتانیش دەهاتن، من پێم دەوت با چەند هاوڕێیەکمان بانگ بکەین بەڵام ئەو کەسیتری بە پێویست نەدەزانی!
ئێستا، باسوخواسەکان دەبنە مایەی رەخنە تەنانەت تۆمەتیشم ڕوبەروو دەبێتەوە.
من ئەزانم نەوشیروان مستەفا، چەند پاڵەوانی ڕووداوەکانی مێژووی نوێ بوو، هێندەش ترسی لەو مێژوە هەبوو! ڕەنگە هۆی سەرەکی خوڵکی من بۆ ئەو مەجلیسانەی، ئەو ترسەی لە مێژوو بووبێت! بێ مەڵامەت نەبوو! هەربۆیە من وەک ئەرکی سەرشانم لێی دەڕوانم، بەپێویستیشی ئەزانم هەتا شایەتحاڵەکان لە ژیاندا ماون بیاننووسمەوە.
ئەو دەیزانی من هەتا لە ژیاندا مابێت ئەمانەتی قسەکانی ئەپارێزم و دەشتوانم لە دوای مەرگی بە زمانێکی جیاواز و بە نووسین هەقیقەتی رووداوەکان بنووسمەوە.
بە هەرحاڵ، لە هاتن و هەستان لەبەر میوانەکەدا، من کەوتمە کورسی تەنیشتی و ئەوانیش بەرامبەری یەکتری کەوتنە قسەکردن.
کاک نەوشیروان وتی:
- دکتۆر سوپاس بۆ ئەوەی کە هاتی، لە راستیدا تەنیا یەک پەیامی کورتم هەیە بە "هێرۆ و ماڵی مام جەلال" ی بگەیەنیت. بە دوو کەسی تریشدا ئەم پەیامەم ناردووە بەڵام نەوەك نەیگەیەنن پێم باش بوو بە تۆش بڵێم!
لە نێوانی شڵەژان و دووبارەبوونەوەی وشەی فەرموو فەرمووی لەتیف رەشیدی(سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق)دا، ئەو بە توڕەیی لە قسەکانی خۆی بەردەوام بوو:
- ماوەیەکە مناڵەکانی ماڵی مام جەلال لەملاولا و لەسەر تەلەفزیۆنیش قسە بە من ئەڵێن و هەڕەشە دەکەن! ئەمەوێ بە (هێرۆ) بڵێیت یەکجاریتر قسەی نابەجێ بکەن ئەیانتۆپێنم. من بە تەمەنی خۆم لە سەدام نەترساوم، ئێستاش لە دوو مناڵی ئەوروپا ناترسم، یەکی داڵ و ئەستێرەیەکیان لەباڵیانداوە و خۆیانی پێوە بائەیەن، لەو پیاوانەش نیم بەدزییەوە خەڵک بکوژم، ئەو ڕۆژەی کوشتمن دەچمە سەر تەلەفزیۆن و ئیعلانی ئەکەم، ئەڵێم من کردوومە!
ئەم توڕەبوونەی نەوشیروان مستەفا لەسەر بنەمای زانیاری و قسەی میدیا و مەجلیسەکانی ئەواندا بوو! لاهور "برای ئەوکاتی باڤڵ و قوباد" لە لێدوانێکیدا و لە تەلەفزیۆندا، وەک هەڕەشە ڕوو لە رێکخەری بزوتنەوەی گۆڕان وتبووی (ئەوە عەرز و ئەوە گەز).
دوای ئەو قسانە هەر هێندەی قاوە خواردنەوەیەکی خایاند؛ لەتیف رەشید خواحافیزی کرد.
بەزەردەخەنەیەکەوە کە زیاتر بۆ هێورکردنەوەی توڕەییەکەی ئەو بوو، پێم وت :
جا پێماندەکرێت؟
وتی: بۆچی نا؟ ڕۆژ نییە دەیان گەنج نەیەن بۆلام و داوای سەری ئەوانم لێ نەکەن!
توڕەتر لەو پەیامەی کە ناردی، وەڵامی شێوازی پرسیارەکەی منی دایەوە.
ڕۆژی دواتر ... سەعات نۆی بەیانی، تەلەفۆنێک هات و سکرتێرەکەی وتی: "لە ماڵەوەیە و داوات دەکات."
کەمێک دواکەوتم .
دواتر وتم: ( کێی لایە؟)، ئەوە ئەو پرسیارە بوو کە هەمیشە لە ژووری سکرتێرەکەیدا، پێش دیدار،
لای هەموومان ئامادەبوو.
لە وەڵامدا وتی: "هێرۆ خان" و ئیتر من نەچوومە ژورەوە!
لە هەستان و رۆیشتن و خواحافیزی هێرۆخاندا، وەک خوڵکی هەمیشەیی خۆی سڵاوێکی لە ئێمەی کوڕگەلی ناودەرگا و هەیوانەکە کرد، ڕوو لە من وتی: ئەوە بۆ نەهاتیتە ژوورەوە؟
وتم: لەبەر میوانەکەت، فەرموو ئیشەکەت چییە!
وتی: ئیشەکەی منیش بۆگوێگرتن لەوبوو ... بۆ عوزرخوایی مەسەلەکەی دوێنێ هاتبوو.