تف لە ڕۆشنبیر

د. سەردار عەزیز

3 هەفتە لەمەوپێش



د. سەردار عەزیز

دیاردەی ڕق لە ڕۆشنبیر، دیاردەیەکی جیهانییە. بەڵام لە هەر جێگایەک بە هۆکار و پاڵنەری جیاواز. لە کۆمەڵگای کوردیدا، جگە لە ڕق، بەرپرسیارکردن هەیە. گوایە خەتای ڕۆشنبیرە کە دۆخی کوردستان وەهایە. من هەست دەکەم ئەم هەڵوێستە بەرامبەر ڕۆشنبیر زۆر لەوە ئاڵۆزترە وەها بە ئاسانی وەربگیرێت.

دیارە زۆرێک لە خەڵک، زۆر بە ئاسانی دەکەونە تەڵەکەوە و دوبارەی دەکەنەوە، یان هەمان هەستیان بۆ دروست دەبێت. سەرەتا دەبێت شتێک ڕون بکەینەوە، ئەویش ئاڵۆزیی پەیوەندی نوخبەی خاوەن دەسەڵات و خەڵکە. خەڵک هەمیشە پەیوەندییەکی ئاڵۆزیان لەگەڵ کەسی دەسەڵاتداردا هەیە، چەمکی ڕێسێنمۆای نیتچە بە باشی ئەم دۆخە ڕوون دەکاتەوە. بە کورتی، خەڵک لە کاتێکدا  خۆشییان لە دەسەڵاتدار نایەت، بەڵام لە هەمانکاتدا حەزدەکەن وەک ئەو بن یان وەک ئەو بکەن، بۆیە ڕقیان لێیەتی و لە ناخەوە ئیرەیی پێدەبەن، بەڵام بە زۆری ملکەچن بۆی. ئەمە جۆرێکە لە ئەخلاقی گڕگن، کە تێزی گەورەی نیتچە بوو.

بەڵام دەسەڵات، یارییەکە بەباشی دەکات، بۆ نمونە لە کوردستان خەڵکانێک دروست دەکەن وەک دەسەڵاتدار، بەڵام تەواو بێدەسەڵات، بۆ نمونە ئەندام پەرلەمان، یان خەڵکانێک کە گوایە ڕۆڵیان هەیە، بەڵام بەبێ هیچ ڕۆڵێکی جیدیی، وەک ڕۆشنبیر، بۆ ئەوەی خەڵک ئەمانە لە ڕواڵەت و واجیهەدا ببینێت، وەها تێبگا کە ئەمانە بەرپرسیارن و خۆیانی تیادا بەتاڵ بکەنەوە.

لە هەمانکاتدا خەڵک، کە بە گشتی ترسنۆکن، بە ئەمانە دەوێرن؛ چونکە لیوا و سریە و هێزی تایبەتیان نیە. [جارێکیان بە هاوڕێ ستالینیان گوت، پاپای ڤاتیکان هەڕشە دەکات، ستالین گوتی، پاپا چەند لیوای هەیە!].

کەواتە ئێستا یارییەکە ڕوونە. کۆمەڵێک بوکەڵە دروستکراون هەتا خەڵکیی باری دەروونی سەقەتیان ئەهوەن بکەنەوە تیایدا.

لە ڕاستیدا ئەمە لە دونیادا زۆر بڵاوە. لێرە لە ئایرلەندا، هەموو سیاسیەکی سەرکەوتوو دەزانێت کە دەبێت خۆی وەها نمایش بکات کە هاکەزایی و کەمێک گێلۆکەیە، هەتا خەڵک هەست بە نامورتاحی نەکەن بە دیداری. بۆ نمونە دەڵێن کەسێک سیاسییەکی زۆر چاکە، دەتوانیت لە گەڵیدا بچیت بۆ پەب. ئەمە لە کوردستان لە دیاردەی خاکی بوندا نمایش دەکرێت. بەڵام بە زۆری لە ناوەوە زۆر ڕۆشنبیرن، بەڵام بەو جۆرە نمایش دەکەن، هەتا دڵی خەڵکی ڕابگرن.

 

با بێینە سەر وەهمی ڕۆشنبیر لە کوردستان

لە کۆمەڵگاکانی دونیای سێ یان چواردا، وەها دەبینرێت کە عەوام پێویستیان بە ڕێبەرێکە هەتا ئاڵۆزییەکانی دونیایان بۆ شیبکاتەوە. بۆیە بەردەوام باس لە کەسێک دەکرێت کە پێی دەڵێن ڕۆشنبیر. ئەم بونەوەرە هەمیشە کێشەی هەیە لە گەڵ خەڵک و دەسەڵاتدا.

بەڵام ئایا بەڕاستی کۆمەڵگای کوردی خاوەن ڕۆشنبیرە؟ هەتا ئێستا چەند چەمکی مەعریفی دەربارەی دۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و زۆر بواری تری کوردی دروستکراوە. چەندێک ئەم چەمکانە هەڵقوڵاوی توخمە سەرەکیەکانی هەناوی کۆمەڵگان. بێگومان سفر.

کەواتە ئێمە خەڵکمان نیە توانای ئەوەی هەبێت کە لە دۆخی قەیراناوی ئێمەدا دونیا بینی بەرهەم بهێنێت. لە ئەنجامی شەڕی ناوخۆی ئینگلیزی هۆبز چەمکی سەروەر یان لیڤایاسانی بەرهەم هێنا. کۆماری ڤایمەری ئەڵمانی چەندین تێزی باش و خراپی فیکریی و سیاسی و حوکمڕانی بەرهەمهێنا. کەواتە ئێمە ئازار دەچێژین بەڵام لە ئاستێکدا نین بتوانین درکی پێبکەین و بتوانین دەریچەیەکی بۆ بدۆزینەوە.

گریمان بیرمەندمان هەیە. دیارە لە دونیای کوردیدا هەتا سادەگۆ بیت بازارت باشترە. بەڵام ئایا ئەم بیرانە کە بەرهەم دێن خوێنەریان هەیە؟ نەخێر. دونیای کوردی هەژارترین دونیایە بۆ خوێندنەوە. دواجار لە کوردستان بووم کتێبخانەکان "چۆڵوهۆڵ بوون!"

دیارە جێگای سەرسورمان نییە کە زۆرینەی خەڵک خاوەنی کۆمەڵێک خەسڵەتن:

یەکەم: هەرگیز خۆیان بەرپرسیارنین.

دووەم: هەمیشە کەسێک هەیە ئەگەر ئەو کەسە یان کەسانە نەمێنن دونیا دەبێت بە بەهەشت.

سێیەم: هەرگیز ئەرکی ئەو نییە هیچ بکات.

چوارهەم: نەفرەت یان ڕق جۆرێکە لە باری دەروونی کە جۆرێک لە ئیسراحەت و بەهانە دەدات بە دەستەوە کە پێویستە بۆ خۆ پاراستن لە داڕووخان.

 

کۆمەڵگای کوردی، ئەگەر درکی هەبێت، دەبێت درک بەوە بکات، کە دۆخی لە خوار کۆمەڵگاکانی ترەوەیە. چونکە لە کاتێکدا ئەوەی هەتە خراپە، لە هەمانکاتدا دەبێت هەموو شتێک لە بنەڕەتەوە دروست بکەیتەوە، بە بوونی ئاگایی ئاڵۆز، بە مانای ئەوەی بوونی ئاگایی بەرامبەر ئەو خراپییەی کە هەیە و مەحاڵبوونی ئەوەی کە دەیخوازیت. هەموو ئەمانە لە دەریایەک لە گڕگن و نائومێدی و ساویلکەیی و کاڵفامیدا بەدیهاتوون. کەواتە؛ وەهام لێبکە کە هەست بکەم تێگەشتووم، چونکە لە بنەڕەتدا ناوێرم تێبگەم!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار