ئاشتی هەورامیی گوتی مالكی ئەوە نییە بودجەی هەرێم ببڕێت، كەچی بڕی و ماڵوێران بوین
سەرتیپ جەوهەر
3 هەفتە لەمەوپێش
مامجەلال: ئێوە چەكی ئەتۆمیتان هەیە، یان حەجمی توركیا نازانن وا هەڕەشە دەكەن؟!
سیاسەت و بڕیارە چەوتەكانی كاربەدەستان راستەوخۆ كاریگەری خراپ لەسەر گوزەرانی خەڵك جێدەهێڵێت
كاربەدەستانی هەرێم سودیان لێكەوتەی دوای ریفراندۆم وەرنەگرتووە، ئەگەرنا، نەدەبوو ئەو لێدوانانە بدەن
سەرتیپ جەوهەر
لە كۆتایی 2013 وەزیرەكان و بەشێك لە پەرلەمانتارانی كورد لەبەغدا لە ماڵی د. رۆژی رەحمەتی لەگەڵ وەفدی هەرێمی كوردستان خڕدەبنەوە. چەند وەزیر و كاربەدەستێكی كورد روو لە ئاشتی هەورامیی وەزیری پێشووتری نەوتی هەرێم دەكەن و دەڵێن ئێوە ئاگادارن نوری مالكی بەنیازە بودجەی هەرێم ببڕێت؟ لە وەڵامدا ئاشتی هەورامیی بەغرورێكی زۆرەوە گوتبووی مالكی ئەوە نییە بودجەی هەرێم ببڕێت!!
بەڵام دوای چەند مانگێك نوری مالكی و بەغدا بێمنەت بودجەی هەرێمی كوردستانیان بڕی و ماڵوێران بوین. خەڵكی كوردستان بەهۆی ئەو بڕیارە چەوتانەی كاربەدەستانەوە، رووبەرووی كێشەو گرفتی زۆر گەورە و دۆخێكی ئێجگار خراپ بوونەوە.
چەند رۆژێكە دیسان دەنگوباسێكی نوێ لەمیدیاكانەوە دەبیستین گوایە دەسەڵاتدارانی هەرێم هەڕەشەیان لە بەغدا كردووە كە لە حكومەت و پرۆسەی سیاسی بەغدا دەكشێنەوە ئەگەر بەغدا پابەند نەبێت بەناردنی پارەو موچەی مانگانەی هەرێم.
بەرلەچەند رۆژێكیش رێباز حەملان بریكاری وەزیری دارایی عیراق لە لێدوانێكیدا دەڵێت "سودانیی و بەغدا لە كشانەوەمان لە حكومەتی بەغدا دەترسن" ئەو قسەیەی حەملان وەك ئەوە وایە ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم لەبەغدا بكشێنەوە، ئیدی بەغدا نغرۆ ببێت، بۆیە ئامانیان نەماوە لەترسی ئەو هەڕەشەیەی هەرێم!
گریمان ئەوەی روودەدات بەتەواوی خەتای بەغدایە، گوناهی هەرێمی كوردستانی تێدا نییە، بەڵام جددی پرسیاری هەموومان سەبارەت بەو پرسە ئەوەیە، ئەرێ كاربەدەستانی هەرێم ئەو هەڕەشەیە لە بەغدا دەكەن، تەگبیری دوای كشانەوەیان لە پرۆسەی سیاسی عیراق كردووە؟ چ كارتێكی فشاریان بەدەستەوەیە یان چ پلانێكی بەدیلیان هەیە بۆ دۆخی دوای كشانەوە لەبەغدا؟ لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم ناتوانی موچەی تەنها یەك مانگیش لەكاتی خۆیدا دەستەبەر بكات؟! ئاخر سودانیی و بەغدا لەچی بترسێن؟ كەس ئەم راستیە نەزانێت كاربەدەستانی هەرێم دەیزانن بەر لەچەند ساڵێك بەهۆی پرۆژەی ناوەختی ریفراندۆمەوە كوردستان رووبەرووی چ كارەساتێك بویەوە!
دوای روخانی سەدام بەهۆی لێدوانێكی رۆژنامەوانییەوە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و توركیا زۆر گرژبوون. لێدوانی ئاگرین و هەڕەشەی توند لە هەولێرەوە لە توركیا دەكرا. خەریكبوو كاریگەری خراپ لەسەر بارودۆخی كوردستان دروستبكات. رەحمەتی مام جەلال بانگهێشتی ئەردۆغانی كرد بۆ بەغدا و لەوێ دەرفەتی سەند دیدارێكی لە نێوان كاك نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان رێكخست و ئەو گرژییەی خاوكردەوە.
دوای دیدارەكە مام جەلال بەجۆرێك لەگلەیی بە كاك نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: كاكە نێچیرڤان، دەمەوێ پرسیارێكتان لێبكەم، ئێوە ئەو لێدوانە زۆر توندانە بەرامبەر توركیا دەدەن، چەكی ئەتۆمیتان هەیە بە ئێمەی ناڵێن و نایزانین، وا بەمتمانەوە هەڕەشە لەتوركیا دەكەن، یاخود حەجمی توركیا نازانن؟!
گرفتی گەورەی سیاسەتی چەوت و لێدوانە چاوەڕواننەكراوەكانی كاربەدەستانی هەرێم تەنها لاوازكردنی هەرێم و دەسەڵاتەكەیان نییە، بەڵكو گرفتە گەورەكە لێكەوتە و دەرئەنجامی ئەو سیاسەت و بڕیارە خراپانەی هەرێمە، کە راستەوخۆ كاریگەری زۆر خراپ لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵك جێدەهێڵێت و بوونەتە قوربانیی گەورەی ئەو حوكمڕانیەی هەرێم. ئەوەی زۆر جێگەی رامانە، كاربەدەستانی هەرێم تا ئێستا سودیان لە ئەزموونی دوای ریفراندۆم وەرنەگرتووە، ئەگەر سودیان وەرگرتبا، نەدەبوو ئەو بەیان و لێدوانانە بدەن.
.