دەنگی پێی ترەمپێکی تر
د. سەردار عەزیز
5 ڕۆژ لەمەوپێش
د. سەردار عەزیز
سات لە دوای سات، لە بیستی مانگ نزیک دەبینەوە. لە بیستی مانگ پیاوێک دەگەڕێتەوە بۆ کۆشکی سپی، کە لە ساڵانی رابوردودا، هەمیشە سێبەرەکەی لەوێ بوو. ترەمپ دێتەوە، بەڵام لە هەمانکاتدا نایەتەوە. ئەوەی دێت هەمان ترەمپە و جیاوازیشە. یەکێک لەو تێزانەی کە زاڵە، تێزی پیاوی شێتە، madman theory. بە پێی ئەم تێزە پیاوێک دێت کە ئەو کارانە دەکات کە عەقڵ نایبڕێت، هەورەها ئەو شتانە دەڵێت کە نابێت بوترێت.
بەڵام نەک هەر ترەمپ، بەڵکو ئەمریکا و دونیا جیاوازە. ئەمریکای سەردەمی ترەمپی یەک، پڕ بوو لە حەپەسان و بەرگریی، بەڵام ئەمجارە وەها نابێت. هەموو لە پەشۆکانی دووەم گەڕانەوەی تۆکمەدان. ئەمەمان هەر لە کۆتایی بانگەشەدا بینی کاتێک جێف بۆز دژە بە پشتیوانی واشنتۆن پۆست بوو، بۆ هاریس. ئێستا خاوەنی ئەمەزۆن جل ملیون دۆلاری داوە بە ئەنجامدانی دۆکیومەنتەرییەکی پیاهەڵدان بە دواین ژنی ترەمپدا.
ترەمپ دێت بۆ ئەمریکایەک کە لیبرالیزم تیایدا ماندو و شەکەت و لاوازە. لیبرالیزم لە دوو ئاستدا توشی قەیرانی قووڵ بووە، لە ئاستی ئابوری بە هاتنی نیولیبرالیزم، لە فیکری هایەکەوە هەتا بەرنامەکانی بانکی نێودەوڵەتی. هەروەها لە ئاستی حوکمی یاسادا. حوکمی یاسا لە میانەی جێبەجێکردنیدا بوە هۆکاری ئەوەی کە تاوانباران سودی لێوەربگرن، بە جۆرێک خەڵک وەها بیربکەنەوە کە پەیڕوکردنی یاسا و مافەکان لە سودی تاوانبارانە. لە هەمانکاتدا نیولیبرالیزم کە جەخت لە سەر زۆر قازانجی دەکاتەوە لە زۆر شوێن بوە بە هۆکاری نادادپەروەریی و گەندەڵیی.
ترەمپ حوکمی یاسا پێشێل دەکات، چونکە پشتیوانانی وەهایان دەوێت. ئەمە جەدەلێکی قوڵە. بۆ نمونە لە سەلڤادۆر، سەرۆکی سەلڤادۆر زۆر توندە دژ بە بازرگانانی دەرمان و مافیاکان، بۆیە زۆربەی خەڵک پشتیوانینی و بۆ جاری سێیەم هەڵبژاێردراوەتەوە، گەرچی دەستوریش نیە. خەڵک لە نێوان ئاسایش و حوکمی یاسادا، یەکەمیان پێباشترە. ئەمە لە دۆخی ترەمپیشدا وەهایە، بە ئاستێک کە پشتیوانانی ترەمپ کێشەیان لە گەڵ دیکتاتۆربونی ئەودانیە. لەم ڕوەوە ترەمپ توندی دەنوێنێت دژ بە پەنابەران کە بە سەرچاوەی توندوتیژییان دەزانێت.
کە دێتە سەر نایەکسانی، ترەمپ چارەسەری ئەم پرسە ناکات بەڵام زۆرێک لە دەنگدەرانی وەهای دەزانن لە دیموکرات باشترە، چونکە تەنها بایەخ بە شاریی و خاوەن بڕوانامە نادات.
هەموو ئەمانە لە هەناو دیموکراسیدا بەڕێوەدەچوون. خودی دیموکراسیی لە قەیراندایە بەوەی کە وەها دادەنرێت کە دیموکراسی لە پێناو کۆماردایە، نەک لە پێناو دیموکراسیدا. گەرچی دۆستانی ترەمپ دەیانەوێت پرسی کۆمار زاڵ بکەن و دیموکراسی لاوازبکەن، لە کرۆکی ئەم پرسەدا دیموگرافیا هەبوو. هەرچەندە دوا هەڵبژاردن پرسی حەتمەیەتی دیموگرافیای خستە ژێر پرسیارەوە. حەتمیەتی دیموگرافی بەمانای ئەوەی کە خەڵکی سپی پێست کەم دەبن و کۆمارییەکان کەم دەبن.
کە دێتە سەر پرسی دەرەکی وێنەکان ئاڵۆزترن. ترەمپ شەڕی ناوێت. بەڵام هەڕەشەی زۆر دەکات. لە هەمانکاتدا کەسێکی پشوو درێژ نیە. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چاوەڕوانە هەتا بزانێت لە یەکەم تاقیکردنەوەدا چی بە سەر دێت. هەموان هەوڵدەدەن کە یەکەم بەرازی غینی نەبن.
گەرچی ترەمپ خۆی تاقەتی فەلسەفەی نیە، بەڵام لە دەرەوەی فەلسەفەی سیاسی پەیوەندییەکانی نێودەوڵەتییەوە نیە. ترەمپ بڕوای وەهایە کە سیستەمی لیبرالیزمی جیهانی بارێکی دارایی قورسە لە سەر ئەمریکا، ئەمریکا لە بڕی ئەوەی پارەی تیادا خەرج بکات، دەتوانێت پارەی پێ پەیدان بکات.
لە هەمانکاتدا بڕوای وەها کە ئەمریکا دەبێت بەرژەوەندی خۆی بخاتە سەروی رێتم و بەها و پرۆسە و ڕێکەوتن و هاوپەیمانییەکانەوە. بۆیە ئەمریکا دەبێت وەک وڵاتێکی نەتەوەیی خاوەن هێز و بەرژەوەندی جیهانی لە دونیادا مامەڵە بکات.
بۆیە ڕوانگەی مامەڵە و بازرگانی و سودمەندیی و پەیوەندی شەخسی زۆر زاڵە بە سەر دیدیدا. پشتیوانانی وەهای دەبینن کە دەبێت ئەمریکا هێزی بەکاربهێنێت بۆ سودبینی ئەمریکییەکان لە بڕی سەرفکردنی پارەی ئەمریکا بۆ ئەوانیتر.
بەهای هەرە باڵاو تاکە پێوەر لای ترەمپ پارەیە. ئەوەی ملیاردێر نەبێت لە ئاستی ئەودانیە.
لە پرسی نێودەوڵەتیدا چین بە پلەی یەکەم دێت. ترەمپ تاریفەی زیاتر دەخاتە سەر کاڵا چینییەکان. تاریفە جوانترین وشەی ناو قاموسە لای ترەمپ. ئەم پرسی تاریفەیە بەو شێوەیە نابێت کە ترەمپ چاوەڕوانی دەکات. چونکە ئەگەری زۆر ببێتە مایەی گرانبونی زیاتری کاڵا لە ئەمریکا. پرسێک کە ترەمییەکان زۆر گلەیی لێدەکەن.
دوای پرسی چین، ترەمپ ڕوسیا بەلایەوە گرنگە. بەڵام لە ڕاستیدا، ئیسرائیل رەنگە ڕۆڵی زیاتر ببینێت. پرسی ئیسرائیل ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ئێران و کەنداوەوە. ئەم سێ پرسە لە یەکتر دابڕوانین. ترەمپ لە ئاستی ئابلۆقەدا توند دەبێت. ئایا ئێران دێتە ژێر بار، یان ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر ئێران و ئەمریکا ناچار دەکات بە پشتیوانی.
گەرچی ئێران دەیەوێت ڕێکەوتن بکات، بەڵام بە ئەستەمی دەبینم. چونکە کەس لە ئیدارەی ترەمپ لە گەڵ ڕێکەوتندا نیە.
لەم ڕوەوە زۆر پرسی عێراق هەماهەنگ بە پرسی ئێران مامەڵە دەکرێت.
لە پرسی تورکیا و کورددا ترەمپ دیدێکی زۆر سەقەتی هەیە، کە وەها لە قەڵەمی دەدات کە پرسێکی دوو هەزار ساڵەیە. ئەم هەڵەیە دەکرێت نەزانیی بێت یان ئەنقەست. چونکە لە سەردەمی ئۆبامەوە ئەو دیدە بڵاوبوەوە کە کێشەی هەزارساڵەی تایفی ناو ئیسلام بۆ ئەمریکا چارەسەر ناکرێت بۆیە وەها باشە هەردوولا بەهەزبکەین هەتا بگەنە ئاستی هودنە.
ترەمپ تاقەتی ئەمەی نیە. بەڵکو وەهای دەبینێت کە دەبێت خۆی لێ بە دوور بگرێت. بەڵام ئیدارەکەی وەهای نابینن. بە گشتی تورکیا دۆستی کەمە لە ئیدارەکەیدا. کەسانی وەک تولوسی گابار زۆر دژن، بەڵام گومانم هەیە گابار بتوانێت لە کۆنگریس تێپەڕێت.